جووتیارانی سنووری شارۆكەی ئاكرێ، لە ئێستەوە دەستیان بە چاندنی برنج لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان كردووە و ئاماژە بەوەش دەكەن، بەهۆی ئەوەی ساڵی ڕابردوو خێری زۆریان لە برنجی بەرهەمهاتوو وەرگرتووە، ئەمساڵ دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو برنج لە ناوچەكە دەچێنن، نیگەرانیشن لەو خەڵكەی كە برنجی هاوردە بەناوی برنجی ئاكرێ دەفرۆشن.
بەهزا عیسا یەكێك لە جووتیارانی شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆكەی ئاكرێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ساڵی ڕابردوو برنجی بەرهەمهاتوومان خێروبێری زۆری بۆمان هەبوو و داوایەكی زۆر لەسەر برنجی ئاكرێ لە بازاڕدا هەیە، بۆیە ئەمساڵ دەمانەوێ برنجی زیاتر بچێنین و بڕی چاندنی برنجمان بۆ دوو هێندە بەرز كردووەتەوە.
لەبارەی قورسی و پێویستی زۆری كاركردن بۆ چاندنی برنج، ئەو جووتیارە گوتی، خەڵكی ناوچەكە بە هەرەوەزی كۆ دەبنەوە و برنجی یەكێك لە جووتیارەكان دەچێنن و ڕۆژانی دواتر هی یەكێكی تر، واتە كارەكە بە هەرەوەزیی هەموومان ئەنجامی دەدەین و بەیەكەوەش كاتێكی خۆش بەسەر دەبەین.
ناسر چاربوتی جووتیارێكی تر بۆ "وشە" گوتی، لە كۆنەوە ئاكرێ بە برنج بەناوبانگە و لەم ساڵانەی دوایی ڕێژەیەكی یەكجار زۆری برنج دەچێنین، چونكە لە بازاڕ ڕەواجێكی یەكجار زۆری هەیە، ئەمساڵیش ڕێژەیەكی زۆر زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو دەچێنرێ، هەندێ ناوچەكە بەهۆی كێشەی نەبوونی ئاوەوە دەستبەرداری چاندنی برنج بوون، ئەگەر حكوومەت سەرچاوەكانی ئاو نۆژەن بكاتەوە، ئەوا دەتوانرێ ڕێژەی بەرهەمهێنانی برنج بۆ ئاستێكی زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە.
جووتیارانی ئاكرێ سەرەڕای ئەوەی بە تامەزرۆیی و كاری ڕژدەوە خەریكی برنج چاندنن، بەڵام نیگەرانیشن لەو خەڵكەی برنجی هاوردە بەناوی برنجی ئاكرێ دەفرۆشن، بۆیە هاووڵاتییان دڵنیا دەكەنەوە كە زۆربەی برنجی ئاكرێ نایەتە بازاڕەكان، بەڵكو لەلایەن چێشتخانەكانی كوردستان دەكڕێتەوە و ئەوەی لە بازاڕدایە بەهیچ شێوەیەك برنجی ئاكرێ نییە.
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ لەوبارەوە بۆ "وشە" گوتی، مەزەندە دەكرێ ئەمساڵ چوار هەزار دۆنم زەوی لە ئاكرێ بە برنج دابچێنرێ و پێشبینی دەكەین پێنج هەزار تۆن برینجیش بێتە بەرهەم، زۆرترین بڕی برنجیش لە شارەدێی گردەسێن و دینارتە بەرهەم دەهێنرێن.
ئاكرێ/نەوزاد هلۆری.