سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە

:: PM:04:55:29/05/2017 ‌

بڕیارە سبەی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و بەرنامەی كۆبوونەوەكەش دوو بابەتی سەرەكی لە خۆ دەگرێت كە بریتین لە تۆماری بایۆمەتری و داڕشتنی سیاسەتی ئاو لە هەرێمی كوردستاندا.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی ئایار/ مایۆ، بەگوێرەی بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاو كراوەتەوە كە سبەی لە دانیشتنەكان دوو تەوەر پرسی كۆبوونەوەكەیە، لە بڕگەی یەكەمدا لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خستنەڕووی بەرەوپێشچوونی قۆناغی ئێستەی پڕۆژەی تۆماركردنی بایۆمەتری بۆ هەموو ئەو كەسانەی پارە وەردەگرن لە بودجەی هەرێمی كوردستان و خستنەڕووی كێشەی ئەوانەی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.

لە بەشێكی بڕگەی یەكەم هاتووە، گفتوگۆ لەسەر كێشەی ئەو كەسانە دەكرێت تا ئێستە سەرەڕای تەواوبوونی دواماوەی كۆتا بۆ خۆتۆماركردن، ئەوانەی كە لە دەرەوەی هەرێمیش نیشتەجێن و ناوی خۆیان تۆمار نەكردووە، هەماهەنگیش لەگەڵ وەزارەتەكان لەسەر پرسەكانی هەمان بابەت دەخرێتە ڕوو.

تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكەش ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی پەرەپێدان و چاكسازی لە كەرتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی داڕشتنی سیاسەتی ئاو لە هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دەخرێتە ڕوو.



وشە - رامیار جەواد