كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە ئاگەدارییەكی بۆ هاووڵاتییان دەڵێت، پێدانی ڤیزای شنگن بۆ ماوەی شەش مانگ دوا دەكەوێت و كەسی داواكاریش پێویستە چاوەڕوان بێت.
ئەمڕۆ دووشەم 27ی ئایار/ مایۆ، كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان لە ئاگەدارییەكیدا دەڵێت، ئەوانەی لە دوای ١٥/٢/٢٠١٧ەوە داواكارییان بۆ ڤیزای شنگن پێشكەش كردووە، پێویستە شەش مانگ چاوەڕێ بن، هەروەها ئەوانەی لە ١٥/٢/٢٠١٧ تا ١٧/٥/٢٠١٧ داواكارییان پێشكەش كردووە، دەتوانن داواكارییەكانیان رەت بكەنەوە و لە بەرامبەردا بڕێك پارە وەربگرن.
لەبارەی داواكاری بۆ چارەسەری پزیشكی پێدانی ڤیزا لە ئاگەدارییەكە هاتووە، داواكاری تایبەت بۆ سەفەری چارەسەری پزیشكیش بە هەمان شێوەیە، پێویستە داواكاران پێشبینی چاوەڕوانییەكی درێژ بكەن، بەهۆی ئەو داواكارییە زۆرانەی بۆمان هاتووە، چونكە توانای ئێمە سنووردارە، بۆیە ناتوانین تێرمینی "مەوعید" زووترتان پێشكەش بكەین، هەروەها وەڵامی دواكارییەكانتان نادرێتەوە، بەهۆی كاروباری ڕێكخستنی كونسوڵخانە.
لە بەشی كۆتای ئاگەدارییەكە هاتووە، پێویستە ئاگەداری ئەو نووسینگانە بن كە پەیمانتان پێ دەدەن مەوعیدی زووتان بۆ وەردەگرن و بەڵێنی ئەوەشتان پێ دەدەن ڤیزاتان بۆ وەربگرن، یاخود ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەڵگەنامەكانتان بۆ ئامادە دەكەن و ڕەوانە دەكەن دەبێت زۆر ئاگاداریان بن، چونكە لایەنی پێوەندیداری ڤیزا تەنیا لەگەڵ ئای داتا iDATA كار دەكات و هاوكاری لەگەڵ هیچ نووسینگەیەكی تردا نییە.