قاسم خۆی سواڵ بە ژن و منداڵەكانی دەكات

:: PM:12:18:29/05/2017 ‌

رێناس كچی گەورەی ئەو خێزانەیە كە لەلایەن باوكیانەوە بەدرێژایی 10 ساڵ ناچار بە سواڵكردن كراون. لەپاڵ كڕینی چەندان جۆری شرووب و حەبی سڕكەر كە باوكیان پێی ئالوودە بووە.

"زۆر منداڵ بووم بیرم دێت باوكم و دایكم هەمیشە شەڕیان دەكرد، باوكم زۆر دڕندانە لە دایكمی دەدا، چەند جار من و دایكم لەبەر باران لە حەوشەدا خەوتووین، قاسم مرۆڤ نەبوو، ئەوكات لە هیچ تێنەدەگەشتم، بەڵام كاتێك گەورە بووم تێگەیشتم هەمیشە بۆ سواڵكردن و كڕینی حەب و دەرمانی سڕكەر زۆری لە دایكم كردووە"، رێناس ئەوا چیڕۆكەكەی دەگێڕێتەوە.
ئەو كە بەدەگمەن وشەی باوك بەكار دێنێت و زیاتر ناوی قاسم دەبات، ئەوەی لە تەمەنی منداڵیدا بیری ماوەتەوە، ئەو رۆژانەیە كە چمكی عەباكەی دایكی گرتووە و شەقامە و شەقام سواڵی لەگەڵ كردووە.
رێناس لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لەگەڵ برا چوار ساڵییەكەی، سووچی عەباكەی دایكی بەردەدات، چیتر دەبێت خۆی لەلایەك و دایكی لەلایەكی تر سواڵ بكەن.
ئەو دەڵێ، "ئەگەر رۆژێك بەشی ئەوەندە پارەمان كۆ نەكردایەتەوە كە دەبوو حەبی سڕكەری بۆ قاسم پێ بكڕین، یان دەرمانخانەیەك ئەو دەرمانەی پێ نەفرۆشتباین، ئەوە دڵنیا بووین لەوەی دەبێت شەو لە دەرەوەی ماڵ رۆژ بكەینەوە، ئەو شەوانە دوای لێدانێكی زۆر، قاسم فڕێی دەداینە دەرەوە".
شوێنەواری برینێك لەسەر رووخساری رێناس، یادەوەرییەكی تاڵی دەستی باوكی نیشان دەدات، "رۆژێك لەكاتی گەڕانەوەماندا لە سواڵكردن دوو پیاو هاتنە سەر رێگەمان و تا توانییان لە من و براكەمیان دا و ئەو پارەیەیان لێ سەندین بە سواڵ كۆمان كردبووەوە، بەدەست بەتاڵییەوە گەڕاینەوە ماڵەوە، قاسمیش ئەوەندەی تری لێ داین و بە چەقۆیەك برینداری كردم".
قاسم خۆیشی لە شەقام و بازاڕەكاندا سواڵ دەكات، جگە لە منداڵەكانی، دایكیشیانی ناچار بە سواڵ و وەرگرتنی قەرز لە دراوسێ و خزمەكانی كردووە. رێناس دەڵێ، "قاسم وەك شەیتان بیرۆكەی خراپی بۆ دەهات، هەندێك جار نەخۆشی دەخستین بۆ ئەوەی بەناوی نەخۆشیی ئێمەوە پارە لە خزم و هاوڕێكانی وەربگرێت، جارێكی تر خۆی دەخستە نەخۆشخانە و دەیگوت نەشتەرگەریم بۆ دەكرێ، تەنیا بۆ ئەوەی بەناوی هاوكارییەوە پارەیەكی دەست بكەوێت".
رێناس بە ماوەی 10 ساڵ سواڵكردنەوە بەردەوام خۆی لە سواڵكەرەكانی تری شار جیا دەكاتەوە، ئەو دەڵێ، "زۆرینەی سواڵكەران دەوڵەمەندن، ناوماڵی باش و ئۆتۆمبێلی بەرزیان هەیە، ئێمە لە دوو ژووری كرێ بووین، بەهۆی قاسمەوە هیچ كات وەك خێزانێك لەسەر سفرەیەكی گەرم لە دەوری یەك كۆ نەبووینەتەوە".
ئەو باس لە خراپییەكانی باوكی دەكات كە بەردەوام زیاتر دەبوون و گوتی، "شەوێك قاسم هەڕەشەی لە دایكم كرد بە هەر شێوەیەك بووە دەبێت پارەی بۆ پەیدا بكات، دایكم نەیتوانی هیچ بكات، قاسم بەتوندی ئەشكەنجەی دا و من و براكەم رزگارمان كرد، هەر ئەو شەوە دایكم لەگەڵ خوشكە بچووكەكەم رای كرد".
كاتێك بەیانی دەبێتەوە و قاسم لەوە بە ئاگا دێتەوە هاوسەرەكەی رای كردووە، رێناس و براكەی دەردەكات، "قاسم پێی گوتین دایكتان بۆ كام جەهەنەم چووە، ئێوەش بڕۆنە ئەوێ"، بەختی ئەو خوشك و برا بچووكە لەوەدابوو كە دایكیان بەر لەوەی رابكات، ئاگەداری كردوونەتەوە دەچێتە ماڵە خزمێكیان و ئەوانیش بەدوایدا دەچنە ئەو ماڵەوە و دایكیان دەدۆزنەوە.
"دوو هەفتە لەو ماڵە ماینەوە، تا رۆژێك هەواڵی قاسممان زانی كە لەسەر دزیكردن گیراوە، پاش دەركردنی ئێمەش، كەلوپەلی ناوماڵەكەی فرۆشتووە" رێناس وای گوت.
ئێستە قاسم لە گرتووخانەیە و منداڵەكانیشی لەگەڵ دایكیان دوور لە سواڵكردن دەژین، بژێوی ئەوان لەسەر كرێیەكە كە دایكەكە وەك خزمەتگوزارێكی پاكەوان لە كۆمپانیایەك وەری دەگرێت. رێناس دەڵێ، "ئێستە ئێمە لەسەر سفرەیەكی گەرم وەك خێزانێك كۆ دەبینەوە، بەڵام هەموومان لە قاسم دەترسین پاش بەربوونی لە گرتووخانە".

 هەولێر- ئیڤان عەبدوڕەحمان



وشە - تایبه‌ت