گوته‌بێژى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له هه‌رێمى كوردستان راى گه‌یاند، حزبه‌كان باسى دواخستنى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى هه‌رێمى كوردستانیان نه‌كردووه و ئاماژه‌ى دا، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ده‌ست پێ ده‌كات.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 29ى ئایار/ مایۆ، كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له باره‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتوو هاوكات چۆنیه‌تیى پاككردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران ئه‌نجام دا.
شێروان زراری گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له هه‌رێمى كوردستان به "وشه"ى راگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان گفتوگۆ و بیروڕامان گۆڕیوه له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمى كوردستان و حزبه‌كان سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و هیچ یه‌كێك له حزبه‌كان ئاماژه‌یان به‌دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌داوه.
زیاتر گوتى، تا ئێسته بڕی ٢٢ ملیار دینار ته‌رخان كراوه بۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له زووترین كاتدا پاره‌كه بخرێته سه‌ر ژماره حیسابی كۆمیسیۆن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌كاری بهێنین و هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ ڕاپرسی و ریفراندۆم ته‌رخان نه‌كراوه.
ئاماژه‌ى دا، له 6ى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، واده‌ی خولی چواره‌می په‌رله‌مانى كوردستان كۆتای دێت، ده‌زانین حكوومه‌تی نیازی رژدى هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، هیوادارین له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.
له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانیدا روونى كرده‌وه كه له‌باره‌ی لیستی هه‌ڵبژاردنه‌وه حزبه‌كان داواى هیچ گۆڕانكارییه‌كیان نه‌كردووه و به‌و پێیه بێت لیستی هه‌ڵبژاردن نیمچه‌كراوه ده‌بێت ئه‌گه‌ر پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان له په‌رله‌مانى كوردستان گۆڕانكارى تێدا نه‌كرێت.
له‌باره‌ى پاككردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو زرارى گوتى، تا ئێسته هه‌مان ئه‌و تۆماری ده‌نگده‌رانه به‌كار ده‌هێنینه‌وه كه هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014 هه‌ڵبژاردنی پێ ئه‌نجام درا، به‌ڵام پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌یه بۆ ڕێكخستنی داتاكانی تۆماره‌كه، بۆ نموونه ده‌رهێنانی ناوی مردوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پشت به‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و خانه‌نشینی و به‌شه‌خۆراكی مانگانه ده‌به‌ستین.
له هه‌رێمى كوردستان تا ئێسته به‌فه‌رمى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان دیارى نه‌كراوه، به‌ڵام به گوته‌ى گوته‌بێژى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وان ئاماده‌كارییه‌كانیان ده‌ست پێ كردووه.
كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى به‌پێى یاسا له په‌رله‌مانى كوردستان دامه‌زراوه و ئه‌ركى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و راپرسییه له هه‌رێمى كوردستان و ماوه‌ى نزیكه‌ى ساڵێكه ده‌ستى به‌كاره‌كانى كردووه.
چوار ساڵ جارێك له هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان ئه‌نجام ده‌درێت، كۆتاى ئه‌مساڵ و به‌دیاریكراوى مانگى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه.