ستووك سیتی داوای واین رۆنی دەكات

:: AM:11:58:28/05/2017 ‌

رۆژنامە ئینگلیزییەكان بڵاویان كردەوە كە یانەی ستووك سیتی ئامادەیی خۆی پێشانداوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بەفەرمی داواكاری پێشكەش بە یانەی مانچستەر یونایتد بكات بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەستێرە و كاپتنەكەی واین رۆنی.

رۆنی كە ماوەی 13 ساڵە لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد یاریی بۆ یانەی مانچستەر یونایتد دەكات، نزیكە لەم هاوینەدا بەیەكجاری یانەكەی جێبێڵێ دوای ئەوەی یانەكانی خولی تۆپی پێی چین و ئەمەریكا داواكاری گەورەیان پێشكەش كردبوو.

رۆنی پێشتر رایگەیاندبوو كە دوای یانەی مانچستەر یونایتد تەنیا لە ریزی یەك یانەی خولی نایابی ئینگلیزیدا یاریی دەكات ئەویش یانەكەی پێشووی ئێڤەرتۆنە.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی ستووك سیتی خوازیارە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ رۆنی بكات و بەیەكجاری بیكاتە ئەستێرەی یانەكەی لە وەرزی داهاتوودا.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە یانەكە ئامادەیی خۆی پێشانداوە بڕی 45 ملیۆن پاوەن بدات بە یانەی مانچستەر یونایتد لەبەرامبەر رۆنی، كۆمپانیا ریكلامەكانی یانەكەش بەڵێنیان بە بەرپرسانی یانەكەداوە كە تەنیا بە فرۆشتنی درێسی ئەو یاریزانە پارەی گرێبەستەكەی بهێننەوە.

گرێبەستەكەی رۆنی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد ساڵێكی تریشی ماوە، بەڵام مووچە زۆرە ساڵانییەكەی كە 15 ملیۆن پاوەنە بەرپرسانی یانەكەی ناچار كردووە بیر لە فرۆشتنی ئەو كاپتن و گۆڵكارە مێژووییەی یانەكەیان بكەنەوە، لە ماوەی رابردووشدا یانە چین و ئەمەریكییەكان ئامادەییان پێشانداوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو ئەستێرەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م