بۆچی بۆسكێتس جامی شای لەگەڵ ئینێستا بەرز كردبووەوە؟

:: PM:12:17:28/05/2017 ‌

ئەندرێس ئینێستای كاپتنی یانەی بەرشەلۆنە هۆكاری بەرزكردنەوەی جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ یاریزانی هاوڕێی سێرجیۆ بۆسكێتس ئاشكرا كرد.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی ڤیسنتی كالدیرۆن بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی ئەلاڤێسی بردەوە و بۆ سێیەمساڵ لەسەریەك بووە پاڵەوانی پاڵەوانیەتییەكە.

سێ گۆڵەكەی یانەی بەرشەلۆنە لەلایەن لیۆنێل میسی و نیمار و پاكۆ ئەلكاسێر هاتنە تۆماركردن، تاكە گۆڵەكەی یانەی ئەلاڤێسیش لەلایەن تیۆ هێرناندیزی بەرگریكار تۆمار كرا.

لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی پاڵەوانیەتییەكەدا ئینێستا و بۆسكێتس بەیەكەوە 29مین جامی پاڵەوانیەتییەكەیان بەرز كردەوە، لە كاتێكدا لیۆنێل میسی دوای ئینێستا كاپتنی دووەمی یانەی بەرشەلۆنەیە.

لەمبارەیەوە ئینێستا بۆ رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی گوتی: بەرزكردنەوەی جامی شای ئیسپانیا لەگەڵ بۆسكێتس هیچ پلانێكی پێشوەختەی تێدا نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت كە داوام لە بۆسكێتس كرد یارمەتیم بدات بۆ بەرزكردنەوە و هیچ هۆكارێكی تری لە پشتەوە نەبوو.

زیاتر گوتی: بۆسكێتس بەشێكی گرینگی داهاتووی یانەی بەرشەلۆنە و دوای میسی كاپتنی سێیەمی یانەكەیە، بەڵام پێش یارییەكە هیچ پانێكمان دانەڕشتبوو بۆ ئەوەی بەیەكەوە جامەكە بەرز بكەینەوە.

ئینێستا لە كۆتاییدا گوتی: هەرچەندە جامی شامان بردەوە، بەڵام وەك یانەی بەرشەلۆنە وەرزێكی خراپمان بەڕێ كرد و نەمانتوانی خولێكی گەورەی ئەوروپا بەدەست بێنین كە خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بوو. جەختیشی كردەوە كە وەرزی داهاتوو هەوڵ دەدەن كێشەكان چارەسەر بكەن و ناسناوی زیاتر ببنەوە.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م