بەوێنە.. پڕۆژەیەكی نوێی شاجوانی دنیا بۆ كوردستان بەڕێ دەكەوێت

:: AM:09:10:29/05/2017 ‌

كچە شاجوانەكەی دووەمی دنیا نینا موراد، وەك كچە كوردێك و وەك شاجوانێكی دنیا شانبەشانی هاوكاریكردنی وڵاتانی دنیا، وڵات و هاووڵاتییانی وڵاتەكەی لەیاد ناكات و هاوكارییان دەكات. ئەمڕۆ دووشەم شاجوان بە"وشە"ی راگەیاند: پڕۆژەی نوێم دەست پێ كردووە بەهاوكاری ڕێكخراوە مرۆیییەكانی ئوسترالیا بەناوی  Donation in Kind Container of Hope Days For Girls و ڕێكخراوی مرۆیی جیهانی رۆتەری Rotary كەئەندامی فەخریم لەو ڕێكخراوە.

هەروەها گوتی، لە ئێستەدا توانیومانە كۆنتێنەری دووەم ئامادە بكەین و ئەمڕۆ بەرەو كوردستانمان بەڕێ كردووە، بەم زوانە دەگاتە كوردستان، كەلوپەل و پێداویستی ئەم جارەی پڕۆژەكەم بریتین لە پێداویستی نەخۆشانە و قوتابخانە، سوپاسی ئەو هاوڕێیانە دەكەم یارمەتییان دام لەباركردنی كۆنتێنەرەكە. هاوكات پڕۆژەی سێیەمیشم لە بەرنامەدایە و بەم زووانە دەست بەكارەكانی دەكەم .

نینا ئاماژەی دا، ئامانجم خزمەتكردنی هەژارانی كوردستانە، ئەو پێداویستی و كەلوپەلانە لە ئوسترالیا لە شاری ئەدەلاید كۆ كراونەتەوە و هەوڵ دەدەم بگەڕێمەوە بۆ كوردستان، لەگەڵ گەیشتنەوەی كۆنتێنەرەكە بەشداری بكەم لە دابەشكردنیان.

نینا لە‌دایكبووی ساڵی 1995ە‌و لە ڕانیە‌ لە دایك بووە، نیشتەجێی ئوستراڵیایە و خاوە‌نی دوو بڕوانامە‌ی بەكالۆریۆسە لە ‌هەریە‌ك لە بوارەكانی پە‌روە‌ردە و زانست، وانەی تایبە‌تی خوێندن لە یە‌كێك لە خوێندگەكان دەڵێتەوە لەو وڵاتە و قوتابی دوا قۆناغی زانكۆیە، ئەندامی كۆمەڵەی گەنجانی ئەدەلایە لە هەمان وڵات‌، ساڵی ڕابردوو لەگەڵ زیاتر لە 30 وڵات بەشداریی لە هەڵبژاردنی خانمانی جیهانی كرد و پێشبڕكێیەكە لە 8/7/2016 ئەنجام درا و تێیدا ناوبراو تاجی شاجوانی دووەمی جیهانی لەسەر نا . 

كۆنتێنەری یەكەمی بریتی بوو لە ناردنەوەی پێداویستیی 400 قوتابی لە جلوبەرگ، جانتا، پەڕاو، پەڕتووكی زانستی، كورسی، سێ دەزگەی پزیشكی، 10 مەكینەی دروومان، كابینەیەكی گەورە و كۆمەڵێ پێداویستی تر .

هه‌ولێر/ شاخەوان شێخانی






















وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د