ئەمەریكا: جەنگ لەگەڵ كۆریای باكور كارەساتبارە

:: AM:10:01:29/05/2017 ‌

دوای تاقیكردنەوە مووشەكییەكەی كۆریای باكور، جێمس مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئەگەر لە رێی دانوستاندن كێشەی چەكی ناوكی لەگەڵ كۆریای باكور چارەسەر نەكرێت، شەڕكردن لەگەڵ ئەو وڵاتە كارەساتبار دەبێت.

ئەو دەڵێت ئەگەر ئەو جەنگە روو بدات، ئەوا سیئولی پایتەختی كۆریای باشوور كە یەكێكە لە قەرەباڵغترین پایتەختەكانی دنیایە لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە، مەترسییەكی گەورەی لەسەر دەبێت و هەر جۆرە جەنگێك لەگەڵ كۆریای باكور دەرهاویشتەی زۆر تاڵی لێ دەكەوێتەوە. 
وەزیری بەرگریی ئەمەریكا باس لە هەڵسوكەوتی سەرۆكی كۆریای باكور دەكات كە هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئەمەریكا، هەڵبەت بۆ چین و ژاپۆن و كۆریای باشووریش هەڕەشەیەكی گەورەیە.

ئەمەریكا دانی بەوە ناوە كە كۆریای باكور بەهۆی تاقیكردنەوە یەك لەدوای یەكەكانی جار بەجار باشتر دەبێت و هەڕەشە و مەترسییەكانیشی زیاتر دەردەكەون.

كۆریای باكور نۆیەمین مووشەكی خۆی لە شەش مانگی رابردوودا تاقی كردەوە و ئەمەش وای كرد حكوومەتی نوێی كۆریای باشوور خێرا كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ساز بكات.

هاوكات ژاپۆنیش كە مووشەكەكە لە سنووری دەریایی ئەو هاتووەتە خوارەوە، وێڕای مەحكومكردنی ئەو تاقیكردنەوەیە، هەنگاوەكەی كۆریای باكوری بە مەترسیدار هەژمار كرد.

هەردوو وڵاتی كۆریای باشوور و ژاپۆن كە لەرووی سەربازییەوە لە لایەن ئەمەریكاوە پشتیوانییان لێ دەكرێت، خوازیارن ئەمەریكا بە گوشار خستنەسەر چین، حكوومەتی كۆریای باكور رازی بكات واز لەو جۆرە هەنگاوانە بهێنێت.

سەرچاوە/بی بی سی




وشە - سلێمان تاشان