عێراق 442 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی كوردستان وەردەگرێ

:: AM:11:52:28/05/2017 ‌

پەرلەمانتارێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، بڕیارە وەك قۆناغی یەكەم بەغدا بڕی 442 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرێ و پارەی زیاتریش بۆ كڕینەوەی گەنم تەرخان بكات.

زیاد حوسێن بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ساڵانە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 850 هەزار تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، بەغدا بۆ ئەمساڵ بڕیاری داوە وەك قۆناغی یەكەم بڕی 442 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی بكڕێتەوە. 

هەروەها گوتی، لەو ڕێژەیە 175 هەزار تۆنی لە دهۆك و 150 هەزار تۆنی لە هەولێر و 115 هەزار تۆنی تریش لە سلێمانی وەردەگیرێت، دوای تەرخانكردنی تریلیۆنێك دیناری تر بۆ كڕینی گەنم لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، قۆناغی دووەمی وەرگرتنی گەنم دەست پێ دەكات.

ئاماژەی دا، ئەگەر بەغدا هەر نیوەی گەنمی جووتیارانی كوردستان بكڕێ، پێشنیازمان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران تا ئەو كێشەیە چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە، ڕەنگە لە هەفتەی داهاتووشدا دەست بە وەرگرتنی گەنم بكرێت، نرخی هەر تۆنێك بۆ گەنمی پلە یەك 560 هەزار و بۆ پلە دوو 480 هەزار و پلە سێش 420 هەزار دیناری عێراقی دەبێت.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.



وشە - باز ئه‌حمه‌د