هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدرێت

:: PM:02:35:29/05/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر، هۆشداری بەهاووڵاتییانی شاری هەولێر دەدات لە بەكارهێنانی جۆرە كرێمێك كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 29ی ئایار/ مایۆ، فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەیەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە تایبەتی فەیسبووك، ڕێكلام بۆ كۆمەڵێك دەرمان و كرێم دەكرێت بەمەبەستی  بازرگانیكردن بەدەر لە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان لە ڕێی فرۆشتنی ئەلیكترۆنی (ئۆن لاین) ڕەواجی پێ دەدرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر دەڵێت، لەم ڕێكلامانە جۆرەها دەرمانی گیایی و كیمیایی دەخرێتە ڕوو بەمەبەستی سەرنجڕاكیشانی هاووڵاتییان، بۆیە هاونیشتمانییان ئاگادار دەكەینەوە كە هەر دەرمانێك بە پێی ستانداردی جیهانی و ڕێنوێنییە تەندروستییەكان و لە شوێنە مۆڵەت پێدراوەكان نەفرۆشرێت، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی تەندروستیی گشتی.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئاگەداری هاووڵاتییان دەكەینەوە لەم جۆرە رێكلامانە كە لە بازرگانیكردن زیاتر هیچی تر نییە، دەبێت شوێنی دەرمانفرۆشتن دیار و ناسراو بێت و دەستی لیژنەكانی چاودێریی تەندروستی پێ ڕابگات و لە كوالێتی دەرمان و پێداویستییەكانی تری جوانكاری دڵنیا بێت، ئەمەش لە پێناو تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان .



وشە - رامیار جەواد