سهعات 12ی شەوی رابردوو 27/26ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2016، بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێكی جۆری هیۆندا توكسۆن لە گەڕەكی زانیاریی شارۆکەی سۆران، دوو ئافرەت كە یەكێكیان شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بوو گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی تریش کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون بە سەختی بریندار بوون.
لەو بارەیەوە ملازم ئیحسان چەلەبی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، سهعات 12ی شەوی رابردوو، لە گەڕەكی زانیاری لە سەنتەری شارۆكەی سۆران رووداوێكی هاتووچۆ تۆمار كراوە، کە بریتی بووە لە ئۆتۆمبێلێكی جۆری هیۆندا توكسۆن، ژمارە هەولێر رەنگی سپی لە دەستی شوفێرەكە دەرچووە و لە بەرزای 3 بۆ 4 مەتر وەرگەڕاوە، بەداخەوە دوو هاووڵاتیی دانیشتووی سۆران کە هەردووكیشیان ئافرەتن، یەكێكیان شوفێر و ئەوەی تریشیان سەرنشینی ئۆتۆمبێلەكە بووە بە ناوەكانی "دونیا عەبدولڕەحیم و مەحبوب محەمەد" گیانیان لەدەستدا.
لە بارەی زیانەکانی تری ئەو رووداوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران گوتی، هاوكات حەوت سەرنشینی تر برینداربوون كە پێنجیان منداڵ و یەكێکیان پیاو و ئەوەی دیكەیان ئافرەتە، ئافرەتەکە بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر كراوە، بەڵام بریندارەكانی دیكە باری تەندروستییان جێگیرترە و لەسۆران لەژێر چاودێریی پزیشكیدان.
عهمید عیماد رێكانی بهڕێوهبهری بهرگری شارستانی سۆران بۆ "وشه" گوتی، دوای ئاگهداركردنهوه، تیمهكانمان گهیشتنه شوێنی ڕووداوهكه و قوربانییهكانیان به پهله گهیانده نهخۆشخانه بۆ ئهوهی چارهسهری پێویستیان بۆ بكرێت.
سۆران – موڕشید برادۆستی