نزیكەی 200 هەزار ئاوارە لە پارێزگای دهۆكەوە گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان

:: AM:11:17:29/05/2017 ‌

 

 

پارێزگای دهۆك یەكێك لەو پارێزگایانە بووە كە لە سێ ساڵی رابردوودا زۆرترین ژمارەی ئاوارە و خەڵكی لێقەوماو لە پارێزگاكانی عێراق و رۆژئاوای كوردستان روویان تێكردووە و تیایدا گیرساونەتەوە. ماوەیەكە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنە رزگاركراوەكان دەستی پێ كردووە.

 

دوای ئەوەی بەشێكی بەرچاو لە پارێزگاكانی عێراق لە ژێر دەستی داعش هێنرانە دەرەوە، بەشێك لە ئاوارەكانیش بۆ شوێنی سەرەكی خۆیان گەڕاونەتەوە، هەرچەندە دوای كردەوەگەلی رزگاركردنی مووسڵ بەشێك لە خەڵكی نێو شاری مووسڵ روویان لە پارێزگای دهۆك كردووە.

 

سالم سەعید بەڕێوەبەری راگەیاندن و پێوەندییەكانی بۆردی كاروباری مرۆڤایەتی لە پارێزگای دهۆك بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، هێشتا ١٤٣ هەزار خێزان  و بەگشتی سەرووی ٧٣٢ هەزار ئاوارە لە پارێزگای دهۆك ماون و پێشتر ژمارەكەیان بۆ نزیكەی ٩٠٠ هەزار كەس بەرز بووبووەوە.

 

ئەو دەڵێت لە پارێزگای دهۆك ٢٧ كەمپی تێدایە كە لەو كەمپانە چواریان تایبەت بوون بە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەوانی تر تایبەتن بە ناوخۆی عێراق و لەم دواییانەش هەندێك كەمپی تر بۆ ئاوارەكانی نێو شاری مووسڵ دروست كران.

 

ئەو باسی لەوە كرد كە ژمارەی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان دەگەیشتە سەرووی ١٤٠ هەزار كەس، بەڵام ئێستە ژمارەیان بۆ ٦٣ هەزار كەس كەمی كردووە.

 

هێشتا ئاوارەكان بارێكی گرانن لەسەر پارێزگای دهۆك و بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بێكاری و گرانی لە پارێزگاكە پەرەی سەندووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركێكی قورسی خراوەتە سەرشان.

 

ئەو روونی كردەوە، دوای دەستپێكردنی كردەوەگەلی مووسڵ، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زیاتر بەو كەمپانە رادەگەن كە تازە دروست كراون و كەمپەكانی تریان پشتگوێ خستووە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و یەكەی كارگێڕیی پارێزگای دهۆك دەبێت ئەو بۆشایییە لە خزمەتكردنی ئاوارەكان پڕ بكەنەوە.

 

سالم سەعید ئاماژەی بەوەش كرد كە بەشێكی بەرچاو لە ئاوارەكان، هی ناوچەی شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، بەڵام بەهۆی ئاوەدان نەكردنەوەی شوێنەكانیان و پرسی تەناهی، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

 



وشە - سلێمان تاشان