بیتكۆین دراوێكی ئەلیكترۆنییە و بەهیچ شێوەیەك چاپ نەكراوە و ناكرێ، بەڵكو بەشێوەیەكی بەردەوام لە ڕێی ئینتەرنێتەوە ماڵەی پێوە دەكرێ و لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەم/یەنایەری 2009ەوە داهێنراوە و هیچ بوونێكی كاغەزی نییە، دەتوانن لە ئینتەرنێت بیتكۆین كۆ بكەنەوە و بیگۆڕن بۆ دراوەكانی تری وەك دۆلار، ئێستەش نرخی هەر بیتكۆینێك ئەگەر بۆ دۆلار بیگۆڕینەوە، زیاتر لە دوو هەزار دۆلاری ئەمەریكی دەكات.
ئێستە نرخی یەك دانە بیتكۆین گەیشتووەتە دوو هەزار و 384 دۆلاری ئەمەریكی، بەمەش بووە بە بەهێزترین دراو لە سەرتاسەری دنیادا، نرخەكەی بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوەدایە و تا ئێستە هیچ دراوێك بەو شێوەیە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمەش لە كاتێكدایە بیتكۆین هیچ بانكێكی مەركەزیی نییە و سیاسەتی دراوی دابڕێژێ و هیچ چاودێری و سەرپەرشتیارێكیشی لە هیچ لایەكەوە نییە، لەلایەن كەسێكەوە دامەزراوە و كە تا ئێستە بە وردی و بە ڕوونی ناسنامەكەی دیار نییە.
نرخی بیتكۆین وەك دراوەكانی تر گۆڕانكاری بەسەردا دێ، بۆ نموونە شەش مانگ پێش ئێستە هەر بیتكۆینێك بە هەزار دۆلاری ئەمەریكی ئاڵوگۆڕ دەكرا، بەڵام بەهۆی هێرشی هاككەرزان بۆ سەر كۆمپیوتەر، زیاتر لە 120 وڵاتی دنیا لە ماوەی ڕابردوو لە ڕێی بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی "wannaCry" بە سەدان هەزار كۆمپیوتەر بۆ هێنانەوەی دیكۆمێنت و بەڵگەكانیان، هاككەرزان داوایان لە خاوەنەكانیان دەكرد پارەیان پێ بدەن، ئینجا دەسبەرداری داتاكانی نێو كۆمپیوتەرەكانیان دەبن، ئەمەش وای كرد نرخی بیتكۆین نزیكەی هێندە و نیوی نرخی شەش مانگ پێش ئێستەی بەرز ببێتەوە.
ئەو سەدان هەزار كۆمپیوتەرەی لە وڵاتانی دنیا لە ڕێی ئەو ڤایرۆسەوە پاسۆرد و كۆدیان خرایە سەر، بەهیچ شێوەیەك نەدەبوونەوە و زانیارییەكانی نێو هاردەكانیان بە تەواوی لەلایەن هاككەرزانەوە دەستی بەسەردا دەگیرا، بۆیە خەڵكی ناچار بوون پارە بە هاككەرزان بدەن تا مەلەفاكانیان لە ژێر كۆد و پاسۆردەكان دەربهێنرێ و بگاتەوە دەستی خۆیان.
بیتكۆین لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر لەمیانەی مامەڵەی كڕین و فرۆشتن ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بێ ئەوەی هیچ نێوەندگیرێك هەبێ و حەواڵەكردنیشی هیچ تێچوویەكی پێویست بێ، هەموو ئەوەی كە ڕوو دەدا بریتییە لە گواستنەوەی كۆد لە جانتای پارێزراوی تۆوە بۆ هی كەسی بەرامبەر كە دەبێتە خاوەنی بیتكۆینەكە. ئەو كۆدە ئەلیكترۆنییە ڕاستەوخۆ لای هەمووان پێویستی بە كۆد دەبێ و وەك چەكێكی ئەلیكترۆنی تەنیا بە بەكارهێنانی كۆدەكە دەتوانیت مامەڵەی پێوە بكەی، هیچ كەس ناتوانێ لێتی ببات و بیدزێت، چونكە زۆر بە تەواوی لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و بە شێوەیەكی نهێنی و تایبەتمەندیی تەواوەوە دەپارێزرێ و هیچ حكوومەت و بانكێك لە دنیا ناتوانن مامەڵەی پێوە بكەن.
ئەوەی جێی نیگەرانییە نرخەكەیەتی بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا دێ و هاوكات سەرچاوەی دروستبوون و پاراستنی بە تەواوی ون و نادیارە و كەس نازانێ ساتوشی ناكاموتوی داهێنەری ئەو دراوە كە ناوی دەبرێ كێیە و چۆن دروستی كردووە و لە كوێ ژیان بەسەر دەبات، ئایا كەسێكی ڕاستەقینەیە یان دروستكراو، چونكە دروستكردن و بەڕێوەبردنی ئەو پرۆسەیە زۆر ئەستەمە و پێویستی بەكاتێكی زۆر و تێچوویەكی زۆر و وزەیەكی زۆری كارەبا هەیە.
بەشێك لە وڵاتانی دنیا بە تایبەت ئەڵمانیا مامەڵەكردنی بەو دراوە خستووەتە ژێر باج و سەرانەوە و زۆرێك لە وڵاتانیش مامەڵەكردنیان پێوە قەدەغە كردووە، ئێستە زۆرتر بازرگانی كەلوپەلە قەدەغەكراوەكانی پێ دەكرێت.
جیاواز لە دراوی ئاسایی كه لەلایەن حكوومەتەكان مامەڵەی پێوە دەكرێ و بە زێڕ ئاڵوگۆڕ دەكرێ، بیتكۆین هیچ سانسۆرێكی لەسەر نییە و هەر كەسێك دەتوانێ دەستی پێ بگات، لە ڕێی ئامێرێكی كۆمپیوتەر و پێوەستبوون بە ئینتەرنێت و بوونی بەرنامە و پێگەكانی دەرهێنان و قازانجكردن بە بیتكۆین، خەڵك دەتوانن بیتكۆین بە دەست بهێنن، لە بەرامبەر بەكارهێنانی توانای هەژماری ئەو ئامێرە كۆمپیوتەرەی بەكاری دەهێنن لە دروستكردنی پارچەیەكی نوێی بیتكۆین، لە ڕێی چارەسەری هاوكێشە بیركارییەكان كە لەسەر بنەمای خوارزمیات بە شێوەیەكی زۆر ئاڵۆز دانراوە، ئەگەر توانای چارەسەركردن لە ئاستێكی بەهێز بوو، ئەوا دەتوانی هاوكێشەكان چارەسەر بكەیت و بیتكۆین بە دەست بهێنێت، بەرنامەی بەرهەمهێنانی بیتكۆین بەخوڕایی و كراوەیە بۆ هەمووان، هەر كەسێك دەتوانێ سەردانی بكات و بەكاری بهێنێت، تۆش دەتوانی چارەسەرێكی هاوكێشەیەكی بیركاری زۆر ئاڵۆز بكەیت بەو كۆمپیوتەرەی كە بە ئینتەرنێتەوە پێوەست كراوە، بەڵام ئەمە كاتێكی زۆر و كارەبا و وزەیەكی زۆری ئامێری كۆمپیوتەرەكەتی پێویستە.
پێویست بە هەوڵی زۆر ماندووكەر دەبێ تا دەگەیت بە بیتكۆینێك، تۆ هەموو ئەگەرەكان تاقی دەكەیتەوە بۆ چارەسەری هاوكێشە بیركارییەكە تا بە وەڵامە ڕاستەكە بگەیت، ئەمە پێویستی بە كات و توانایەكی یەكجار زۆرە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەوانەی تر كۆمپیوتەری زۆر بەهێز و بە توانایان هەیە و دەتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی هاوكێشەكان چارەسەر بكەن و بگەن بە بیتكۆین كە ئێستە 21 ملیۆن بیتكۆین لە دنیای ئەلیكترۆنیدا هەیە.
بە كۆمپیوتەری كۆن و ناخێرا ناتوانیت بگەیت بە بیتكۆین و بە دەستی بهێنێت، بەڵكو پێویست بە كۆمپیوتەری زۆر تایبەت و پرۆسیسەری زۆر بەهێز هەیە بۆ ئەوەی بە ماوەیەكی كەم و توانایەكی كەم بگەیت بە وەڵامی ڕاست، بۆیە ئەگەر كۆمپیوتەرێكی تەواو بەهێز و پڕ توانات لە بەردەستدا نییە، خۆت ماندوو مەكە، چونكە بەو زانیارییانەی لە ئینتەرنێتیش هەن ناتوانیت وەڵامی هاوكێشە بیركارییەكان بدۆزیتەوە، ئەگەر بەخێرایی فریا نەكەویت.