شوفێران پێویستە ئاگەداری تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان بن

:: PM:07:16:27/05/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هۆشداری بە شوفێران دەدات لەبارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان، بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی نوێیان بەستوورە، لە ئەگەری شكانی دەبێت بچنە بەردەم دادگا.

ئەمڕۆ شەموو 27ی ئایار/ مایۆ، ڕائید فازڵ حاجی حوسێن گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێك تابلۆی شكا بێت، پێویستە بەخێرای سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بكات بەمەبەستی چاككردنی تابلۆكەی، ئەمەش بە دوو ڕێگە دەكرێت.

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، شكانی تابلۆ ئەگەر بە ڕووداوی هاتوچۆ بێت، دەبێت لەكاتی داواكردنی تابلۆنوێكردنەوە یان تابلۆی تر، نووسراوی پۆلیسی هەبێت كە هیچ كێشەیەكی نەماوە و بڕێك پارەی سزاش دەدات كە 20 هەزار دینارە.

زیاتر گوتی، هەندێك تابلۆش هەیە ڕەنگە خاوەنەكەی بەهۆی هەوڵدان بۆ دەستكاریكردنی لەدەستیان شكابێت، بۆیە پێویستە بچێتە بەردەم دادگا ئینجا تابلۆكەیان بۆ نوێ دەكرێتەوە، چونكە ئەم تابلۆیانە وا دروست نەكراوە كە بە ئاسانی بشكێت.

لەسەرەتای ساڵی 2015 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان بڕیاری گۆڕینی تابلۆی هەرسێ‌ پارێزگای هەرێمی كوردستانی دا، لە ئێستەدا بەشی زۆری تابلۆكان گۆڕدراون، بەشێك لە هاووڵاتییانیش نیگەرانن لەم جۆرە تابلۆییە لە هەر بەریەكەوتنێك تووشی شكان دەبێت كە لە دروستكراوی كۆمپانیایەكی وڵاتی ئەڵمانیایە.



وشە - رامیار جەواد