مامه‌ڵه‌كردن به‌چه‌ك و ئۆتۆمبێلى جامڕه‌ش كه‌ركووك ده‌ته‌نێت
له كه‌ركووك كڕین و فرۆشتن به چه‌ك و ئۆتۆمبێلى جامڕه‌ش روو له زیادبوونه‌وه و جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكیش راى ده‌گه‌یه‌نێت، ئێسته ئۆتۆمبێلى جامڕه‌ش و كڕین و فرۆشتنی چه‌ك زیاتر بووه و مه‌ترسى له‌سه‌ر كه‌ركووك دروست كردووه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ى ئایار/ مایۆ، ئه‌ڵماس فازڵ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك به "وشه"ى راگه‌یاند، چه‌ند ساڵێكه كڕین و فرۆشتن به چه‌ك قه‌ده‌غه كراوه و چه‌ندان جار بڕیار له‌و باره‌یه‌وه دراوه كه نابێت كڕین و فرۆشتن به چه‌ك هه‌بێت و چه‌ندان كه‌سیش گیراون، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و كاره له كه‌ركووك به‌رده‌وامه و روو له زیادبوونه.
زیاتر گوتى، ئێسته ئۆتۆمبێلى جامڕه‌ش و كڕین و فرۆشتن به چه‌ك زیاتر بووه له جاران و زۆربه‌ى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى جامڕه‌شن چه‌كدارن، بۆیه پێشنیازمان كردووه كه لیژنه‌ى ته‌ناهى كه‌ركووك چاره‌سه‌رێك بدۆزێته‌وه.
جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ئاماژه‌ى كرد، لایه‌نى پێوه‌ندیدار له كه‌ركووك گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ى كه ئه‌و دوو دیارده‌یه مه‌ترسى له‌سه‌ر كه‌ركووك دروست كردووه.
فازڵ گوتى، زۆربه‌ى ماڵه‌كان له كه‌ركووك خاوه‌نى چه‌كى خۆیانن، ئه‌وه‌ش له رووى یاساییه‌وه كێشه‌ى دروست كردووه، بۆیه پێویسته پێداچوونه‌وه به‌و كاره‌دا بكرێت.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه ماوه‌یه‌كه رووداوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له كه‌ركووك رووى له زیادبوون كردووه و به‌شێكى زۆریشى پێوه‌ندى به زۆربوونى چه‌ك و كڕین و فرۆشتنیه‌وه هه‌یه.
وشە -
سه‌رخێڵ هاشم