شوێنەواری لێدان بەسەر لەشی ئەو كەسە دیارە كە لە گرتووخانەی سلێمانی خۆی كوشت

:: PM:03:37:29/05/2017 ‌

ئەمڕۆ دووشەم حوكمدراوێك لە چاكسازیی گەورانی شاری سلێمانی، خۆی خنكاندووە و لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسش ئاماژە بەوە دەكەن كە شوێنەواری لێدان بەسەر جەستەی مردووەكەوە هەبووە.
 
ئەو كەسەی ئەم بەیانییە خۆی خنكاندووە، بە 10 ساڵ زیندانی سزا دراوە و ماوەی چوار ساڵی بەڕێ كردووە، تاوانەكەشی دەستدرێژی سێكسی بووە.
 
نەقیب سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هێزەكانیان ئاگادار كراونەتەوە، لە كاتی گەشتنیان بۆ شوێنی ڕووداوەكە لە چاكسازی گەوران، دەركەوتووە كەسێك گیانی لە دەست داوە. 
 
ئەو گوتی ئەو كەسە ناوی (ف، ج) و تەمەنی 28 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە چاكسازیی گەورانی سلێمانی زیندانی بووە، مادەی دەستگیركردنەكەشی 393 بووە لە یاسای سزادانی عێراق كە دەستدرێژی سێكسییە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی ئاشكرا كرد، دوای ئەوەی تەرمەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە، لە كاتی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوتووە كەسەكە خۆی خنكاندووە، بەڵام ئەوە ئاشكرا بووە، بە لەشی مردووەكەوە شوێنەواری لێدان هەیە تا ئێستە نەزانراوە، وا پێ دەچێت شەڕی لەگەڵ زیندانییەكانی تر كردووە، یان كارمەندانی چاكسازی لێیان داوە. بۆ ئەو مەبەستە پۆلیس دەستی بەلێكۆڵینەوەی كردووە.
 
لە ساڵی 2016، لە ناو چاكسازیی گەورانی شاری سلێمانی شەش زیندانی مردوون، لەوانەش چەند كەسێكیان بە نەخۆشی گیانیان لە دەست داوە، هەروەها ئەمساڵیش تا ئێستە سێ زیندانی گیانیان لە دەست داوە.
 

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان