هەر قوتابییەك گزی بكات چەند ساڵێك دەگیرێت

:: PM:06:05:27/05/2017 ‌


وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات بۆ ئەمساڵ لەكاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكاندا هەر قوتابییەك قۆپیە بكات دەدرێتە دادگا و ئەمساڵی خوێندنیشی بە كەوتوو بۆ هەژمار دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 27ی ئایار/ مایۆ، سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، لەكاتی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 ئامادەیی هیوادارین دیاردەی "گزی" قۆپیە تۆمار نەكرێت و هیچ قوتابییەكیش پەنای بۆ نەبات.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، ڕێوشوێنی توند دەگرینەبەر بەرامبەر ئەو قوتابییانەی گزی دەكەن، هەروەها هەر قوتابییەك گزی بكات ئەوا ئەمساڵی خوێندی بە كەوتوو بۆ هەژمار دەكرێت، ئەگەر بێت و ئەم قوتابییە چەند كەسێك یارمەتیان دابێت، واتا هەوڵێكی بە كۆمەڵ بێت ئەوا دەدرێنە دادگا.

سیوەیلی زیاتر گوتی، بەپێی رێنوێنییەكان قوتابی كە گزی كردووە بە چەند ساڵێك زیندانی دەكرێت، هەروەها دەبێت قوتابیان زیاتر بیر و هۆشیان لەسەر خوێندنەكانیان بێت، نەوەكو بە شوێنی شتی بێكەڵك.

بڕیارە لە 15حوزەیران تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 ئامادەیی ئەنجام بدرێت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بەهۆی هاتنی جەژنیش چەند ڕۆژێك تاقیكردنەوەكان دەوەستێت بۆ دوای جەژن.




وشە - رامیار جەواد