تەحسین تەها، قوتابخانەیەكی هونەری پەڕاوێزخراو

:: PM:03:52:28/05/2017 ‌


هونەرمەندی كۆچكردوو تەحسین تەها لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ لە هۆڵەندا كۆچی دوایی كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، وێڕای ئەوەی ناوبراو قوتابخانەی هونەری كوردی بووە، تا ئێستە وەك پێویست گرنگی بە هونەری ئەو نەدراوە.

ئیحسان ئامێدی كەسایەتیی ناسراوی پارێزگای دهۆك و شارۆكەی ئامێدی، نیگەرانی خۆی لەمەڕ گرنگینەدان بە هونەری تەحسین تەها دەربڕی و بۆ "وشە" گوتی، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ لە هۆڵەندا هونەرمەندی گەورەی كورد تەحسین تەها كۆچی دوایی كرد، بەڵام ئەوەی نیگەرانی كردووین ئەوەیە كە وەك پێویست گرنگی بە هونەری ئەو هونەرمەندە گەورەیە نەدراوە.

هەروەها گوتی، هونەرمەندی كۆچكردوو تەحسین تەها كە دەیان گۆرانیی ناوازەی بۆ هونەری كوردی گوتووە وەك "ملەتێ‌ مە نامرە، كاروانێ‌ مەیێ‌ ب رێڤە، شنی و تازیا شەهیدان، نەورۆزە، تو خەون بووی هەمی گاڤا، دایێ‌ وەلات شیرینە" و چەندانی تر، ئەو گۆرانییانە لە ساتەوەختی بەرپابوونی شۆڕش و راپەڕینەكان گوتراون، كەچی دەبینین ئێستە پەراوێز خراوە و بایەخی پێ نادرێت.

تەحسین تەها لە ساڵی 1941 لە شارۆكەی ئامێدی لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە دایك بووە، لە ساڵی 1960 كولیژی هونەرە جوانەكانی لە بەغدا تەواو كردووە، بەهۆی گۆرانییە نیشتمانییەكانی چەندان جار زیندانی كراوە، لە نێوان ساڵانی 1960ەوە تا 1970 زیاتر لە 120 گۆرانی لە رادیۆی كوردی لە بەغدا تۆمار كردووە.

هەرچەندە بەشێك لە هونەرمەندانی پارێزگای دهۆك دەستیان بە نوێكردنەوەی گۆرانییەكانی ئەو كردووە، بەڵام وەك پێویست نەبووە، هاوكات هەشت ئەلبوومی گۆرانیی هەیە و تا ئێستە هیچ لێكوڵینەوەیەك لەسەر بەرهەمەكانی نەكراوە.

لە ساڵی 1994 بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی، تەحسین تەها چووەتە ئەوروپا و لە 28 ئایاری 1995 لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە هۆڵەندا كۆچی دوایی كرد و دواتر لە رێوڕەسمێكدا لە گۆڕستانی شارۆكەی ئامێدی بە خاك سپێردرا.

ئامێدی / نەوزاد هلۆری:



وشە - تایبه‌ت