بەرزترین حاڵەتی ئەمنی لە یارییەكەی یۆڤانتۆس و ریال مەدرید راگەیەنراوە

:: AM:11:59:29/05/2017 ‌

یارییەكەی نێوان یۆڤانتۆسی ئیتاڵی و ریال مەدریدی ئیسپانی لە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا یەكەم یاریی دەبێت كە زۆرترین و توندوتۆڵترین كاری تەناهی لە مێژووی خولەكەدا بۆ كرابێت.

یارییەكە رۆژی شەمووی داهاتوو لەنێو یاریگەی نیشتمانی لە شاری كاردیفی ویڵز بەڕێوە دەچێت.

بەرپرسانی ئەمنی شاری كاردیف بەتواوی ترسیان لە بەڕێوەچوونی یارییەكە نیشتووە دوای تەقینەوەكەی هەفتەی رابردووی شاری مانچستەر یونایتد كە بووە هۆی مردنی 22 كەس، ئەمە وای لێ كردوون بەرزترین حاڵەتی ئەمنی تا وادەی بەڕێوەچوونی یارییەكە رابگەیەنن.

یەكەتیی تۆپی پێی ویڵز بڕیاریداوە لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكەدا سەقفی یاریگەی نیشتمانی دابخات ئەویش بەهۆی هەندێ هۆكاری ئەمنییەوە، بێگومان ئەمەش یەكەمجارە یارییەكی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگەیەكی داخراو بەڕێوە بچێت و پێشتر سەرجەم یارییەكان لە یاریگەی كراوە بەڕێوە چووە.

دەسەڵاتدارانی ئەمنی شاری كاردیف ئاماژەیان بەوەشداوە كە 15 هەزار كەس لە دەزگاكانی تەناهی و پۆلیس ئەركی پاراستنی شوێنەكانی چوار دەوری یاریگەیان تا دووری 2 كیلۆمەتر پێ سپێردراوە، هەروەها لەنێو یاریگەش بەشێوەیەكی بەربڵاو پیاوانی ئاسایش و ئەمنی بڵاوە پێ دەكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م