تۆپی یاریی كۆتای جامی پورتوگال لە ئاسمان هاتبووە خوارەوە

:: AM:10:42:29/05/2017 ‌

لە دیمەنێكی جیاوازی یاریی تۆپی پێدا، تۆپی یاریی كۆتای جامی پورتوگال كە دوێنێ یەكشەم لەنێوان هەردوو یانەی بەنفیكا و ڤیتۆریا گیمارایش بەڕێوە چوو، لەلایەن كەسێكەوە لەسەر فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە درایە دەست ناوبژیوانی یارییەكەوە.

لەو یارییەدا كە یانەی بەنفیكا بەئەنجامی 2-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە، هاندەرانی نێو یاریگە تووشی سەرسڕمان بوون كاتێك بینیان تۆپەكە لە ئاسمانەوە لەلایەن كەسێكەوە لەسەر فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە هاتە نێو یاریگە درایە دەست ناوبژیوان بۆ ئەوەی فیكەی دەستپێكی یارییەكەی لێ بدات.

یانەی بەنفیكا هەفتەی رابردوو توانیبووی ناسناوی خولی تۆپی پێی پورتوگالیش بەدەست بێنێ و بە 36 ناسناو دەست بەسەر مێژووی خولەكەدا بگرێت.

یانەی بەنفیكا لە وەرزی 2013-2014وە نەیتوانیبوو هیچ ناسناوێكی جامی پورتوگالی بەدەست بێنێ، ناسناوەكەی شەوی رابردووش بووە 29مین ناسناو لە مێژووی پاڵەوانیەتییەكە.

یانەی بەنفیكا یەكەم یانەیە لە وڵاتی پورتوگال زۆرترین ناسناو بەدەست بێنێ، هەروەها یەكەم یانەشە 11 جار لە یەك وەرزدا هەردوو ناسناوی خول و جامی پورتوگالی بەدەستهێنابێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م