نازدار هه‌ینى سكاڵاى یاسایى تۆمار ده‌كات

چەند ڕۆژێکە دەنگۆی وازھێنانی نازدار ھەینی ئەکتەری پڕۆگرامی شانۆیی "بەزمی بەزم"، لە نێو چەند ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو كرایه‌وه،‌ ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ لاوه‌ زانیاری زیاتر له‌باره‌ی دۆسییه‌ و كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی كورد ماكس ئاشكرا ده‌كات.

له‌ لێدوانێكى تایبه‌تیدا نازدار هه‌ینى هونه‌رمه‌ندى شارى هه‌ولێر به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، كه‌ناڵى كورد ماكس گرێبه‌ستى شه‌ش مانگى له‌گه‌ڵ من ئیمزا كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ڕۆڵ له‌ پڕۆگرامی شانۆیى "به‌زمى به‌زم" ببینم، به‌ڵام دواى سێ مانگ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ره‌كه‌وه‌ هه‌واڵم پێ درا كه‌ گوایه‌ له‌ ئه‌داى من ڕازى نیین و كورد ماكس تووشى كێشه‌ى دارایى بووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ هۆكارى ڕاسته‌قینه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تاكه‌ هونه‌رمه‌ندى ئافره‌تى هه‌ولێریم له‌ ناو ئه‌و پڕۆگرامه‌دا، بۆیه‌ دووریان خستمه‌وه‌ و ئه‌وان شارچیه‌تى ده‌كه‌ن و بێگانه‌ په‌رستن.

زیاتر گوتی، بارزان سنجاوى ده‌رهێنه‌ری پڕۆگرامه‌كه‌ به ‌منى گوت، دوو ھۆکار هه‌ن بۆ ئەوەی کۆتایی بە کارکردنت له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بهێنرێ و ئێمەش ھەندێک تێبینیمان لەسەر توانای ڕۆڵگێڕانی تۆ هه‌یه‌، ھەروەھا کەناڵی کورد ماکس وەک ھەموو کۆمپانیاکانی تر کێشەی دارایی بۆ دروست بووه ، بۆیە ئەو بڕیارەمان داوە، به‌ڵام ڕاست ناكه‌ن چۆن كه‌ناڵێك له‌به‌ر ته‌نیا 800 دۆلار تووشى كێشه‌ى دارایى ده‌بێت. 

نازدار هه‌ینى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كورد ماكس له‌ ڕووى یاسایىه‌وه‌ پاره‌ى گرێبه‌ستى سێ مانگى منى لا ماوه‌ و ده‌بێت مافى خۆم پێ بداته‌وه‌ و من پارێزه‌رم گرتووه‌ و به‌م زووانه‌ سكاڵاى یاسایى له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كه‌ تۆمار ده‌كه‌م و زیاتر گوتى، له‌ زۆربه‌ى په‌یج و ماڵپه‌ڕه‌كان گوتوومه‌ كه‌ نه‌ ئه‌كته‌رم و نه‌ هونه‌رمه‌ندم، ته‌نیا كچێكم و ڕۆڵ ده‌بینم و حه‌زده‌كه‌م بێمه‌ ناو دونیاى هونه‌ره‌وه‌ و له‌ قۆناغى سه‌ره‌تایدام.


وشە - محەمەد میران


PM:10:11:27/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 74157 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌