كۆمپانیایەكی جیهانی گەشتیاران بە كوردستان ده‌ناسێنێت

:: PM:07:51:27/05/2017 ‌
كۆمپانیایەكی گەشتیاریی جیهانی گرووپی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان ڕێك دەخات و باسی كوردستانی كردووە كە وڵاتێكی ئارامە و لە وڵاتانی دەورووبەری جیاواز تره‌، هەروەها وەسفی سروشتی سەرنجڕاكێشی هه‌رێمى كوردستان دەكات.

"لۆپین تراڤل" كۆمپانیایەكی گەشتیاریی جیهانییە و ئۆفیسی سەرەكی لە بەریتانیایە، لەنێو ئەو 35 وڵاتە سەرنجڕاكێشەی جیهان كە گرووپی گەشتیاری بۆ ڕێك دەخات، هەرێمی كوردستانیشی تێدایە.

لە ماڵپەڕی فه‌رمى كۆمپانیاكەدا هاتووە كە گرووپی گەشتیاری ئه‌م جاره‌یان بەرەو هه‌رێمى كوردستانه‌ لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا و گه‌شته‌كه‌یان  ماوەی هەفتەیەك دەخایەنێ.

كۆمپانیایەكه‌ لە وردەكاری گه‌شته‌كه‌ باسی شوێنەوارە مێژووییەكانی هەولێر و سەرنجڕاكێشی شارەكە و قەڵا و مناره‌ى كردووه‌، لەبارەی سلێمانیشەوە باسی لە ئەمنە سوورەكە كردووە كە چۆن بە شێوەیەكی مۆدێرن دیزاین كراوەتەوە و باسی ڕەفتارە دڕندەییەكانی حزبی بەعسی پێشووى عێراقى گێڕاوه‌تەوە كه‌ بەرانبەر كوردیان كردووه‌.

لە بارەی گه‌شت بۆ  سروشتی كوردستانیش، باس لە گەشتێكی یەك ڕۆژی بۆ ناوچەی ڕه‌واندز و سۆران كراوه‌ ، بە تایبەت ئاماژەی بە ڕێگەی ناوداری (هامڵتۆن) كراوه‌ و باس لە مێژووی ڕێگەكە و ئەندازەی سەرنجڕاكێشی بەرزی و نزمی و لۆفەكانی دەكات.

كۆمپانیای "لۆپین تراڤێڵ" كۆمپانیایه‌كى گه‌شتیارى جیهانى یه‌ و له‌ ساڵی 2008 دامەزراوه‌، ئه‌م كۆمپانیایه‌ كە تایبەت گەشت بۆ ناوچە  سه‌رنجڕاكێش و نامۆ جیهانیه‌كان ڕێك دەخات.




سه‌رچاوه‌/lupinetravel





وشە - محەمەد میران