عەرەبی عێراق باشترین كڕیاری گەنمی کوردستانن

:: PM:03:28:27/05/2017 ‌

حكوومەتی عێراقی لە ڕێی فێڵێكەوە دەیەوێت بۆ ئەمساڵ گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرنەگرێت، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش ئاشكرای دەكات گەنمەكەی هەرێمی كوردستان عەرەب دەیكڕن و بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق دەگوازنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 27ی ئایار/ مایۆ، عەبدوڕەحمان عەلی پەرلەمانتاری كوردستان لە لیژنەی كشتوكاڵ بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوەی باس دەكرێت لەسەر گواستنەوەی گەنمی هەرێمی كوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕاستە و لە ئێستەدا هاووڵاتییانی عەرەب ئەو گەنمە لە جووتیاران دەكڕنەوە بۆ هەر تۆنێك بە نرخی 350 هەزار دینار.

ئەم پەرلەمانتارە دەڵێت، ئەو گەنمە زۆری جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەرهەمیان هێناوە گەنمی درشتە ئەوەی حكوومەتی عێراقیش ئەمساڵ لە جووتیارانی وەردەگرێت، بەشی زۆری گەنمی وردە.

عەبدوڕەحمان زیاتر گوتی، ڕاستە حكوومەتی عێراق لە سەرەتای وەرزی چاندن داوای كردووە گەنمی درشت بچێنن، ئێستەش بەشی زۆری ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان چاندوویانە گەنمی درشتە، بۆیە پێ دەچێت حكوومەت لەم ڕێگەیەوە نەیەوێت بەشی زۆری گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت.

گەنمی درشت ئەو جۆرە گەنمەیە كە زیاتر بۆ ساوار و بروێش و بەرهەمەكانی تر بەكار دێت، گەمی وردیش ئەو جۆرە گەنمەیە كە زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی ئارد بەكار دێت.

هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار تۆن گەنمی بەرهەم هێناوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو بودجەیەی حكوومەتی عێراقی دایناوە و ڕێژەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كردووە، نزیكەی 800 هەزار تۆن گەنم وەردەگرێت.



وشە - رامیار جەواد