لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وێنەی منداڵێكی تەمەن 13 مانگی شاری كەركووك بڵاو بووەتەوە و كە شوێنەواری ئازار و ئەشكەنجەدان بە ڕووخسارییەوە دیارە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش ئەو منداڵە لەو كاتەی لە دایەنگە بووە، بەو شێوەیە ئەشكەنجە دراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو كراوەتەوە، ڕۆژی 25ی ئەم مانگە، دوای ئەوەی دایك و باوكی چوونەتە دوای منداڵەكەیان لە دایەنگەیەكی شاری كەركووك تا بیبەنەوە بۆ ماڵ، كەچی بینیویانە دەموچاو و ڕووخسار بە تەواوی شین و مۆر بووە و لووتیشی بریندار بووە.
كاتێك باوكی لە بەڕێوەبەری دایەنگەكە دەپرسێ ئەمە بۆ وای لێ هاتووه، پێی دەڵێن كە منداڵێكی هاوتەمەنی خۆی لێی داوە، بەڵام هیچ جێی باوەڕ نەبووە، بۆیە باوكی منداڵەكە سكاڵای لەسەر دایەنگەكە تۆمار كردووە.
بەگوێرەی زانیاریی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، دادوەر لەسەر سكاڵای باوكی منداڵەكە بانگهێشتی بەڕێوەبەر و چاودێرانی منداڵانی نێو دایەنگەكەی كردووە تا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێ و دواتر دادگایی بكرێن.
جێی باسە پێشتریش منداڵێكی تر لەلایەن باوكییەوە لە كەركووك بەشێوەیەكی زۆر خراپ ئەشكەنجە درا و وێنەكانی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بووەوە و لە ئاكرێش پزیشكان بەهۆی هەڵەوە دەستی منداڵێكی بچووكیان ناچار بە بڕینەوە كرد، ئەم ڕووداوانە زۆرێك لە چالاكان و خەڵكی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هێنایە دەنگ و هەمووان نەفرەتیان لە بكەرانی ئەو ڕووداوانە دەكرد.