زیاتر لە 95%ی رێكخراوەكانی كوردستان لە كەمپی ئاوارەكاندان

:: AM:09:36:27/10/2016 ‌

چالاكانی مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا دووپات لەوە دەكەنەوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو و لەگەڵ هاتنی لێشاوی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان، بەرێژەی 95%ی رێكخراوەكان پڕۆژەكانیان لە بوارەكانی پێوەست بە ئاوارەكان بەگەڕ خستووە و لە بەرامبەردا كاركردنی رێكخراوەكان لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی كۆمەڵگەی كوردستانی لە نەبوون نزیك بووەتەوە.

كاتێك لە حوزەیرانی 2014دا، چەكدارانی داعش پارێزگاكانی مووسڵ، سەڵاحەدین و بەشێك لە ناوچەكانی سەر بە پارێزگای كەركووك، دواتر چەند ناوچەیەكی هەولێریان داگیر كرد، لێشاوێكی گەورەی ئاوارەكان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەوەش وای كرد هەموو سەرنجەكان لە ئاستی حكوومەت، رێكخراوەكانی مەدەنی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی ئاوارەكاندا چڕ بكرێتەوە.

بەگوتەی شاكر یاسین بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی ئاوارە ناوخۆیییەكانی كوردستان خۆی لە نزیكەی یەك ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە دەدات كە زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێ بوون.

یاسین روونی دەكاتەوە، بەرێژەی 85%ی ئاوارەكانی دهۆك لە دەرەوەی كەمپەكاندا دەژین و تەنیا 15%ی ئاوارەكان لە كەمپەكاندا نیشتەجێن، لەكاتێكدا 97%ی ئاوارەكانی هەولێر و سلێمانی لە ناو كەمپەكاندا دەژین كە بەكۆی گشتی لە سەرتاسەری كوردستاندا 40 كەمپی ستاندارد و ناستاندارد بۆ ئاوارەكان كراونەتەوە.

لێشاوی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان لەكاتێدا بوو كە بەهۆی ناكۆكییەكانی سیاسییەوە، بەغدا لەو ساڵەدا بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئەوەش وای كرد قورسایییەكی زیاتر لەسەر شانی هاووڵاتییان و حكوومەت بكەوێت، سەرباری ئەوەی چیتر پاڵپشتی دارایی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە ناوخۆی كوردستاندا نەما، ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانەش كە پاڵپشتی دارایی لە رێكخراوە لۆكاڵییەكان دەكەن، سەرنجیان تەنیا لەسەر دۆسیەی ئاوارەكان چڕ كردەوە.

ئەكرەم جەمۆ سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لەوەتەی دروستبوونی تەنگژەی دارایییەوە، حكوومەت هیچ بڕەپارەیەكی بۆ پاڵپشتی دارایی رێكخراوەكان دابین نەكردووە، لەكاتێكدا ساڵی پێش تەنگژەی دارایی، لەلایەن حكوومەتەوە بڕی 15 ملیار دینار بۆ پاڵپشتی دارایی رێكخراوە مەدەنییەكان تەرخان كرا.

لە هەرێمی كوردستاندا سەرووی دوو هەزار و 800 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی تۆمار كراون، بەڵام رێكخراوەكان هیچ پابەندبوونێكی دارایی لەسەر حكوومەت دروست ناكەن، جگەلەوەی ئەگەر حكوومەت لە رێگەی فەرمانگەی رێكخراوەكان پارەیەك دابین بكات و بەپێی پڕۆژە بە رێكخراوەكان بدرێت، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو پارەیە نادرێت.

بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی دارایی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، وەك سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان دەڵێ‌، "رێكخراوە مەدەنییەكان تەنیا پشت بە پاڵپشتی دارایی ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتییانە دەبەستن كە دەیانەوێ پڕۆژەكانیان لە كوردستاندا جێبەجێ‌ بكەن، بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوە مەدەنییەكان چالاكییەكیان نییە".

ئاژانسەكانی نێودەوڵەتی ئەو چوارچێوەیە دەستنیشان دەكەن كە دەیانەوێت پاڵپشتی دارایی لەسەر پێشكەش بكەن، رێكخراوە لۆكاڵییەكان لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەكانیان بۆ ئاژانسەكانی نێودەوڵەتی بەرز دەكەنەوە و هەر كاتێك ئاژانسەكە رەزامەندی لەسەر نیشان دا، دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت.

پێشكەوت ئەدهەم بەڕێوەبەری رێكخراوی مەسەلە بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆیییەكان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "لەوەتەی هاتنی ئاوارەكانەوە، هەموو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان تەنیا سەرنجیان لەسەر دۆسیەی ئاوارەكانە و دەیانەوێت پاڵپشتی دارایی ئەو پڕۆژانە بكەن كە پێوەندییان بە ئاوارەكانەوە هەیە، بە پێچەوانەوە كاركردنی رێكخراوە مەدەنییەكان لەسەر پرسەكانی پێوەست بە ناوخۆی كۆمەڵگەی كوردستان بەتەواوی كز و لاواز بووە".

ئەو چالاكە مەدەنییە پێی وایە، 95%ی هەموو پڕۆژەی رێكخراوە مەدەنییەكان لە ئێستەی كوردستاندا پێوەندییان بە ئاوارەكانەوە هەیە و ئەوی تر كاركردنە لەسەر پرسە ناوخۆیییەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی، ئەوەش بەگوتەی چالاكانی مەدەنی، كاریگەری نەرێنی لەسەر هەلومەرجی كۆمەڵایەتی و سیاسیی كوردستان دروست كردووە.

محەمەد شوكر توێژەری كۆمەڵایەتی و چالاكی مەدەنی بە "وشە" دەڵێ‌، "لە دوو ساڵی رابردوودا رێكخراوەكانی مەدەنی كەمترین چالاكی و پڕۆژەی پێوەندیدار بە بارودۆخی ناوخۆیی كۆمەڵگەی كوردستان هەبووە، لەو ماوەیەدا كۆمەڵگەی كوردستان بەكۆی پرسەكانییەوە لە دەرەوەی رۆڵ و كاریگەری رێكخراوەكانی مەدەنی بووە".

نائامادەیی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە كاركردن لە دۆسیە ناوخۆیییەكانی كوردستان و چڕكردنەوەی كار و چالاكییەكانیان لە دۆسیەی ئاوارەكاندا، لەكاتێكدا دێت كە لە دوو ساڵی رابردوودا، كۆمەڵگەی كوردستان لەژێر كاریگەری تەنگژەكانی ئابووری و سیاسی، كەوتووەتە ناو هەلومەرجێكی نەخوازراو لە ئاستی كۆمەڵایەتی و دەروونیشدا، ئەوە سەرباری هەموو ئەو لێكەوتانەی بەهۆی شەڕی داعش و قوربانییەكانەوە لەسەر كۆی كۆمەڵگە دەكەوێت.


وشە - تایبه‌ت