كچێكی تەمەن 17 ساڵ دوای ئەوەی لەلایەن باوكیەوە بە زۆر بەشوو دەدرێ، لەلایەن هاوسەرەكەیشیەوە بە سیناریۆیەكی دروستكراو تۆمەتی خیانەتی دەدرێتە پاڵ و سێ ساڵ سزای زیندانی بۆ دەردەكرێت، ئێستەش هاوسەرەكەی لێی جیا بووەتەوە و لە ماڵەوە ژیان بەسەر دەبات.
"سانا" بەو تەمەنە بچووكەوە بە زۆر و ستەمی باوكی شوو بە "زیاد" دەكات، كە پێشتر بەهیچ شێوەیەك نەیناسیوە و نەیبینیوە، سەرەڕای ئەوەی سانا بە زۆر بە شوو دراوە و بە دڵی خۆی نەبووە، بەڵام ویستی خۆی لەگەڵا دۆخەكە بگونجێنێت و ژیانێكی ئارام لەگەڵ هاوسەرەكەی دروست بكات، بەڵام هاوسەرەكەی و دایكی زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا كرد و تا لە كۆتا تۆمەتی خیانەتیان بۆ دروست كرد و ڕاپێچی گرتووخانەیان كرد.
ئەو كچە چەند مانگێكە سزای سێ ساڵ بەندكردنی تەواو كردووە و ئێستە لە ماڵی باوكی دەژی و بۆ "وشە" ئازار و چەرمەسەرییەكانی بەسەری هاتووە دەگێڕێتەوە و گوتی، باوكم زۆر خراپ بوو، خراپتر لەوەی هەركەس بە خەیاڵیدا دێت، من و خوشكەكەمی بە پارە و شیربایی فرۆشت، خوشكەكەم لە خەفەتی مێردەكەی و خراپیی باوكم خۆی سووتاند و مرد، بەڵام من خراپترم لێ هات، چونكە هەموو ڕۆژێك دەسووتێم و كەس سووتانم نابینێت.
سانا ئەوكاتەی بەزۆر بەشوو دراوە لە قوتابخانە بووە، وەك خۆی دەڵێت هەموو هەوڵێكی ئەوە بووە بە پلەیەكی بەرز قوتابخانە تەواو بكات، بەڵام باوكی ڕێی نەداوە و لە قوتابخانە دەری هێناوە و بە زۆر بە شووی داوە.
زیاتر دواو گوتی، ئەوكاتەی شووم بە زیاد كرد هەموو هەوڵێكم دا ژنێكی باش بم ، هەرچەندە ئەو هەموو شەوێ بە سەرخۆشی دەهاتەوە و تا تاقەتی دەما لە منی دەدا و قسەی ناشیرینی پێ دەگوتم، بەس بەخۆمم دەگوت قەینا ئەوە ئاگای لە خۆی نییە بەیانی باش دەبێت، دوو ساڵم ئاوا تێپەڕاند، زیاد خیانەتی دەكرد لەبەرچاوی من قسەی لەگەڵ كچ و ژنی خەڵك دەكرد و مەوعیدی بینینی دادەنا، بەڵام من چونكە دەمزانی باوكم خراپترم پێ دەكات، هەر قبووڵم دەكرد، سەرەتا خەسووم باش بوو لەگەڵم، بەڵام باوكم ئەو باشییەی ئەویشی لێ كردم بە ئەوپەڕی خراپی.
لەبارەی هۆی خراپبوونی خەسووی لەگەڵی سانا گێڕایەوە، ڕۆژێكیان زیاد لە دەوام ئێشكگر بوو، باوكم گوتی وەرە بۆ ماڵی ئێمە دایكت ناساغە، منیش چووم، شەو باوكم بەزۆر نەیهێڵا بڕۆمەوە، دەیزانی خەسووم بەتەنیایە، بە بێئاگایی ئێمە لە ماڵ چووەتە دەرەوە، دوای دوو سەعات قیامەت هەستا، خەسووم تەلەفۆنی بۆ كردم گوایە باوكم چووەتە ماڵی ئەوان بەدزی و ویستوویەتی دەستدرێژیی بكاتە سەر.
بەهۆی ئەو كارەی باوكیەوە، مێردەكەی تا پێنج مانگ ناێڵێت سانا بچێتەوە ماڵەكەی خۆی، سانا دەڵێت، نەفرەتم لە باوكم دەكرد و بەناچاریش هەموو ڕۆژی لەگەڵ ئەو لەو ماڵە لەسەر یەك سفرە لەگەڵیاندا كۆ دەبوومەوە و ژیانم بەسەر دەبرد.
سانا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی دڵی خەسووی بەدەست بێنێتەوە، بەڵام بێسوود دەبێت، بەڵام دواجار زیاد بۆ وەرگرتنەوەی حەقی دایكی سانا دەكات بە قوربانی.
سانا دەڵێت، زیاد بەدوامدا هات و بردمیەوە و گوتی من و دایكم لێت دەبوورین، دوای دوو ڕۆژ لەگەڵ دایكی گوتیان دەچین بۆ سلێمانی بۆ پرسەیەك، من نەمدەزانی ئەوە بۆسەیە و دەیانەوێ من بخەنە بۆسەكەوە، گوتم باش، كاتێك ئەوان ڕۆشتن سەعاتێكی پێ چوو كوڕێكی خزمیان هات گوتی چاوەڕێی زیاد دەكەم دەگەڕێنەوە و منیش لەگەڵیان دەچم بۆ پرسەكە، بەڵام هەر هاتە ژوورەوە و پەلاماری منی دا، من هەرچەند هاوارم كرد خراپتر بوو، زیاد و دایكیشی هاتنەوە من گوتم ئۆخەی فریام دەكەون، بەس هەر لەو چركەیە زیاد پۆلیسی هێنا و من و ئەو كوڕەیان بردە بنكەی پۆلیس، لەوێ ئەو كوڕە گوتی خۆشەویستین و خۆی پێی گوتووم بچمە لای ماڵیان چۆڵە بۆیە چووم، لەوێ هەردووكمانیان گرت.
هەروەها گوتی، من بە تەواوی ئەو تۆمەتەم ڕەت كردەوە و دووپاتم لەوە دەكردەوە كە هیچ كات ناپاكیم نەكردووە بڕوایان پێ نەكردم، مێردەكەم پێش ئەوەی بڕوات بە مۆبایلی من نامەیەكی بۆ ئەو كوڕە ناردبوو لای من نامەكە سڕابووەوە، بەڵام لای ئەو كوڕە مابوو، بۆیە بوو بە بەڵگە لەسەرم من بۆ ماوەی سێ ساڵ حوكم درام، ئەو كوڕەش ئازاد كرا.
دوای حوكمدانی سانا، خەسووی دەچێتە لای سانا لە گرتووخانە و پێی دەڵێت، دەزانن كە بێ تاوانە، بەڵام چۆن باوكم ئابڕووی ئەوانی برد و پەلاماری ئەو ژنە بەتەمەنەی داوە، ئەویش لەگەڵ كوڕەكەی تۆڵەی خۆیان كردووەتەوە. سانا هەر ئەوكاتەی لە گرتووخانەیە زیاد تەڵاقی دەدات، ئێستە سانا لە ماڵی باوكی دەژیت، دەڵێت چاوەڕوانی كاری خراپتر دەكات باوكی بەسەری بهێنێت.
هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان.