گەنجێكی كورد لەژێر ئەشكەنجەی ئیتڵاعات گیانی لە دەست دا

:: PM:04:11:29/05/2017 ‌

گەنجێكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لەدایكبووی شاری روانسەرە، لەناو گرتووخانەی ئیتڵاعاتی كەرەج لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لە دەست دا.

ئەمڕۆ دووشەم 29ی ئایار/مایۆ، ماڵپەڕی هه‌نگاو كە تایبەتە بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان رای گەیاند، هاووڵاتییەكی خەڵكی ڕوانسەری سەر بە پارێزگای كرماشان بەناوی دیاكۆ هاشمی، دوای گەڕانەوە لە ئەوروپا و گرتنی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئیتڵاعاتی كەرەج، لەژێر ئەشكەنجەی ئەو ناوەندە تەناهییەدا گیانی لە دەست دا. 

دیاكۆ تەمەنی 24 ساڵانە و لە ساڵی 2011 بەرەو ئەوروپا بەڕێ كەوتووە و لە وڵاتی فینلەندا مافی پەنابەرێتی وەرگرتووە، دوای ئەوەی هەواڵی نەخۆشكەوتنی باوكی پێ دەدرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەردانیكردنی و لەلایەن ئیتڵاعاتەوە دەگیرێت.

دوو مانگ دوای گرتنی ئیتڵاعاتی كەرەج، ئەمیر هاشمی باوكی دیاكۆ بانگ دەكەنە كەرەج و پێی رادەگەیەنن كوڕەكەی لە گرتووخانەكەیاندا گیانی لە دەست داوە و هەڕەشەی ئەوەیان لێ كردووە بە بێدەنگی بینێژێت.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی هەنگاو، بەرپرسانی ئیتڵاعات مۆڵەتیان نەداوە تەرمی دیاكۆ بگەڕێندرێتەوە زێدەكەی خۆی لە روانسەر و خێزانەكەی هەر لە كەرەج بەخاكیان سپاردووە و بەڵێننامەیان بە باوكی پڕ كردووەتەوە هەواڵی كوژرانی كوڕەكەی بە میدیایی نەكات.



وشە - هیدایه‌ت جان