كۆستا تەنیا لەم حاڵەتە یانەی چێڵسی جێدێڵێ

:: AM:09:44:29/05/2017 ‌

دییگۆ كۆستای هێرشبەری ئیسپانی ئاشكرای كرد كە ئامادەیە بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەی چێڵسی ئینگلیزی جێبێڵێ ئەگەر بەرپرسانی یانەكە ئارەزووی فرۆشتنی بكەن.

كۆستا لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ رۆژنامەی (میترۆ)ی ئینگلیزی گوتی: ئاگادارم ئەم هاوینە یانەی چێڵسی نیازی هەیە چەند یاریزانێكی بفرۆشێ، منیش گرێبەستەكەم لەگەڵ یانەكەدا هێشتا دووساڵی ماوە و ناچم بۆ هیچ یانەیەكی تر مەگەر لەیەك حاڵەتدا ئەویش بەرپرسانی یانەكە خۆیان داوای رۆیشتن و فرۆشتنم بكەن.

زیاتر گوتی: گرێبەستەكەم لەگەڵ یانەی چێڵسی درێژەی هەیە و هیچ نیازێكی رۆیشتنیشم نییە، بەڵام ئەگەر راهێنەر چیتر پشت بە تواناكانم نەبەستێ و یاخود بیەوێ هێرشبەرێكی تر بهێنێتە ریزی تیپەكەیەوە ئەوا بەبێ دوودڵی یانەكە جێدێڵم، خۆشتان دەزانن ئەگەر یانەی چێڵسی جێبێڵم روو لە چ یانەیەكی تری ئەوروپا دەكەم.

كۆستا لەبارەی یانەكەی داهاتووی رایگەیاند: ئەگەر ناچارم بكەن دوور لە ئیسپانیا درێژە بە ژیانی وەرزشی بدەم، ئەوا پێم باشترە هەر لە چێڵسی بمێنمەوە و نەڕۆم بۆ هیچ شوێنێكی تر، ئەگەر بەرپرسانی یانەكەش نیازی فرۆشتنی منیان هەبێت دەزانن ئارەزووی چوونی چ یانەیەكی تر دەكەم.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو یانەیەی كە كۆستا بڕیاری یاریكردنی تێداوە جگە لە یانەی چێڵسی، یانەكەی پێشووی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانییە، وەرزی داهاتووش نزیكبوو بگەڕێتەوە ئەو یانەیە لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرەتای ساڵدا دەستەوارەیەكی گرانبەهای لە خولی تۆپی پێی چینەوە پێ گەیشتبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م