هاوپەیمانان متمانەیان بە بەغدا نەماوە و راستەوخۆ چەک دەدەن بە پێشمەرگە

:: PM:04:07:28/05/2017 ‌


کۆتایی هەفتەی رابردوو رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا نیگەرانی خۆی لە رەوانەکردنی کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ عێراق دەربڕی کە بەهاکەی نزیکەی یەک ملیار و 600ملیۆن دۆلارە و ئاماژەی دابو، دیار نییە ئەو چەکانە چارەنووسیان چی لێهاتووە و تەنانەت پشکی پێشمەرگەیشی لێ نەدراوە.

ئەمڕۆ یەکشەم 28ی ئایار/مایۆ، شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، هیچ رێگەیەکی یاساسیی نییە بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لە عێراق بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەشە چەکەی بۆ پێشمەرگە دیاری کراوە و بەغدا پیی نەداوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لەبارەی چۆنیەتی ناردنی ئەو چەکانە داوامان لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، بەشی "پاشکۆی سەربازی" کردووە وردەکاری ئەو بابەتەمان پێ بدەن بۆ ئەوەی لە رێگەی یاساییەوە وەک لیژنەی ئاسایش و بەرگری بەدواداچوونی بۆ بکەین و هەرکەسێکیشی لەپشت بێت لێی قبوڵ ناکەین، پێشتریش هەندێک گرێبەست هەبووە کە عێراق لە رێگەیەوە چەکی کڕیوە، ئەو گرێبەستانە کێشەیان تیادابوو و لەدوای دەستبەکاربوونمان لەخولی سێیەم ئەو گرێبەستانەمان داخست کە هی سەردەمی نوری مالیکی بوو، بەڵام بۆ ئەو بڕە چەکەی کە ئەمنێستی ئاماژەی پێ داوە، چۆن هاتووە و لە رێگەی کام لایەنەوە بووە، چاوەڕوانی وەڵامی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکەین.

"تا ساڵی 2015 هیچ جۆرە چەکێک لە عێراقەوە بۆ کورد نەهاتووە، ئەو چەکانەی کە دەهاتن وەک تانکی برامس و بیکەیسی و تۆپ و... لە هیچیان پشکی کوردیان نەدا و ئەوەیش وای کرد کورد داوای وەرگرتنی راستەوخۆی چەک بکات، لەدوای ئەو داواکارییەوە وڵاتانی وەک کەنەدا و ئەمەریکا هەر لە وڵاتی خۆیانەوە کە چەکیان رەوانەی عێراق دەکرد، پشکی کوردیان لێ جیا دەکردەوە و دیاریان دەکرد کە ئەو بەشە چەکە هی پێشمەرگەیە، تەنانەت لەوەشدا فێڵمان لێ دەکرا، کاتێک لە فڕۆکەخانەی بەغدا چەکەکان دادەگیران، هەندێک لە سەیارەکان تایبەت بە هەڵگرتنەوەی لوغمی چێندراون، بەڵام ئەوان ئامێرە زیرەکەکەیان لێ دەردەکرد و تەنیا قاوغەکەیان دەنارد بۆ کوردستان، هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە وایان کرد ئێمە لەم دواییانەدا داوا بکەین چەکەکان راستەوخۆ بۆ کورد بنێردرێن" شاخەوان عەبدوڵا وای گوت.

لەبارەی وەڵامی داواکارییەکەیان بۆ وەرگرتنی راستەوخۆی چەک دووپاتی دەکاتەوە، دوای ئەو داواکارییە چەند جارێک چەک بە راستەوخۆ لە وڵاتانەوە گەیشتووەتە هەولێر، ئێستە کورد چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەو بەشە چەکەی دێت بۆ پێشمەرگە هەموویان راستەوخۆ بگەیەندرێنە هەولیر و نەچێتە بەغدا.

بۆ گەڕانەوەی ئەو چەکانەی لە سەرەتای شەڕی داعشەوە رەوانەی عێراق کراون و بەغدا پشکی کوردی لێ نەداوە، ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاشکرای دەکات، هیچ رێکارێکی یاسایی نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەشە چەکەی بۆ پێشمەرگە دیاری کراوە و لە بەغدا دیار نەماوە، ئێمە بۆ موچەی پێشمەرگەیش کە بەپێی دەستوور بەشێکە لە هێزی بەرگری عێراقی و 10 ساڵە موچەی بۆ داناندرێت، هیچ رێکارێکی یاسایی نییە لە بەرامبەری بیگرینە بەر.

لە راپۆرتەکەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵدا نیگەرانی بەرامبەر ئەوە پێشان درابوو کە ئەو چەکانەی گەیەندراونەتە بەغدا، ئەگەری زۆرە لە بازاڕی رەشدا فرۆشرابن و گەیشتبێتە دەست داعش و گروپە نا رێکخراو و تیرۆریستەکان و وەک شاخەوان عەبدوڵا هێمای بۆ دەکات، ئیمارات کۆمەڵێک هەمەری بۆ عێراق نارد، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کرد هیچی دیار نەمابون.

زیاتر دەڵێ، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دوو جار سەردانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری کرد، لە سەردانەکەیدا یەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران پرسیاری ئەوەی لێ کرد کە بۆچی ئەڵمانیا چەکی میلان بە پێشمەرگە دەدات، بەڵام بە عێراقی نادا، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا پیی راگەیاندن کە ئەڵمانیا نازانێت ئەو چەکانەی دەدرێت بە عێراق کێ و لەکوێ بەکاری دەهێنێت کە مەبەستی حەشدی شەعبی بوو، بەڵام ئەو چەکانەی دەدرێن بە پێشمەرگە دەزانین لەکوێ بەکار دێت و بۆچی بەکار دەبرێت، بۆیە زۆربەی وڵاتانی دنیا وەک راپۆرتەکەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ نیگەرانی ئەو چەکانەن کە رەوانەی حکومەتی عێراق دەکرێت.

پێشمەرگە لە مانگی ئابی ساڵی 2014ەوە بە درێژایی هەزار و 50 کیلۆمەتر سەنگەری دژی تیرۆریستانی داعش لێداوە و لە بەرامبەر پەلاماری ئەو هێزە تیرۆریستییە بەرگری دەکات و دوای هێرشکردنە سەر شنگال هێزی ئاسمانی هاوپەیمانێتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕی و ئێستە پێشمەرگە وەک بەشێک لەو هاوپەیمانێتییە هەژمار دەکرێت.



وشە - هیدایه‌ت جان