چنار حوسێن عەبدوڕەحمان سیاری كە لە ئۆردوگایەكی پەنابەران لە ئێران لەدایكبووە. پاشان بەرەو سووریا و لەوێوە بۆ دانیمارك كۆچیان كردووە. ساڵی 2013 لەسەر داوای باوكی بۆ كوردستان گەڕاوەتەوە. چنار وەك كەسێكی خێرخواز و نیشتمانپەروەر، زوو زوو سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكات و ماوە ماوەش ژمارەیەك پێشمەرگە لە چێشخانەیەكی گەورەدا داوەت دەكات. ئەو لە دیدارێكی "وشە"دا ئامانجەكانی روون دەكاتەوە.
بیرۆكەكانت بۆ هاوكاری پێشمەرگە لە كوێوە سەرچاوە دەگرن؟
پێش هەڵگیرسانی شەڕی داعش گەڕامەوە بۆ كوردستان. سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەم كرد، هەستم بە نیگەرانییەكانیان كرد بەوەی پێداویستییە سەرەتایییەكانیان لە نان و خواردنی باش و جلوبەرگی شایستە، نەبوو. ئەوانە باوكمیان بیر هێنامەوە وەك پێشمەرگەیەكی دێرین لە شۆڕشی ئەیلوولدا، هەستم دەكرد باوكم لەناویاندا دەجووڵێت.
لەگەڵ شەڕی داعش هیچ كات بیرتان لە جێهێشتنی كوردستان و گەڕانەوە بۆ ئەوروپا نەكردەوە؟
لە سەرەتای شەڕی داعش هاوڕێكانم هەوڵیان دەدا بۆ دانیمارك بگەڕێینەوە، من پێم گوتن ناكرێت لەكاتی ئاساییدا لە كوردستان بمێنینەوە و لەكاتە سەختەكاندا جێی بێڵین. من لە ماڵباتێكی پێشمەرگە گەورە بووم، ئەو مێژووەی باوكم و قوربانی بنەماڵەكەم وای كرد زیاتر سووربم لەسەر مانەوەم لە كوردستان و هاوكاریكردنی پێشمەرگە.
لە سەردانەكانتاندا بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە هەستتان بە چی كرد؟
كۆمەڵێك شتم بینی جێی نیگەرانی بوون، پێشمەرگە بەجەرگ و ئازا و لە بەرامبەردا پەراوێزخراو و خزمەتێكی كەم دەكران، جیاوازی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە هەبوو، جیاوازی لە نێوان پێشمەرگەی سەنگەرەكان و پاسەوانی بەرپرسان هەیە، ئەوەش زۆر نیگەرانی كردم كە گوزەرانی پێشمەرگەی كوردستان خراپە.
كەواتە ئەو بارودۆخە وایكرد هاوكاری پێشمەرگە بكەن؟
راستی پێشمەرگە شەرەفی من و دایك و خوشك و كچانی وڵاتەكەمان دەپارێزێ، ئەگەر من هەر شتێك بكەم خزمەتێكی بچووكە بۆ براگەورەكانم. پاش ئەوەی جیاوازی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و كێشەكانیانم بینی، سەردانی بەرپرسێكی باڵام كرد و ئاگەدارم كردەوە، ئەو بەتووڕەیییەوە رەتی كردەوە و دەیگوت بە یەكسانی خواردن دابەش دەكەین و مامەڵەیەكی هاوسەنگ دەكەین، پێم گوت كەواتە چاوی خۆم درۆم لەگەڵ دەكات.
دوای ئەو دیدارە راستەوخۆ لەسەر ئەركی خۆم و خێزانەكەمان نەك پارەی حزب و بەرپرسان، دەستم بە هاوكارییەكان كرد، پێداویستییەكانی خواردن وەك برنج، چا، رۆن، نیسك، نۆك، ساوەر و ئارد و.. هتد كڕی و بە بارهەڵگری گەورەوە گەیاندمە سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كوردستان. كاتێكیش مانگی رەمەزان هات، 30 رۆژ لەسەر یەكتر و هەر جارێك ژمارەیەك پێشمەرگەمان بەبێ جیاوازیی حزبی و ناوچەیی لە چێشخانەیەكی پێنج ئەستێرە داوەت دەكرد، بۆ كۆتا رۆژیش پێشمەرگە دێرینەكانی ئەیلوولم داوەت كرد كە بۆنی باوكمیان لێدەهات.
هیچ كات سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەت كردووە كە شەڕی تێدا دروست بووبێ؟
بەڵێ، جارێك لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێم سەردانی سەنگەرێكی پێشمەرگەمان كرد و لەپڕ بوو بە تەقە و زانیمان داعش هێرشی هێناوە، سەرەتا زۆر ترسام، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی قارەمانانەی پێشمەرگەم بینی، هیچ ترسێكم نەما، هەر ئەوكات بە چەپڵە گۆرانییەكی شڤان پەروەرم بۆ گوتن و كچە هاوڕێكانیشم بەدوامدا دەیانگوتەوە، ئەوە هاندانێكی باش بوو بۆ پێشمەرگەكان.
بۆ ڕەمەزانی ئەمساڵ بەرنامەتان هەیە؟
بیرۆكەیەكی زۆر جوانتر و گەورەترم هەیە، بەڵام نامەوێ بیدركێنم بۆ ئەوەی بیرۆكەكەم نەبەن، تایبەتە بە هاوكاری پێشمەرگە.
ئایا تا چەند هاوكاری دەكرێی، یان ئاستەنگت بۆ دروست دەكرێ؟
نەك هاوكارم نابن، بەڵكو ڕێم لێ دەگرن و هەڕەشە دەكەن، ئەوان دەڵێن پێویست ناكات وابكەی پێشمەرگە سواڵكەری خواردن نییە، بەڵام من دەمەوێ ئەوانیش چاوم لێ بكەن و هەموومان خزمەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەین.
بەنیازیت لەو هاوكارییانە بۆ پێشمەرگە بەردەوام بیت؟
ببمە شاژنیش پێشمەرگەی وڵاتەكەم لەبیر ناكەم، چونكە ئەوان هۆی ئارامی و سەقامگیری وڵاتن.
تۆ تەنیا دارایی خۆت بەكار دێنی، یان چۆن؟
بەڵێ، هەرچییەك بیكەم پارەی خۆم و ماڵباتەكەمانە، نەك پارەی حزب و پارەی گەندەڵی لە حكوومەتەوە، من خواپێداوم و پارەیەك بۆ هاوكاری ئەوانی تر خەرج دەكەم نەك لە شتی خراپ.
بۆ داهاتوو دەتەوێ چی بكەن؟
ڕێكخراوێكی جیهانی بەناوی باوكم لە ئەڵمانیا دادەمەزرێنم، من بیر لە داهاتوو دەكەمەوە، چونكە دەزانم ساڵێكی تر شەڕ كۆتای پێ دێت، كەوایە پێویستە هەنگاوی دواتر خزمەتی ماڵە شەهیدەكان بكەین، پڕۆژەیەكم هەیە كە فێریان دەكات چۆن ماسی بگرن، نەك ماسییان بدەمێ، واتە پڕۆژەی قازانجی بەردەوام.
ئەی خەونی خۆت بۆ ژیان و داهاتووت چییە؟
دەمەوێ ببمە وەزیری دەرەوە و بە مافی خۆمی دەزانم لەڕووی تواناوە، نۆ زمان دەزانم و بڕوانامەی ماستەرم هەیە، ئایا بەرپرسێك هەیە سیڤییەكەی وەك من بەهێز بێ؟