بۆڕییەكی نەوتی كەركووك تەقێنرایەوە

:: PM:03:24:29/05/2017 ‌

لە نزیك شارۆكەی دووبزی سەر بەپارێزگای كەركووك، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو، بۆڕییەكی گواستنەوەی نەوتی كەركووك دەتەقێتەوە، پۆلیسی شارۆكە و شارەدییەكانی كەركووك دەڵێت، شانە نوستووەكانی داعش ئەم كارەیان كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی ئایار/ مایۆ، عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكە و شارەدێیەكانی كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە نزیك گوندی شیرناوی شارۆكەی دووبز، بۆمبێكی چێنراو بە بۆڕییەكی نەوت تەقییەوە و لە ئەنجامدا بۆڕییەكە گڕی گرتووە و گواستنەوەی نەوت وەستاوە لە ئێستەدا.

بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكە و شارەدێیەكان دەڵێت، تا ئێستە كەس نەگیراوە بەتۆمەتی تەقاندنەوەی ئەم بۆڕییە نەوتە، بەڵام بێگومان شانە نوستووەكانی داعش ئەم كارەیان كردووە.

عەمید سەرحەد زیاتر گوتی، ئەم بۆڕییە نەوتی دەگواستەوە بۆ بۆڕیی سەرەكیی گواستنەوەی نەوتی كەركووك، لە ئێستەدا تیمەكانی ئاگركوژێنەوە سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەن.

شارۆكەی دوبز سەر بە پارێزگای كەركووكە بە دووریی 33 كیلۆمەتر، لە ئێستەدا ئەم شارۆكەیە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان پارێزگاری لێ دەكرێت، ئەمەش دوای چۆڵكردنی هێزەكانی عێراق لە حوزەیرانی ساڵی 2014ە.



وشە - رامیار جەواد