فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال ئاشكرای كرد، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئەو ناوچە ئێزیدییانەی لە تیرۆریستانی داعشیان سەندووەتەوە، ڕێگری لە ئێزیدییەكان دەكات بچنەوە بۆ ناوچەكانیان و بەدوای تەرم و رووفاتی كەسوكارەكانیان بگەڕێن.
قاسم دربۆ فەرماندەی پێشمەرگە و كەسایەتی دیاری كوردانی ئێزیدی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونی "تەل بەنات و تەل قەسەب و گوندی كۆجۆ"یان لە تیرۆریستان پاك كردەوە و ئێستەش ڕێگە نادەن خەڵكی ئێزیدی بچنەوە بۆ ناوچەكانیان و بە دوای ڕووفات و تەرمی كەسوكارەكانیان بگەڕێن، چونكە تیرۆریستانی داعش كۆمەڵكوژی زۆر و گەورەی ئێزیدییەكانیان لەو ناوچانە ئەنجام دا، تەنیا لە گوندی كۆجۆ 400 كەسی گولـلەباران كرد.
هەروەها گوتی، ئێمە وەك پێشمەرگە ڕێگەمان بۆ كردنەوە تا بچنە ئەو شوێنانە و بە دوای ڕووفاتی كەسوكارەكانیان بگەڕێن، بەڵام میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ڕێگەیان پێ نەداون و بۆ ناوچەكانی سنووری پێشمەرگەیان گەڕاندوونەتەوە.
ئاماژەی دا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەكە یارمەتیدەری خەڵك بوو بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و هەڵدانەوە و ناسینەوەیان بەشێوەیەكی زانستی، بەڵام ئێستە میلیشیاكان ڕێگە نادەن خەڵك بە دوای ئێسك و پرووسكی كەسەكانیان بگەڕێن لە ناوچەكەدا، دوایی چۆن ڕێگە دەدەن بگەڕێنەوە سەر زەوی و خانوو و موڵكەكانی خۆیان.
قاسم دربۆ هێمای بۆ ئەوەش كرد، پێویستە هەرچی زووە میلیشیاكان لەو ناوچە نەمێنن و خەڵكەكەی بگەڕێنەوە ناوچەكە و ڕێگرییان لێ نەكرێ و چارەسەرێكی بە پەلە بۆ ئەو كێشەیە بدۆزرێتەوە.
هەولێر/بڵند ئیبراهیم.