هیلالی شیعی چییە و بەكوێدا تێدەپەڕێ

:: PM:06:41:27/05/2017 ‌

ئێران بە هاوكاری حەشدی شەعبی, جموجوڵەكانی بۆ پێوكەوە بەستنی عێراق و سووریا توندوتۆڵ كردووە و لە دەوروبەری شنگال دەستی بە هێرشبردن كردووە. فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرای دەكات، جوڵەكانی حەشد دەری دەخات كە دەیانەوێ رێڕەوێك بكەنەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو خاكی سووریا.

هیلالی شیعی هەرچەند دەستەواژەیەكە كۆماری ئیسلامی ئێران خۆی داینەهێناوە، بەڵكو بە گوزارشتێكی تر ساڵی 2004 دوای رووخانی رژێمی بەعس و باڵادەستی شیعە لە عێراق, لەلایەن ئێرانەوە وەك قوڵایی ستراتیژی دەستنیشان كرا و هێزی قودسی سوپای پاسداران هاتنە راسپاردن بۆ ئەوەی لە تارانەوە رێگەیەكی وشكانی بكەنەوە بە عێراقدا تێبپەڕێت و بە سووریادا بچێتەوە لبنان.

لە سەرەتای ئازادكردنی عێراق و بەهۆی مانەوەی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان لەناو خاكی عێراق، سوپای قودس نەیتوانی هیچ جموجۆڵێكی ئەوتۆ بۆ كرداریكردنەوەی ئەو ستراتیژییەتە بخاتە گەڕ، بەهۆی بەرپەرچدانەوەی هەر جووڵەیەكیان لەلایەن ئەمەریكاوە كە جێی گومان بوایە، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 بە فەرمانی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سوپای وڵاتەكەی لە عێراق كشایەوە، جموجووڵەكانی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە عێراق، كارایانە دەستی پێ كرد.

لەگەڵ دەركەوتنی داعش لە عێراق حوەزیرانی 2014، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی شیعەوە لە بەغدا شەرعییەتی ئەوەی وەرگرت وەك هێزێكی فریادڕەس لەناو عێراقدا شەڕ بكات، ئەو ئامادەییە سەربازییەی ئێران لە خاكی عێراقدا بە هاوكاری هێزە ناڕێكخراوە شیعەكان لە خورماتووەوە بە نیازی لكاندنەوەی هێزەكانی ناو سووریای كە پێك هاتوون لە سوپای نیشتمانی و سوپای پاسداران و هێزی قودسی سوپای پاسداران بە هاوكاری حزبوڵای لبنان و سەربازانی ئەسەد بەرەو سنووری سووریا پێشڕەوییەكانیان دەست پێ كرد.

لە ئایاری 2015 محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، رای گەیاند، 200 هەزار چەكدار لە عێراق و سووریاوە پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێران و سیاسەتەكانی دەكەن و خەریكە دروستبوونی هیلالی شیعی بەرەو كۆتای دەچێت.

زۆربەی جاودێرانی سیاسی و رۆژهەڵاتناسان لەسەر ئەو بڕوایەن، مەبەستی ئێران لە درووستكردنی پێكەوە لكاندنی ئەو ناوچانە، كۆكردنەوەی شیعەیە لەناو جیۆگرافیایەكی هاوبەش بەبێ دابڕان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەوەی ئیمپراتۆریەتێكی شیعی لەڕێگەیەوە دابمەزرێنێت، لەبەرئەوەی یەك لە ستراتیژییەتەكانی كۆماری ئیسلامیی لە سەرەتای درووستبوونییەوە، لەسەر داوای خومەینی، هەناردەكردنی شۆڕشی كۆماری ئیسلامییە بۆ وڵاتانی تری جیهان.

* ئەو ناوچانەی بەر هیلالی شیعی دەكەون

هیلالی شیعی لە باشووری ئێرانەوە بە سنووری ئەهوازدا بە بەسرە و كەربەلا و نەجەف و پارێزگەی بەغدا و رۆژئاوای مووسڵدا تێدەپەڕێت و لە سووریا بە باشووری پارێزگای دێرەزووردا دەڕوات و بە باكوری دیمەشقدا دەچێتەوە ناو لبنان. 
كۆمەڵێك لەو ناوچانەی ئەو هیلالە پێیدا تێپەڕ دەبێت، سوننەی حەنەفی و شافعی و عەلەوییەكانن و هەندێك مەسیحی و ئێزدیش تیایدا نیشتەجێن، بۆ نموونە رومادی و سامەڕا لە عێراق و دێرەزوور لە سووریا كە دانیشتوانیان سوننین.

لەدوای هاتنە سەركاری دۆناڵد ترەمپ، پاڵێوراوی كۆماریخوازانی ئەمەریكا، ئاماژەكان پێشانی دەدەن واشنتۆن هەوڵەكانی بۆ رێگری لە جموجووڵەكانی ئێران لە عێراق و سووریا چڕ كردووەتەوە. یەكەم هەنگاوی ئەمەریكا بۆ پەكخستنی ئەو پڕۆژە ئێرانییە هێنانە بەرباسی سزا نوێیەكانی سەر ئێرانە كە گرنگترینیان وەك چاوەڕوان دەكرێ خستنە ناو "لیستی رەش"ی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرجەم لقەكانیەوە، دەگرێتەوە. ئەوەیش وای كردووە تا سەقامگیركردنی ئەو بڕیارانە ئێران جموجووڵەكانی خێراتر بكات و لایەنی كەم بتوانێت ئەو بۆشاییەی لە مووسڵ بۆ گەیاندنی هیلالەكەی بە سووریا درووست بووە، بیانشكێنێت.

لەو خێراییەی ئێراندا، لە جووڵەیەكی گوماناوی و ناڕێكخراودا، ماوەی دوو هەفتەیە لە سنووری شنگال و رۆژئاوای مووسڵ حەشدی شەعبی لە دەرەوەی هەموو رێككەوتنەكانی گرتنەوەی مووسڵ، دەستی داوەتە كردەوەگەلی "ئۆپەراسیۆن"ێكی بەرفراوان و تا ئستە چەند ناوچەیەكی دەوروبەری شنگالی كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەو میلیشیا شیعییە، دەیانەوێ لە رێگەی شنگالەوە رێڕەوێك بكەنەوە بۆ گەیشتن بە سووریا.

كورد لەو سنووری شنگال و ئەو ناوچانەی ئازادی كردووەتەوە سەنگەری لێداوە و بەهۆی هەستیاربوونی دۆخەكە، بە وریاییەوە مامەڵە دەكات. فەرماندەیەكی باڵای هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە، لەبەرئەوەی جموجووڵەكان لە شنگان پێوەستن بە پرسێكی نێودەوڵەتییەوە، ئێمە وەك هێزی سەربازی بە فەرمی لێدوانی لەبارەوە نادەین

ئەو فەرماندەیە، بەو مەرجەی ناوی پارێزراوبێت، كۆمەڵێك زانیاری دەخاتە ڕوو بەوەی "حەشدی شەعبی ماوەی دوو هەفتەیە جووڵەكانی لە دەوروبەری شنگال خێراتر كردووە و لەو ماوەیەدا گوندەكانی بلیج و تل بەنات و تل قەسەب و چەند كۆمەڵگەیەكی تری گرتووەتەوە".

"ئامانجەكە ئاشكرایە و ئەگەر شارەزایەكی جیۆگرافیای ئەو ناوچەیە جموجووڵەكان هەڵبسەنگێنێت، لە نیازیی حەشدی شەعبی تێدەگات كە بە نیازی ئەوەن رێڕەوێك بۆ چوونە ناو خاكی سووریا درووست بكەن" فەرماندەكە وای گوت.

سەركردایەتی سیاسیی كورد لە باشووری كوردستان تا ئێستە هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەو بارەیەوە نەبووە و پێدەچێت ئەو هەستیارییە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پرسەكە پێوەستە بە سیاسەتیی نێودەوڵەتی و شیمانەی ئەوە دەكرێت كورد چاوەڕوانی هەڵوێستی هاوپەیمانان بێت كە بە درێژایی شەڕی داعش لەو ناوچەیە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بوون بەتایبەت لەكاتی گرتنەوەی شنگال هێزە هاوپەیمانەكانی دژی داعش بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، پاڵپشتی ئاسمانی هێزی پێشمەرگەیان كرد.

بەڵام ئەو سەرچاوە باڵایەی هێزی پێشمەرگە لەبارەی ئەو رێنوێنییانە بۆ ئەو پێشهاتە نوێیە حەشد بە پێشمەرگە دراوە ئاماژە بەوە دەدات "سەنگەرەكانی پێشمەرگە پتەوتر كراون و هەموو هێزەكانمان لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێك، بەڵام بابەتەكە پێوەستە بە پرسێكی سیاسیی گەورەوە، ئێمە چاوەڕوانی فەرمان دەكەین لەلایەن سەركردایەتی سیاسییەوە بۆ ئەوەی بەپێی فەرمانەكە هەڵسوكەوت لەگەڵ دۆخەكەدا بكەین".

دووپاتی دەكاتەوە، ئێمە لەگەڵ حەشدی شەعبی لە پێوەندیداین و هەڵوێستی خۆمان بۆ روونكردوونەتەوە كە رێگەیان نادەین دەستدرێژ بكەن بۆ سەر خاكی كوردستان بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە بپەڕنەوە سنوورەكانی سووریا.

چەند چەكدارێكی ئێزدی كە ژمارەیان ناگاتە 100 كەس ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ حەشدی شەعبیدان و ئێستە هێزێكیان بۆ درووست كراوە، ئەوانیش لەو كردەوەگەلەی حەشدی شەعبی بەشدارن و سەرجەمی جووڵەكانیان لە دەرەوەی ئەو سنوورەیە كە پێشمەرگە لە شنگال سەنگەری تێدا لێداوە، بەڵام ئەوان لە سنوورەكانی خوارووەوە نیازی پێشڕەویان هەیە و تەنانەت لەو دواییەدا گوندی "قابوسیان" كۆنتڕۆڵ كردەوە. هەڵوێستی سەركردایەتی كورد تا ئێستە ئەوەیە پێشمەرگە سەنگەرەكانیان پتەو بكەن و رێگە نەدەن هیچ هێزێك ئەو سنوورانە ببەزێنێت كە پێشمەرگەی كوردستان كۆنتڕۆڵی كردووەتەوە.

* زیانەكانی كورد لە درووستبوونی هیلالی شیعی

ئەو پلانەی بۆ دروستبوونی هیلالی شیعی داندراوە بە چەند "ناوچەیەكی ناشیعی"دا تێدەپەڕێت كە خاكی كورد و سوننەن، لە عێراق بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و پارێزگا سوننەكانی ئەنبار مووسڵ لەخۆ دەگرێت، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران توانیوویەتی بە پاڵپشتی حكوومەتی ناوەندی بەغدا، بەسەر ناوچەكانی سوننەنشیندا زاڵ ببێت و لە خورماتوو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی باڵادەستی كورد لەو ناوچەیە، هێڵەكەی درووست بكات و لەڕێگەی میلیشیا شیعەكانەوە بیپارێزێت. هەرچەند زۆر هەوڵی ئەوە درا لە رێگەی ترساندن و كوشتنەوە كورد لە خورماتوو دەربكرێت و دیموگرافیای ئەو شارۆكەیە بێتە گۆڕین، بەڵام دانیشتوانی شارۆكەكە رێگەیان بەوە نەدا و ئەو خەونەیان پووچ كردەوە.

یەك لە مەرجە سەرەكییەكانی مسۆگەربوونی ئەو هیلالە شیعییە لە عێراق، پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەی و دەسەڵاتی رەهای شیعە لە بەغدا، لەبەرئەوەی دابەشكردنی عێراق بۆ هەرێمەكان، یان وڵاتەكانی شیعە، سوننە و كورد، كەلێن لەو نەخشەیەدا درووست دەكات كە تاران بە دیمەشق و بەیروتەوە دەلكێنێت و چیتر میلیشیاكانی ئێران ناتوانن شەرعییەت و پشتیوانی لە حكوومەتێكی ناوەندی شیعە وەربگرن بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكەیان لەو ناوچانەی خاكی سونە و كوردستانە.

سووریایش بەهەمان شێوەی عێراق، میلیشیاكانی سوپای قودس و حزبوڵای لبنان پشتیوانی و شەرعیەتی خۆیان بۆ ئامادەبوون لەناو خاكی ئەو وڵاتە لە دیمەشق وەرگرتووە، بۆیە مانەوە و بەهێزكردنی ئەسەد لەپێناو جێبەجێكردنی ئەو پلانە دوورمەودایە بووە بە بەشێك لە ستراتیژی كۆماری ئیسلامی ئێران، یەكەم مەترسی و بەهێزبوون و مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات بۆ سەر دەسەڵاتی كوردە لە رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق یەكەم هەنگاوی كاركردن دەبێت لەپێناو گەڕانەوەی دۆخی رۆژئاوا بۆ پێش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا 2011، رەنگە نەتوانێت لەو كارەدا سەركەوتن بەدەست بێنێت، بەڵام كۆمەڵێك ئاستەنگ لە چەندان رەهەندی جیا جیا بۆ رۆژئاوای كوردستان درووست دەكات كە رەنگە قەرەبووكردنەوەیان كاتێكی زۆر بخایەنێت.

لە كۆی ئەو خوێندنەوانەی بۆ ئەگەری مسۆگەربوونی هیلالی شیعی كراون، سەرجەمیان ئەو راستییە دەردەخەن كە كورد زەرەرمەندی یەكەم دەبێت لەو پلانەدا و بەرەوپێشچوونی هەر هەنگاوێكی كۆماری ئیسلامی لەو پرۆسەیەدا، بارتەقای دووركەوتنەوەی كوردە لە "كیانی سەربەخۆ" لەناو وڵتانی عێراق و سووریایە.

* دەستەواژەی هیلالی شیعی لە كوێ سەری هەڵدا
یەكەمجار ساڵی 2004 مەلیك عەبدوڵا شای ئوردن، دەستەواژەی هیلالی شیعی "Shia Crescent  یا  Shiite Crescent"ی بۆ بە دەسەڵاتگەیشتنی حكوومەتی شیعەی وەفادار بە كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، بەكار هێنا. 

شا عەبدوڵا هۆشداری دا، ئەگەر ئەو پلانە سەربگرێت و حكوومەتەكانی ئێران، سووریا، عێراق و حزبوڵای لبنان بەیەكەوە بلكێن، هیلالێكی شیعی درووست دەبێت. وەك ئەو رای گەیاند "ئامانجی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق بۆ دروستكردنی ئەو هیلالەیە". دوای ئەو لێدوانانە، شا سەلمان عەبدولعەزیز پاشای سعوودیە، ئاماژەی بە پرۆسەی "بە شیعەكردنی عەرەبی سوننە" لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران دا و ساڵی 2006 حوسنی موبارەك، سەرۆكی ئەوكاتی میسر لە كۆنفرانسێكی میدیاییدا رای گەیاند، شیعەكانی ناو جیهانی عەرەبی وەفادارییان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە تا وڵات و خاكی خۆیان. بۆیە موبارەكیش هۆشداری لە ئەگەری درووستبوونی "هیلالی شیعی" دا.

بەڵام لە سەرەتای هاتنەسەركاری دۆناڵد ترەمپ، ئەگەرەكان لەبارەی دیدی نوێی ئەمەریكا بۆ ئێران بە دڵی تاران نییە، پێچەوانەكەیشی دروستە كاتێك پێوەندییەكانی ئەمەریكا و سعوودیە قۆناغێكی نوێی بەخۆوە بینی و هاوكات بنیامین نەتەنیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل، چەند جارێك لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ شا سەلمان عەبدولعەزیزی دەسەڵاتداری سعوودیە گفتوگۆی كردووە، دواتر لە سەرەتای مانگی نیسان/ئەپریل میدیاكانی ئیسڕائیل و ئەمەریكا باسیان لە درووستبوونی "ناتۆی عەرەبی" كرد.

رۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردبوو، ئەمەریكا و ئیسڕائیل هاوكاری وڵاتانی عەرەبی دەكەن بۆ ئەوەی بە سەرۆكایەتیی سعوودیە هێزێكی هاوشێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی زێدەڕۆییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران درووست بكەن. بەگوێرەی رۆژنامەكە، ئەمەریكا و ئیسڕائیل رەنگە راستەوخۆ هێزیان لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدا نەبێت، بەڵام لەڕووی هەواڵگرییەوە پاڵپشتییان دەكەن، مانگێك دوای ئەو هەواڵە دۆناڵد ترەمپ سەردانی ریازی كرد و لەگەڵ سعوودیە گرێبەستی فرۆشتنی چەك بە سعوودیە بە بەهای زیاتر لە 125 ملیار دۆلار واژوو كرد.

رۆژی 21ی ئایار، ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا واژووكردنی ئەو گرێبەستەی وەك پەیامێك وەسف كرد بۆ تاران و رای گەیاند، ئەو گرێبەستە پەیامێكی ئاشكرایە بۆ دوژمنی هاوبەشی ئەمەریكا و سعوودیە، فرۆشتنی چەك بە سعوودیە واتای پاراستنی تەناهیی ناوچەكە لە بەرامبەر پەلامار و دەستوەردانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.



وشە - هیدایه‌ت جان