بە بڕیارێكی بەعس رەنجی سەتان جووتیاری گەرمیان بە با دەدرێ

:: PM:12:20:29/05/2017 ‌

وەزارەتی بازرگانی عێراق بە هێنانەپێشەوەی مەرجی گرێبەستی زەوی بۆ وەرگرتنی گەنم، كێشە بۆ سەتان جووتیاری دەڤەری گەرمیان و گەرمەسێر دروست دەكات و بەو هۆیەوە ناتوانن گەنمەكەیان رادەست بكەن، بەرپرسانی كشتوكاڵی ناوچەكە رای دەگەیەنن، بە جووتیارانیان راگەیاندووە، خۆیان چارەی گەنمەكەیان بكەن.

ئیسماعیل محەمەد جووتیارێكی سنووری شارۆكەی خانەقین، بە"وشە"ی راگەیاند، "بنكەی وەرگرتنی گەنم داوای گرێبەستی زەوی دەكەن، ئێمەش گرێبەستمان نییە، بەو هۆیەی بەعس زەوییەكانی بە ناوی ئەو كەسانەوە كرد كە زەوییەكانیان داگیر كردین لە پرۆسەی تەعریبدا و بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانەیش زەوییەكان نەخراوەتەوە سەر ناوی خۆمان، بۆیە گەنمەكەمان وەرناگیرێت و ئێمە تا ئێستە باجی سیاسەتی بەعس دەدەین".
ئیبراهیم مەجید جووتیارێكی ترە، بەڵام لە سنووری شارەدێی قۆڕەتووی نێوان كەلار و خانەقین، بە"وشە"ی گوت "پێمان وا بوو پاش رووخانی بەعس زەوییەكانمان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی بە پاڵپشتی بەعس زەوییەكانیان داگیر كردین، ئێستەیش هەر رێگرن لەوەی دادگە زەوییەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانی بگێڕێتەوە".
حوسێن عەزیز بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكێتی جووتیاران و هەروەزییەكانی كوردستان، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "یەكێك لە مەرجەكانی وەزارەتی بازرگانی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیار، پێشكەشكردنی گرێبەستی زەوییە، بەڵام نزیكەی 400 جووتیار تەنیا لە گەرمیان گرێبەستیان بەناوی خۆیانەوە نییە".
ئەو دەڵێ‌، "ساڵی رابردوو وامان كرد وەزارەتی بازرگانی كارئاسانی بۆ ئەو جووتیارانە بكات، بەڵام ئەمساڵ هیچ نەكراوە و نازانین چارەنووسی ئەو جووتیارانە چۆن دەبێت".
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، "وەزارەتی بازرگانی عێراق لەسەر ئاستی كوردستان بەپێی خشتەیەك ناوی ئەو جووتیارانە وەردەگرێ كە كاری كشتوكاڵی دەكەن و بەرهەمی دەغڵودانیان هەیە، ئەو داوایەی وەزارەتی بازرگانی سەرتاسەرییە، بەڵام بۆ زیانمەندبوونی جووتیارانی گەرمەسێر و ناوچە كوردستانییەكانی تر، دەبێت بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی گەرمیان كێشەكانیان چارەسەر بكات".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان بەرامبەر بە چارەسەركردنی كێشەی جووتیارانی سنوورەكە دەستەوەستانە و داوای لە جووتیاران كردووە خۆیان چارەسەری كێشەی خۆیان بكەن.
شادی حوسێن بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان، بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، "ئەمساڵ پێش وەرزی دروێنە جووتیارانمان لەو مەترسییە ئاگەدار كردەوە كە خەمی خۆیان بخۆن و رێگەچارەیەك بۆ خۆیان بدۆزنەوە".
بەپێی داتاكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ئەو 400 جووتیارەی كێشەی رادەستكردنی گەنمیان هەیە، نزیكەی شەش هەزار تۆن گەنم بەرهەم دێنن لەكۆی گشتی 30 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی دەڤەرەكە.
لە پاش ساڵی 1970ەوە رژێمی بەعسی عێراقی، سەتان پارچە زەوی دەڤەری گەرمەسێری لەسەر ناوی كوردان لابرد و بە ناوی عەرەبی هاوردەی كردن، حكوومەتەكانی عێراقی لە دوای 2003ەوە تا ئێستە، ئەو ستەمەی بەعسیان بەرامبەر بە كوردانی گەرمەسێر راست نەكردووەتەوە و هێشتا رەوایەتی بەو گرێبەستانە دەدەن كە رژێمی بەعس بۆ عەرەبی هاوردەی دروست كردووە.

گەرمیان-سەبری هۆرێنی



وشە - تایبه‌ت