لەدایكبوونی منداڵی ناكام لە كوردستاندا هەڵدەكشێت

:: AM:09:34:27/10/2016 ‌
   
پزیشكان و شارەزایانی بواری تەندروستی، دووپات لەوە دەكەنەوە كە رێژەی ناكامی لە كوردستاندا بەراورد بەساڵانی رابردوو هەڵكشاوە، لەكاتێكدا لە پارێزگایەكی وەك هەولێر تەنیا دوو بەشی بچووكی تایبەت منداڵی ناكام هەیە.

سەوسەن ناوی خوازراوی ئافرەتێكی تەمەن 32 ساڵ و دانیشتووی هەولێرە، ئەو پێش 10 ساڵ هاوسەرگیری كردووە، لە دوای چەندان ساڵی هاوسەرگیرییەكەیدا، كچێكی دەبێت و ناوی دەنێن چیا، ئەو تەنیا منداڵی ئەو خێزانەیە، بەڵام كاتێك پزیشكەكان هەواڵی ناكامی كچەكەی و مەترسی گیان لە دەستدانی بە دایكی رادەگەیەنن، ئەو ڕۆژە سەوسەن ناخۆشترین هەواڵی ژیانی دەبیستێت. لە دوای چاوەڕوانییەكی درێژخایەن منداڵەكەیان بە ناكامی لە دایك دەبێت، پزیشكەكان دەڵێن ئومێدی لە ژیان مانەوەی چیا زۆر كەمە.

دایكی چیا بۆ "وشە"ی باس دەكات كە رێژەی ناكامی منداڵەكەی لە نیوە زیاترە، پزیشكەكان هۆكارەكەی بۆ كەمی مادەی ئاسن و خزمایەتی نێوان دایك و باوكەكە دەگێڕنەوە كە ئامۆزای یەكترن و خوێنەكەیان لە یەكتر نزیكە. 

دایكی منداڵە ناكامەكە باس لەوە دەكات، "بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانە و بەشی تایبەت بە منداڵانی ناكام، چەندان نەخۆشخانەمان كردووە و لە هەر شوێنێك نەشتەرگەرییەكی بۆ دەكرێت، ئێستەش لە نەخۆشخانەی راپەڕین، بەهۆی بچووكی بەشەكەوە، هەر دوو منداڵ لەناو شووشەیەك دادەنرێن كە پزیشكەكان خۆیان دەڵێن ئەو حاڵەتە مەترسیدارە و ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی زیاد دەكات".

لە شاری هەولێر تەنیا لە نەخۆشخانەی راپەڕین و لەدایكبوون دوو بەشی تایبەت بە منداڵانی ناكەم هەیە، بەڵام پزیشكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەو دوو بەشە بچووكن و بەو هۆیەوە ناتوانرێت چارەسەری پێویست بۆ تەواوی نەخۆشەكان بكرێت.

زەیتوون محەمەد خورشید بەرپرسی بەشی منداڵە ناكامەكان لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین بە "وشە"ی راگەیاند، "بەشەكەمان بچووكە و ستافمان كەمە، لەكاتێكدا رۆژانە 45-50 نەخۆش سەردانی بەشی منداڵانی ناكام دەكەن و ئەوەش وا دەكات نەتوانرێت بەپێی پێویست چارەسەری نەخۆش بكرێت و بەناچاری زووتر رەوانە دەكرێنەوە".

"داواكاریمان لە حكوومەت، بنكەی تەندروستیی زیاتر دروست بكات، بەتایبەت بەشی ناكامی پێویستی بە شوێنی فراوانتر و دابینكردنی ئامێری زیاترە، ئێمە تەنیا شەش ئامێری دابەزینی زەردووییمان هەیە كە بۆ نەخۆشخانەیەكی وەك ڕاپەڕین زۆر كەمە و كەمتر لەم  ژمارە لە نەخۆشخانەكانی تردا هەیە"، زەیتوون وای گوت.

بەرپرسی بەشی منداڵانی ناكام لە نەخۆشخانەی راپەڕین بە پێویستی دەزانێ وەزارەتی تەندروستی، بەشێكی تایبەت بە چاودێری منداڵانی ناكام و بەشێكی تایبەت بە چاودێریی ژنانی دووگیان بكاتەوە كە ئامۆژگاری ژنانی دووگیان بكات لەوەی چۆن پارێزراو دەبن.

د. ئەزهار حەمزە سەقی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و منداڵە ناكامەكان، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، چەند هۆكارێك لە پشت ناكامی منداڵەوە هەن، لەناویاندا كەموكوڕییەكانی منداڵدان بەهۆی فشاری دەرەكی، نەخۆشییەكانی شەكرە، نەخۆشیی دڵ، فشاری خوێن، منداڵی بلووری، ناتەواوی سییەكان و چەندین هۆكاری تر.

سەقی دەڵێ‌، "ئەو منداڵەی لەكاتی لەدایكبووندا نۆ مانگی لە سكی دایكی تەواو نەكردبێت، لە ژیانی كۆرپەڵەییدا بە ناكام دادەنرێت".

بەگوێرەی داتاكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە 15 ملیۆن منداڵ بە ناكامی لە دایك دەبن، ملیۆنێك منداڵ بەهۆی ناكامی گیان لە دەست دەدەن كە ئەگەر خزمەتگوزاری تەندروستی و دەرمانی باش هەبێت، دەتوانرێت رێگە لە 75%ی ئەو مردنانە بگیرێت.

ژیان روفائیل، بەڕێوەبەری ئامار لە نەخۆشخانەی ڕاپەرین بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هەزار و 983 منداڵی ناكام گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكەیان و لەو رێژەیەدا 73 منداڵ گیانیان لە دەست داوە و هەزار و 910 منداڵ بە ناكامی ژیان بەسەر دەبەن، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو چوار هەزار و 544 منداڵی ناكام گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی راپەڕین و هەر لەو ماوەیەدا 500 منداڵ لەكاتی لەدایكبووندا مردوون، كەواتە ئەو منداڵانەی لە ساڵی 2015ەوە بە ناكامی ژیاون، چوار هەزار و 44 منداڵن.

د. مەروان مەجید عەلی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان بۆ "وشە" چەند هۆكارێكی تر لە دروستبوونی منداڵی ناكام دەخاتە روو، هەژاریی، تەمەنی دایك لە خوار 16 ساڵ و زیاتر لە 35 ساڵ، نەخۆشییە كتوپڕەكان و درێژخایەنەكانی دایك، كار و چالاكییەكانی دایك بەتایبەت ئەو كارانەی راوەستان یان سترێتی زۆریان تێدایە، لەدایكبوونی دووانە و سێیانە و زیاتر، نەخۆشی لە ناوكەپەتك، پێشوەختە تەقینی پەردە و چەندانی تر.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی، 17ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەری هەموو ساڵێكی بە رۆژی جیهانی منداڵی ناكام دیاری كردووە، پزیشكان ئاماژە بە ئەوە دەكەن، ئاڵۆزكارییەكانی پێوەست بە ناكامی هۆكاری سەرەكی مردنی  منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانە لە دنیادا، هاوكات ئەگەر گرنگی پێدانی پێوەست بە منداڵانی ناكام فەراهەم نەبێت، ئەگەر منداڵەكان گیانیش لە دەست نەدەن، لە داهاتوودا تووشی چەندان ئاڵۆزی دەبنەوە، لە گرفتی هزری، بینایی، بیستن و ناتوانن ژیانێكی باش بژین.

هەولێر- سەروین شێخانی 








وشە - تایبه‌ت