دوا زانیاریی لە بارەی قەڵەوترین ئافرەتی دنیا

:: PM:09:05:27/05/2017 ‌

دوای ئەوەی نەشتەرگەرییەكی لە هیندستان ئەنجام دا و بەشێكی زۆری كێشی لە دەست دا، ئێستە ئیمان عاتی، قەڵەوترین ئافرەتی دنیا بە مەبەستی چارەسەری، لە ئیماراتە.

ئیمان عاتی، كچە میسڕی، كە قەڵەوترین ئافرەتی دنیابوو، لە هیندستان لەلایەن لیژنەیەكی پزیشكیی پسپۆڕەوە نەشتەرگەریی بچووككردنەوەی گەدەی بۆ كرا و بە گوتەی پزیشكان لە ماوەیەكی كەمدا نزیكەی نیوەی كێشی لە دەست دا، بەو پێیەیش كێشی لە 500 كیلۆ گرامەوە بووە 250 كیلۆ گران.

سایتی 24، لە نەخۆشخانەی بەرجیل لە ئەبووزەبی ئیمارات، سەردانی ئیمانی كردووە، كە ئێستە خەریكی وەرگرتنی چارەسەرییە، كە لەلایەن تیمێكی پزیشكییەوە بۆی دانراوە.

ئیمان جگە لە قەڵەوییەكەی، نەخۆشیی دیكەیشی هەن، ئێستە لەو نەخۆشخانەیە لەژێر چاودێریی ورددایە.

ئیمان بۆ سایتی 24 ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئارەزووی لەوەیە لەم مانگی رەمەزانەدا بەڕۆژوو بێت، كە ساڵانی رابردوویش هەر وەهای كردووە، بەڵام پزیشكان ئاماژەیان بەوە كردووە هێشتا خۆراك و ماددەی دیكەی پێویستی لە ڕێی بلوورەوە پێ دەدرێت، پڕۆگرامێكیان داناوە تا لە داهاتوویەكی نزیكدا بتوانێت لە رێی دەمییەوە خواردن بخوات.

تیمە پزیشكییەكە ئاماژەیان بەوە كردووە، كە ئیمان لە رووی دەروونییەوە باش پێش كەوتووە، ئەوەیش بە هۆی چەند دانیشتنێكی چڕ و وردەوە، هەروەها ئێستە جووڵە و بزاوتیشی باش بووە، ئەوەیش بە هۆی ئەو تیمە پزیشكییەی ئیماراتەوە.

سەرچاوە/ عەجیب نێت.





وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د