جووتیارە نموونەیەكەی هەڵەبجە دەبێتە مامۆستا

:: PM:10:37:28/05/2017 ‌

جووتیارە نموونەیەكەی هەڵەبجە دەڵێت كە خەڵكانێكی زۆر سەردانیان دەكرد و پرسیاریان لە بارەی كشتوكاڵەوە لێ دەكرد، بۆیە بڕیاری دا كە لە ناو كێڵگەكەی قوتابخانەیەك بكاتەوە و هەفتانە بۆ چەند رۆژێك بە نەزەری و عەمەلی وانە بڵێتەوە.


ئازاد محەمەد ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە خەریكی كشتوكاڵكردنە لە شارەدێی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی دروستكردنی چەند جۆر دەرمانی لەناوبردنی گژوگیا و مێروو و چاندنی بەرهەمی نوێ و پێوەنكردنی زیاتر لە چوارجۆر بەرهەم لەسەر یەك قەد، بەدەیان خەڵاتی رێزلێنانی لە رێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان و وەزارەت پێ بەخشراوە. 

ئەو لەسەر زەویەكی 10 دۆنمی زیاتر لە 250 تۆن بەرهەمی جۆراوجۆری هەیە، تەنیا لەسەر تەماتەش بە پێوەنكردن (تەماتەو بیبەر و بایجان و خەیار)ی بەرهەم هێناوە، دەرمانی بۆ گیاكەڵەك دۆزیوەتەوە كە بەرهەمی خەیار لەناو دەبات، تا ئێستە لە جیهان دەرمانی ئەو گیاكەڵەكە نەبووە، لە بەردەوامبوون لە داهاێنانەكانی هۆلێكی كردووەتەوە لە ناو كێڵگەكەی بۆ گوتنەوەی وانە بە جوتیاران و خوێندكاران.

جووتیارە نموونەیەكەی هەڵەبجە بۆ "وشە"ی گوت، لەبەر ئەوەی خەڵكانێكی زۆر رۆژانە سەردانیان دەكردم و هەر كەسێك و لەكاتێك دەهات و پرسیاری دەكرد لە بارەی كشتوكاڵەوە، بۆیە بریارم دا لە ناو كێڵگەكەم ژوورێكی گەورەم هەیە وەك قوتابخانەیەكی لێ بكەم و بۆ ئەو كەسانەی كە هەفتانە سەردانم دەكەن، بۆ چەند رۆژێك بە نەزەری و عەمەلی وانەی تێدا بڵیمەوە.

زیاتر گوتی، دەمەوێ ئەو قوتابی و جووتیارانەی كە لە شوێنە جیاجیاكانەوە سەردانم دەكەن فێریان بكەم ئەو ئەزموون و زانستەی پێمە بەوانیشیی ببەخشم، بۆ ئەوەی بەرهەمی وڵاتەكەمان زیاد بكات، بۆیە لە وانەكەدا باسی چۆنیەتی چاندنی بەرهەمەكان و پاراستنیان لە سەرما و گەرما و مێروە زیانبەخشەكان و ئاودان و خزمەتكردنیان دەكەین.

بێستون محەمەد خوێندكارێكی كۆلێژی كشتوكاڵە لە زانكۆی هەڵەبجە بۆ "وشە" گوتی، زۆر سوود لە وانەكانی كاك ئازاد وەردەگرین و لە كۆلیژ بە نەزەری وانەكان دەخوێنین و دێینە قوتابخانەكەی كاك ئازادیش بە عەمەلی كار دەكەین لە ناو كێڵگەكەی و هیوادارین بەردەوام بێت لە خزمەتكردن.

لای خۆیەوە حەمەساڵح ئەمین جووتیارێكی شارۆكەی شارەزوورە و ماوەی چەند رۆژە لە قوتابحانەكەی ئازادی جووتیار وانە دەخوێنێت بۆ "وشە" دەڵێت، زیاتر لە 10 ساڵە كاری كشتوكاڵی دەكەم، بەڵام ئەوەی لای ئازاد دەیبیستم و دەیبینم نەم زانیوە، ئەم جووتیارە كەسێكی لێهاتوو بە ئەزموونە.

ئەمین زیاتر گوتی، خۆم باغی هەنارم هەیە و سەرقاڵی دروستكردنی خانووی پلاستیكیم بۆ ئەوەی بەرهەمی خەیار و تەماتە بەرهەم بهێنم، بۆیە بڕیارم دا پێشتر بێمە لای كاك ئازاد بۆ ئەوەی كارەكانی ئەو ببینم و وانەكانی ئەو وەربگرم تاكو بتوانم كارێكی باش بكەم.

وشە/ سەلام هانەدنی.













وشە - مه‌حموود ئیسماعیل