بڕیاره سبه‌ى دووشه‌م 29ى ئایار/ مایۆ، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان حزبه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له هه‌رێمى كوردستان، به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پاككردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگدان به‌ڕێوه بچێت.
به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه"، له‌و كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى سه‌رجه‌م حزبه سیاسییه‌كان بانگێشت كراون و تا ئێسته هیچ حزبێك ره‌تى نه‌كردووه‌ته‌وه كه به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه نه‌كات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ى ئایار/ مایۆ، د. جووتیار عادل ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى كۆمیسیارانى كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له هه‌رێمى كوردستان به"وشه"ى راگه‌یاند، هیچ زانیارییه‌كیان پێ نه‌گه‌یشتووه هیچ حزبێك ره‌تى كردبێته‌وه به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ى بكات.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ى نێوان نوێنه‌رى حزبه‌كان و كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێمى كوردستان تایبه‌ت ده‌بێت به گفتوگۆكردن له‌باره‌ى پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگی ده‌نگده‌ران و شێوازی چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له لایه‌ن لایه‌نه سیاسییه‌كان و ره‌فتاركردن و ڕه‌خساندنی شێوازی پێشكه‌شكردن.
شێروان زراری گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، ئێسته دوو تۆماری ده‌نگدانی هاووڵاتییان له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، یه‌كێكیان تۆماره كۆنه‌كه‌یه كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو به‌كار هاتووه، یه‌كێكی تریشیان ئه‌و سیسته‌می تۆماری بایۆمه‌تری هه‌ڵبژاردنه كه تا ئێسته پرۆسه‌كه به‌رده‌وامه بۆ خۆتۆماركردنی هاووڵاتییان.
زیاتر گوتی، نه‌توانراوه كه تۆماری ده‌نگدان پاك بكرێته‌وه و چاوه‌ڕوانی كۆتاهاتنی بایۆمه‌تری ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده رێژه‌یه‌كی كه‌م له هاووڵاتییان ناوی خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن و تا ئێسته 37% بۆ 40% هاووڵاتییان خۆیان تۆمار كردووه.
ئاماژه‌ی دا، ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن بكرێت، بێگومان كار به تۆماری كۆنی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، به‌ڵام بڕیار دراوه به شه‌ش مانگ پێش هه‌ڵبژاردن تۆماره‌كه له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی پاك بكرێته‌وه و چاودێری بكرێت.
گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هه‌رێمی كوردستان رای گه‌یاند، ده‌یانه‌وێت له‌وباره‌یه‌وه بۆچوونى حزبه سیاسییه‌كان وه‌ربگرن و هه‌وڵه‌كان بۆ پاككردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران چڕ بكه‌نه‌وه.
لێدوانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هه‌رێمی كوردستان له كاتێكدایه كه تا ئێسته واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دیاری نه‌كراوه و كۆمیسیۆنه‌كه ئێسته كار له‌سه‌ر خۆ ئاماده‌كردن ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردن كه مانگی 11ی ئه‌مساڵ واده‌كه‌یه‌تی.