ماسكیڕانۆ لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەیەكجار تووشی سێ پێكان ببوو

:: AM:09:36:28/05/2017 ‌

شەوی رابردوو خافیێر ماسكیڕانۆی بەرگریكاری ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس تووشی خوێنبەربوونی سەری هات و لەسەرەتای یارییەكەدا بەناچاری یاریگەی جێهێشت.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی ڤیسنتی كالدیرۆن لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی ئەلاڤێسی بردەوە و 29مین ناسناو و 3مین ناسناوی لەسەریەكی جامەكەی بەرز كردەوە.

لەو یارییەدا ماسكیڕانۆ لە خولەكی 11ی گێمی یەكەمدا سەری بەر یاریزانێكی یانەی ئەلاڤێس كەوت و خۆێنێكی زۆری لێهات و بەمەش بەناچاری یاریگەی بۆ ئەندرێ گۆمێزی یاریزانی پورتوگالی بەجێهێشت.

یانەی بەرشەلۆنە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاوی كردەوە كە ماسكیڕانۆ جگە لە شكانی سەری، لەكاتی بەربوونەوەكەدا تووشی پێكانی چۆكی راستیشی هاتووە.

هەروەها بڵاوی كردەوە كە ماسكێڕانۆ بەركەوتنی سەری بە سەری یاریزانەكەی یانەی ئەلاڤێس تووشی سەرە سووڕەیەكی بەهێز بووە و هەر لەبەر ئەمە لە یاریگە هێنایانە دەرەوە.

یانەی بەرشەلۆنە جەختیشی كردەوە كە ئەمڕۆ یەكشەم پشكنینی زیاتری پزیشكی بۆ ماسكیڕانۆ ئەنجام دەدەن تا لە قەبارەی پێكانەكەی سەری و چۆكی دڵنیا ببنەوە و هەروەها چارەسەرییەكانی دیاری بكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م