رۆناڵدۆ لەبارەی یارییەكەی ریال مەدرید و یۆڤانتۆس قسەی كرد

:: AM:11:42:28/05/2017 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی چەند بیروبۆچوونێكی تایبەتی خۆی سەبارەت بە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و یۆڤانتۆس خستەڕوو كە بڕیارە رۆژی شەمووی داهاتوو لە شاری كاردیفی ویڵز بەڕێوە بچێت.

یانەی ریال مەدرید پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپایە، شەمووی داهاتووش هەلێكی لەبەردەمە ببێتە یەكەم یانە لە مێژووی خولەكەدا دووجار لەسەریەك ناسناوەكە بباتەوە.

لەمبارەیەوە رۆناڵدۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی ئیسپانیا گوتی: سەرجەم یاریزانانی یانەی ریال مەدرید دەیانەوێ ئەو مێژووە زێڕینە تۆمار بكەن، بەدڵنیاییەوە خۆشبەخت و دڵخۆش دەبین ئەگەر ببینە یەكەم یانە لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دووجار لەسەریەك ببینە پاڵەوان.

لەبارەی ئاستی یانەی یۆڤانتۆس، رۆناڵدۆ گوتی: یۆڤانتۆس یانەیەكی بەهێزە و ماوەی چەندان ساڵە ئەمەیان لە خولی ئیتاڵیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا سەلماندووە، پێموایە شێوازی یاریكردنیان وەك یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدە كە چاودێرییەكی چڕ و شوێنی یاریكردن لەنێو یاریگە بچووك دەكەنەوە.

زیاتر گوتی: یانەی یۆڤانتۆس هێلێكی بەرگری بەهێز و پۆڵاینی هەیە، بەڵام هەموو هێلێكی بەرگری تۆكمە خاڵێكی لاوازی هەیە و ئێمەش هەوڵ دەدەین بەو خاڵە لاوازەدا هێرش ببەین و تێكیان بشكێنین.

لەلایەكی ترەوە رۆناڵدۆ لە مەدح و سەنای زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی و یانەكەی گوتی: هەمیشە یەكێك بوومە لە سەرسامانی زێدان وەك یاریزان، ئەو سەلماندی وەك راهێنەریش یەكێكە لە باشترینەكانی جیهان.

ئاماژەی بەوەشدا كە ئەمساڵ لەسەردەستی زێدان ئازادی زیاتری لەنێو یاریگە پێدراوە هەر لەبەر ئەمەیە ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردووە.

رۆناڵدۆ هەروەها گوتی: هەموو ساڵێك لە كۆتای وەرزدا زۆر ماندوو دەبووم، بەڵام ئەمساڵ هەست بە ماندووبوون ناكەم بەهۆی ئەوەی زێدان لە چەند یارییەكدا پشووی پێداوم، بۆیە بەتەواوی بۆ یارییەكەی یۆڤانتۆس ئامادەم.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م