پارتى و یه‌كێتى كۆ ده‌بنه‌وه
گه‌ڕێكى تر‌ى گفتوگۆ له‌باره‌ى ریفراندۆم ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان راى گه‌یاند، له هه‌فته‌ى داهاتوودا گه‌ڕێكى تر‌ى گفتوگۆى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌باره‌ى ریفراندۆم ده‌ست پێ ده‌كات و له‌سه‌ره‌تاشدا پارتى و یه‌كێتى كۆ ده‌بنه‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ى ئایار/ مایۆ، ڤه‌مان فه‌یسه‌ڵ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به"وشه"ى راگه‌یاند، له‌م ماوه‌یه‌دا تا ڕاده‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌كان دواكه‌وتن، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى حزبه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان خه‌ریكى گفتوگۆى نێوخۆیان بوون له‌باره‌ى پرسى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان.
زیاتر گوتى، له هه‌فته‌ى داهاتوودا گه‌ڕێكى تر‌ى گفتوگۆى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات و له سه‌ره‌تاشدا پارتى و یه‌كێتى كۆ ده‌بنه‌وه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى گوتى، پێشبینى ده‌كرێت تا مانگى ئه‌یلوولى ئه‌مساڵ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ته‌واو ببێت و تا ئه‌و كاته سه‌رجه‌م حزبه سیاسییه‌كان خۆیان یه‌كلاى ده‌كه‌نه‌وه.
فه‌یسه‌ڵ گوتى، بڕیار بوو ئه‌و هه‌فته‌یه كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه، به‌ڵام سه‌ربارى كۆچى دواى نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌رى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ندێك گۆڕانكارى تریش هاتنه پێشه‌وه و وای كرد كۆبوونه‌وه‌كان دوا بكه‌ون.
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانیی كوردستان مانگى نیسان دوایین كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجام دا، ئه‌وه‌ش دوابه‌داوى ئه‌وه‌ى به هاوبه‌شى له‌سه‌ر پرسى ریفراندۆم سه‌ردانى سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانیان كرد جگه له بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان.
پرسى ریفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان ئێسته له ڕۆژه‌ڤدایه پارتى و یه‌كێتى تا ئێسته چاوه‌ڕوانى حزبه‌كان بوون بۆ دیارى كردنى نوێنه‌رى خۆیان بۆ لیژنه‌ى ئاماده‌كارى ریفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان، ئێسته زۆربه‌ى حزبه‌كان نوێنه‌رى خۆیان دیارى كردووه و قسه له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوانى ئه‌و لیژنه‌یه هه‌یه.
هه‌رچى به‌رپرسانى پارتى و یه‌كێتى لێدوانى له‌باره‌یه‌وه ده‌ده‌ن ئه‌وه‌یه كه ئه‌مساڵ ریفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت و دوایین جاریش مه‌سروور بارزانى راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان له دامه‌زراوه‌ى "هێرتیج" له ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ى به ریفراندۆم كرد و راى گه‌یاند، بڕیار دراوه ئه‌مساڵ ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت.
له‌سه‌ر ئاستى عێراقیش به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه" دوو جار شاندى پارتى و یه‌كێتى چوونه‌ته به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رانى به‌غدا قسه‌یان له‌وباره‌وه كردووه.
وشە -
سه‌رخێڵ هاشم