گه‌نجێكی كوردستان 100 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان دروست ده‌كات

:: AM:10:27:28/05/2017 ‌

ئاری كامیل گەنجێكی داهێنەری كورد، لەبواری دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و بارهەڵگر. ئەو تائێستە 100 فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانی دروست كردووە، بەڵام كێشەی نەبوونی مۆڵەتی یاسایی هەیە. ئاری لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا باس لە كارەكانی دەكات و رای دەگەیەنێت "ئەگەر مۆڵەتی پێ‌ نەدرێت، كوردستان جێدێڵێت و لە دەرەوە بەرهەمەكانی پێشكەش دەكات".

لەكەیەوە دەستت بە دیزان و دروستكردنی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان كردووە؟
لەساڵی 2014ەوە سەرقاڵی كاركردنم بۆ دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و بارهەڵگر، پاش دوو 30 مانگ هەوڵدان، یەكەم فڕۆكەم بەناوی "ئەی پی 100"گەیشتە ئاسمان. فڕۆكەكە كێشی دوو كیلۆ بوو، ماوەی سێ چارەك لەئاسمان دەمایەوەو تایەك كیلۆمەتر بەرز دەبووەوە. 

بەر لە دروستكردنی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان بە چییەوە سەرقاڵ بووی؟
كارم لەسەر پێشخستنی مەكینەی میكانیكی و هەڵمی دەكرد. دواتر لەئیتاڵیا بەشداریم لەرێوڕەسمێكی تایبەتی فڕۆكەوانی ئارسی، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی مەدەنی كردو دوای ئەوەی هاتمەوە كوردستان، بیرۆكەكەم بەكارهێنایەوە.

یەكەم فڕۆكەت لەڕووی فڕین و كوالێتی و كۆنترۆڵەوە تاچەند بێ كێشە بوو؟
یەكەم فڕۆكەم لەڕووی فڕین و كوالێتی و كۆنتڕۆڵەوە كێشەی هەبوو، تەنیا دەفڕی، بەڵام ئەوە سەرەتایەكی زۆرباش بوو، ئێستە دەتوانم فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی 100% دروست بكەم، بیر لەوەش دەكەمەوە پێشبڕكێی جیهانی بكەم بۆ بەرزی فڕۆكە ئەگەر یارمەتیدەرو توانام هەبێت، بەفڕۆكەی گلایدەر بەشداری لەو پێشبڕكێیە دەكەم كەتوانای زۆری هەیە بۆ بەرز فڕین، گلایدەر یەكەم جۆری فڕۆكەم بوو كە دروستم كرد. 

ئایا كێشەت لە دروستكردنی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان لە كوردستاندا هەیە؟
كێشە ئەوەیە تائێستە یاسای دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لەكوردستان و عێراق نییەو بووەتە هۆی تێنەگەیشتن لەنێوان ئێمە و بەرپرسان، لەبەرئەوەی نازانن بەچ یاسایەك مۆڵەت بەئێمە بدەن و بەرپرسیاریەتییەكی زۆری دەوێت، ئێمە تێگەیشتووین لەوەی بۆچی مۆڵەتمان پێ نادەن، بەڵام ئەوەش مەحاڵ نییە، ئەگەر شوێنمان پێبدەن كارەكەمان بەردەوام دەبێت، كەسمان هەیە بزووێنەری فڕۆكەی (جێت ئێن جن) دروست دەكات كە زەحمەتترین بزووێنەرە لەهەموو دنیادا، هیچ پێداویستی و كەلوپەلێك لەدەرەوە ناهێنین بۆ كارەكانمان، ئەگەر شوێنمان پێبدەن زۆر ئاسانە و مۆڵەتیش ئاسانە، چونكە ئەوان مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك دەدەن، لە پێنەدانی مۆڵەتەكە مەبەستیان ئەوەیە نەك ئێمە كارێكی خراپیان پێبكەین یاخۆ بیانفرۆشینە لایەنێكی نەشیاو، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانن مەلەفی ئێمە بخوێننەوەو بزانن ئێمە كێین و مەبەستمان چییە، بۆیە ترسم هەیە لەخۆم و لەقاتی سەرەوەی ماڵ كاردەكەم و بێكەسم.

دەگوترێت لە بەغدا بەڵێنی هاوكاریتان پێدراوە؟
حەزدەكەین لەكوردستان ببین بەدامەزراوەیەكی فەرمی و خزمەتی كوردو كوردستان و پێشمەرگە بكەین، لەبەغدا دەستپێشخەری هاوكاریكردنمان كراوە، بەڵام ئێمە وەڵاممان نەداوەتەوە، كوردستان بەلای ئێمەوە زۆر گرنگەو متمانە بەهیچ لایەنێكی تر ناكەین كوردستان نەبێت. 

كەی داوای مۆڵەتت لەحكوومەتی هەرێم كرد؟
دوای سێ ساڵ كەیەكەم فڕۆكەم دروستكرد، داوای مۆڵەتم لەحكوومەتی هەرێم كردو سەردانی چەند شوێنێكم كردووە، پێم گوتوون نەپارەم دەوێت نە زەوی، تەنیا مۆڵەتم دەوێت، بەڵام وەڵامیان نەداومەتەوە.

لەو باوەڕەی حكوومەتی هەرێم گرنگی بە توانا و لێهاتوویی گەنجی كورد نادات؟
بەڵێ‌، لەبەرئەوەی گەنجانی كورد متمانەی حكوومەتیان دۆڕاندووە، كەس هەیە بەناوی داهێنان و نوێكاری پارەیەكی زۆری وەرگرتووە، دواتر كارەكەیان وەستاندووەو سنوورداربووەو زانیارییەكانی لەسنووری خۆیدا وەستاوە و كارەكەی كۆتای پێهاتووە. 

ئامانجی ئێوە لە دروستكردنی ئەو فڕۆكانەدا چییە؟
ئامانجمان بەرەوپێشبردنی ئایندەی ئاسمانی كوردستان وپێشمەرگەیە، زۆر گەشبینین بەداهاتوومان، لەبەرئەوەی سەرەتای كارەكانمان زۆر بەسەركەوتوویی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا نەبواری فڕۆكەوانیمان خوێندووەو نەبڕوانامەی زانستیمان هەیە لەو بوارەدا، ئاواتی سەرەكیمان ئەوەیە لەبواری فڕۆكەوانی بخوێنین لەكوردستان، دواتر كەدەڵێین فڕۆكە دروست دەكەین، بەهەمان چاوی پێشوو سەیرمان نەكەن. 

بەرنامەتان چییە ئەگەر لەناوخۆی كوردستاندا هاوكاری نەكرێن؟
ئێمە بەبێ هاوكاریی ئەوانیش ئاسمانی كوردستان و پێشمەرگە بەرەوپێش دەبەین، بڕیارێكە داومانە و پەشیمانبوونەوەی نییە، ئەگەر هاوكاریشمان نەكەن گومانمان لەوە نییە لە داهاتوودا كاری زۆر گەورەتر دەكەین، چونكە هیچ هەڵبژاردنێكی ترمان نییە و دەبێت لەگەڵ حكوومەت و لایەنی پێوەندار هەر بڕوا بەتواناكانی یەكتری بكەین، بەپێی ئەزموونی پێشترمان بەهۆی یارمەتینەدان و كاردانەوەی نەخوزراو، گومانم لەوەنییە لەئایندەدا باوەڕ بەیەكتر دەكەین و تواناكانمان دەگۆڕینەوە، ئەمە پێوەندییەكە دەبێت لەنێوان هەموو كوردێك هەبێت. 

نرخی دروستكردنی فڕۆكەكانت چەندەو كێ هاوكاری دارایی كردوویت؟
كەمترین نرخی فڕۆكەكانم بریتییە لە500 دۆلار كەفڕۆكەیەكی بێ مواسەفاتی بێ فڕۆكەوانە، فڕۆكەم هەیە چوار مەترە و تێچووەكەی 10 هەزار دۆلارە، فڕۆكەی گەورە بەناوی ستۆڵ SH7590بەهەمان دیزاین و هەمان كوالێتی لێرە دروستم كردووە كە لەدەرەوە بەبێ مەكینە، نرخی چل هەزار دۆلارە، لێرە بەهەمان كوالێتی و شێوە دیزاینم كردووە، لەلایەن كۆمپانیای "زنێت ئای گرافت"ی ئەمەریكی باوەڕپێكراوە كە پلانەكەی بۆ ناردووم، تەنیا پلانەكەیان بە هەزار دۆلار بۆ ناردووم، من بەكەلوپەلی كوردی و دەست و پەنچەی كوردیدروستم كردووە، دایكم و براكەم بەمووچەی مامۆستایەتی و كارەكانیان یارمەتیم دەدەن.

ئامادەی فڕۆكەكانت بەپشكنینی زانستییەوە بفرۆشیت؟
ئەگەر حكوومەت ئامادەبوو مۆڵەتم پێبدات و كارەكانم لێبكڕێت، با لیژنەی پشكنین و كەشفی ئەندازیاری و میكانیكی بنێرێت و مەكینەو جەستەو تەنانەت بورغی بەبورغی فڕۆكەكانم بشكێنێت.

بەنیازی چیت ئەگەر مۆڵەتت پێ نەدرێت؟
بڕیاری كۆتام داوەو كاتەكەشم دیاریكردووە، ئەگەر وەڵامم نەدرێتەوەو مۆڵەتم پێنەدرێت، كوردستان جێدێڵم و دەچمە دەرەوە كاردەكەم، بەڵام تكایە حەزدەكەم لەكوردستان بم، لێرە باری دەروونیم ئارامترە و خۆشەویستی و ئینتیمای نیشتمانیم هەیە بۆ كوردستانەكەم، تا ئێستە فڕۆكەی كەم مەودا دروست دەكەین، واتە نزمفڕو توانای ئەوەیان نییە كاری سیخوڕییان پێبكرێت، "ناسا" دیزاینێكی بڵاوكردەوە، دوای پێنچ ڕۆژ كۆپیم كرد و كارم لەسەر كرد.

تائێستە چەند فڕۆكەت دروست كردووە، خاوەن چەند دیزاینی تایبەتی و بۆچی نایانخەیتەڕوو؟
خاوەنی 100 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و فڕۆكەیەكی بارهەڵگرم كە 80%یان دیزاین هی خۆمە، ناتوانم بیانخەمەڕوو، چونكە تائێستە دامەزراوە نیم. 

بۆچی ناوتان لەبنەماڵەكەتان ناوە ئاسمانی پێشمەرگە؟
چوار لەئەندامەكانی ئەو بنەماڵەیەمان پێشمەرگەن و پێشمەرگە لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەو فڕۆكانە هەیە، ئەو كارە پێشمەرگە زۆر بەهێزتر دەكات كەدەزانین چییان پێویستە لەكاتێكدا نزیكین و لەناو سەنگەرەكانی پێشمەرگەین و دەزانین تاچ ئاستێك پێویستیان پێیەتی، دوو لەئەندامەكانی ئەو بنەماڵەیە لەئەمەریكاو دووانیان لەكەنەدا و چوار لەئەندامەكانی تر پێشمەرگەن و لەكوردستاندان.

وشە/شاخەوان شێخانی

















وشە - تایبه‌ت