لە ماوەی ڕابردوودا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستیان بە هەڵمەتێك بۆ گرتنەوەی ناوچەكانی باشووری شنگال لە دەست داعش كردووە و هاوكات لەگەڵ ئەو پرۆسەیە لە عێراق، لە سووریاوە سوپای ئەسەد و میلیشیاكانی سەربە ئێران، بەرەیەكی شەڕی فرەوانیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی سووریا و بە ئاراستەی شاری دێرەزوور و مەیادین كردووەتەوە.
چاودێران وای دەبینن كە ئەو پێكەوە بەرەو یەك ئاراستە جوڵاندنی دوو هێزی نزیك لە ئێران، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە بۆ دروستكردنی ڕێڕەوە سەربازییەكەی ئێران كە بەناو سووریا و عێراقدا دەڕوات. بۆ كەمكردنەوەی مەودای كاركردنی ئەمەریكا.
جموجۆڵ لە عێراق
ماوەی هەفتەیەكە حەشدی شەعبی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای بەسەرپەرشتی ئەمەریكا شكاندووە، پێشڕەوی بۆ ناوچەكانی باشووری شنگال دەست پێ كردووە و ناوچەكانی "تەل قەسەب و تەل بەنات" و چەند گوندێكی تریشی لە تیرۆریستانی داعش وەرگرتووەتەوە، بەرەو سنووری سووریا پێشڕەوی دەكەن بۆ ئەوەی لەودیویشەوە سوپای ئەسەد بگەن پێیان. عەمید سمێ بۆسەلی فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێ، چەند كۆمەڵگەیەكی تریش ماون كە ناوچەی ئێزیدییەكانن.
عەقید هەكار نهێلی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال، بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، كە ئێستە حەشدی شەعبی بە هاوەن و چەكی قورس بۆردمانی تیرۆریستان لە سێ كۆمەڵگەی تری باشووری شنگال دەكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو هەوڵانەی حەشدی شەعبی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانەیە دەكەونە سەر ڕێڕەوە نوێیەكەی ئێران بۆ گەیشتن بە سووریا كە ئێستە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لە تەلەعفەرەوە بە باشووری شنگال و لەوێوە بۆ شارۆكەی بەعاج و ئینجا بۆ سووریا دەپەڕێتەوە بە ئاراستەی شارۆكەی مەیادینی سووریا.
فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودایە و هێزی زۆر بە چەكی قورسەوە گەیشتوونەتە ناوچەكە، باشووری شنگال بەشێكە لە خاكی كوردستان و بەگوێرەی ڕێككەوتن، پێشمەرگە ڕزگاری دەكرد و بەڕێوەی دەبرد، بۆیە چاوەڕوانی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانن و هەر فەرمانێك بێ، بە خێرایی جێبەجێ دەكرێ و ناوچەكان دەخرێتەوە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستان.
عەمید سمێ بۆسەڵی دووپاتی كردەوە كە دۆخی شنگال و ناوچەكە لە ئاڵۆزیدایە، لەلایەك داعش و حەشدی شەعبی، لەلایەكی تریشەوە پەكەكە هەن و هەمووان هەوڵی سەپاندنی هێزی خۆیان بەسەر ناوچەكەدا دەدەن.
بەغدا بەرامبەر میلیشیاكان بێدەنگە
هەرچەندە حەشدی شەعبی ڕێككەوتنی ڕزگاركردنەوەی مووسڵی پێشێل كردووە، بەو پێیەی بەگوێرەی ڕێككەوتن، ئەو ناوچانە دەخرانە ژێر دەستی پێشمەرگە، بەڵام بەغدا هیچ هەڵوێستێكی نییە و بێدەنگی هەڵبژاردووە.
ئەفسەرێكی سوپای عێراق لە بەغدا كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، حكوومەتی عێراق ئاگەدارە میلیشیاكان ئەو ڕێككەوتنەیان شكاندووە، بەڵام ئێران هەڕەشەی كردووە و بەغدا ناتوانێ هیچ هەڵوێستێك بنوێنێت، میلیشیاكان تا گرتنەوەی ڕێرەوەكە بۆ سنووری سووریا بەردەوام دەبن لە پێشڕەوی.
هەروەها گوتی، "میلیشیاكان 180 بنكە و سەربازگەی گەورە و پڕچەكیان لە بەغدا هەیە و ئیتر ئەوان بوونەتە هەڕەشەیەكی ڕژد لەسەر بەغدا و هەر كارێك بیانەوێ ئەنجامی دەدەن و هەرچیش بەدڵیان نەبێ ڕێگری لێ دەكەن".
ئەسەد و میلیشیاكان بەرەو سنووری عێراق دێن
هەرچەندە لە ئەگەری نەمانی ئاگربەست، دۆخی شەڕ لە ڕۆژئاوای سووریا قورس دەبێ، بەڵام ڕژێمی ئەسەد و میلیشیاكانی ئێران ژمارەیەكی زۆری هێزیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی سووریا و بە ئاراستەی دێرزوور جووڵاندووە كە جۆرەها چەكی قورسیان پێیە، جموجۆڵی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق و سوپای ئەسەد لە سووریا لە یەك كاتدا دەستی پێ كرد و ئامانج كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانەیە دەكەونە سەر ڕێڕەوەكەی ئێران.
پێشتر وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی ڕژێمی ئەسەد ئاشكرای كرد كە بە بڕوای ئەوان، گرتنەوەی دێرزوور لە ڕەقە زۆر گرنگترە. هاوكات وەزاح عەبد ربە سەرنووسەری ڕۆژنامەی "وەتەن"ی سەربە ڕژێمی ئەسەد لە ماوەی رابردوو لە وتارێكدا ئاماژەی دا، سوپا بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوا بۆ دێرزوور و سنووری عێراق، ئامانج ڕێگرییە لە هێزەكانی ئەمەریكا كە خەریكە بە تەواوی لە ڕۆژهەڵاتی وڵات بڵاو دەبنەوە.
ئەسەد و میلیشیاكانی ئێران لە سێ میحوەرەوە بە خێرایی بەرەو دێرزوور و سنووری عێراق دەستیان بە پێشڕەوی كردووە، كە لە میحوەری دەوروبەری دیمەشق بە ئاراستەی دەروازەی تەنەف، ئەوەی تریش لە تەدموری ڕۆژهەڵاتی حمس بە ئاراستەی شاری سەخنە، سێیەم میحوەریش لە حەماوە بەرەو دێرەزوور پێشڕەوی دەكات.