بەهۆی هەڕەشەی ئابڕووبردنی ناتوانێ هاوسەرگیری بكاتەوە

:: PM:06:14:28/05/2017 ‌

ساكار كچێكی تەمەن ٢٢ ساڵە و خەڵكی سلێمانییە، دوای ئەوەی ماوەی پێنج  ساڵ پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كورێكی پووریدا دەبێت و هاوسەرگیری دەكەن، دواتر ساكار تەڵاق دەدرێت و ئێستەش رێبازی دەزگیران و خۆشەویستی پێشوی رێگە نادات هاوسەرگیری بكاتەوە.

ساكار كچێكی نەرم و نیان و لەسەرخۆیە، خۆیی دەڵێت كە رێباز و دایكی هێندە چاوترسێنیان كردووە ئێستە ترسی لەهەموو هەنگاوێكیەتی، ساكار باسی كێشەكەی بۆ "وشە" دەكات و دەڵێ، هەر لە مناڵییەوە لەگەڵ ڕێباز بەیەكەوە گەورەبووین، بەو پێیەی پوورزا و خاڵۆزا بووین بۆیە زۆرتر بەیەكەوە بووین، كە بووین بە ١٥ بۆ ١٦ ساڵ پێوەندی خۆشەویستی لە نێوانمان دروست بوو و یەكترمان زۆر خۆش دەویست و هەموو شتێكمان پێكەوە بوو، بەڵام ئەو خۆشییانە تا ئەو كاتە بەردەوام بوون كە ماڵی رێباز و ماڵی ئێمە پێیان زانیین.

ئەو دوو ماڵە هەر چەندە خزم بوون، بەڵام بەهۆی كێشەی میراتەوە گرژی و ئاڵۆزی دەكەوێتە نێوانیان، باجی ئەو گرژی وئاڵۆزییەش بەو خۆشەویستییە دەدرێت كە لە نێوان رێباز و ساكاردایە.

ساكار دەڵێت، سەرەتا نێوانمان زۆر باش بوو و دوای چوار ساڵ لە پێوەندیمان ئەو كێشە لە نێوان خێزانەكانماندا ڕووی دا، بۆیە من و ڕێباز بڕیارمان دابوو كە تێكەڵی ئەو كێشەیە نەبین و ژیانی خۆمان و خۆشەویستییەكەمان بە گەورەتر ببینین و واشمان كرد، بەڵام لێیان تێكداین.

دوای ئەوە ساكار لەلایەن كوڕێكی تری خزمیانەوە داواكاری دەكرێت، ماڵی ساكار زۆر پێان خۆش دەبێت كە ساكار بەو كوڕە رازی بێت و زۆر هەوڵیشی بۆ دەدەن، بەڵام بێ سوود دەبێت و ساكار ڕەتی دەكاتەوە، ڕێباز كاتێك بە بابەتی ئەو داواكارییە دەزانێت، ماڵەوەیان ناچار دەكات كە بچنە داوای ساكار، ئەوانیش بە ناچاری دەچن.

ساكار دەڵێت، هێندە بە نابەدڵێ داوای منیان دەكرد دوو براكەم لە ناو مەجلیسی داواكردنەكەدا هاتنە دەرەوە، بەڵام دایكم چونكە دەیزانی من و ڕێباز چۆنین زۆر پشتگیری كردین تا بابەتەكە بەكۆتا هات و من مارە كرام، مارەكردنەكەشم وەك پرسەی ژنان وابوو، چونكە نە ڕێگەیاندام بچمە ساڵۆن نە رێگە بە هیچ ئاهەنگێك درا، تەنیا چەند ژنێك و ڕێباز هاتن لەگەڵ باوكیدا.

خەسووی ساكار چەند ڕۆژێك دوای مارەكردنەكە، ساكار بانگ دەكاتە ماڵی خۆیان و پێی دەڵێت، پێویست بە ماڵی جیا و كڕینی كەلوپەلی تازە ناكات، هەموو شت ئامادەیە و هیچ ناگۆڕێت تەنیا كورەكەم لەجیاتی ئەوەی بەتەنیا بخەوێ تۆی بۆ زیاد دەبێت.

ساكار دەڵێت كە دەمزانی و پێشتر چاوەڕوانی هەموو هەڵسوكەوتێكی ئەوان بووم، بەڵام لەبەر ڕێباز قبووڵم كرد، بەڵام ئەوەی بۆ من كارەسات بوو ماوەیەك دوای مارەكردنەكەمان ڕێباز ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەگۆڕا و وام لێهاتبوو كە نەمدەتووانی بەتەواوی بیناسمەوە، ئەوە ئەو كوڕەیە من خۆشم دەویست و هەموو شتێكمان لە پێناوی یەكتردا قبووڵ دەكرد ئێستا بۆچی بووە بە دوانەیەك لە دایكی بۆ وەك ماڵەوەیان قسە دەكات و بڕیاری یەك لایەنە دەدات.

روونی دەكاتەوە، نەم دەتوانی لە هیچ تێبگەم، جارێكیان دەمویست بە گلەیەكی ژنانەوە هەموو شتی پێ بڵیم، ئەویش پێی گوتم چاوەڕێ بكە، ئەم هەفتەیە ماڵەوەمان سەفەر دەكەن ئەو كات بەیەكەوە بە تەنیا لە ماڵی ئیمە قسە دەكەین، ساكار بێ ئاگایە لەوەی ڕێباز و دایكی بەیەكەوە ڕێك كەوتوون تا ئەوشەوە بەیەكەوە بـێنەوە و هەمووشتێكی بەرامبەر بكات، بەبڕوای دایكی بۆی سەرشۆڕی بێت.

ساكار دەڵێت، زۆر دڵم خۆشبوو هەزار و یەك درۆم كرد لە ماڵەوە بۆ ئەوەی ئەوشەوە لەگەڵ ڕێبازدا بمێنمەوە، بەڵام ئەوشەوە هەموو ژیانمی تێك دا، لەگەڵ نزیكبوونەوەمان لە یەك دی ڕێباز هەموو شتێكی كۆتای پێهێنا، من كە حاڵم زۆر تێكچو ئەو دەیگوت من و تۆ هەر ژن و مێردین ئێستەش نەبێ دواتر هەر ڕوی دەدا ئاساییە و ئێمە كاتی گواستنەوە پێش دەخەین، بەڵام دەبێت بە دایكم بڵێن ئەگەر نا ناتوانین كاتەكە پێش بخەین.

ساكار لەترسی ئەوەی هیچی خراپ ڕوو نەدات و ماڵەوەش پێی نەزانن ڕازی دەبێت كە ڕێباز بە دایكی بڵێت، بەڵام دایكیشی بانگی ساكار دەكات بۆ ماڵی خۆیان و پێی دەڵێت، ئەگەر تۆ كچێكی زۆر بە شەرەف بوویتایە ئێستە ژن نەدەبووی بێ ئەوەی بتگوازنەوە، خوا بزانێ پێشتر لەگەل چەند كەس هەزار شتی خراپترت كردووە، من كچی دۆڕاو بۆ كوڕی خۆم ناهێنم.

ساكار دەڵێت، لەقسەكانی ڕێباز و دایكیدا جوان ئەوەم دەبینی كە ئەوان بەیەكەوە پلانیان بۆ ئەو كارە دانابوو كە بەمنیان كرد، ئەو قسانەی خەسووم بەس نەبوون ڕێبازیش وەك ئەو خراپتر قسەی دەكرد، تا كار گەیشتە ئەوەی ناچاریان كردم داوای جیابوونەوە بكەم و لە هەموو مافێكم خۆشبم، ئێستە تەڵاقم وەرگرتووە، بەڵام ناتوانم بە ماڵەوەمان بڵێم كە ڕێباز وای لێ كردووم، چونكە ڕێباز پێی گوتووم كە حاشا دەكات و منیش هیچ بەڵگەیەكم بۆ سەلماندن نییە، جگە لەوەی ڕێباز ئەو كارەساتەی بەسەر هێنام و هەڕەشەی ئەوەشم لێ دەكات ، ئەگەر زەواج بكەم و كورێكیتر بەو جۆرەش منی بوێت، ئەوا ئەو ئابڕووم دەبات.

ئیڤان عەبدورەحمان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل