بە بڕوای پسپۆڕانی سیاسی، بزووتنەوەی گۆڕان دوای مەرگی ڕێكخەرەكەی، دووچاری پەرتەوازەیی دەبێت و ئاشكرای دەكەن، هەر لە ئێستەوە ناكۆكییەكانی ناو ئەو بزووتنەوەیە سەریان هەڵداوە، بەتایبەت باس لە ناكۆكییەكانی "نەوەی نوێ و كۆن"ی ناو گۆڕان دەكرێت.
نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، 19ی ئەم مانگە ئایار/مایۆ لە شاری سلێمانی و لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، ئەگەرچی بزووتنەوەكە زیاد لە جارێك سووربوونی خۆیان لەسەر بەردەوامی ڕێبازەكەی و یەكگرتوویی گۆڕان دووپات كردەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی دەڵێن "دوای نەوشیروان مستەفا، بارودۆخی گۆڕان تێك دەچێت و ناكۆكییەكانی ناو ئەو حزبە دەتەقنەوە".
یەحیا ئەحمەد مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی و چاودێری سیاسی، ئاماژەی دا، چارەنووسی گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا باش نییە، بەتایبەت لە ناوخۆی بزووتنەوەكەدا تووشی شڵەژاوی دەبن و ناكۆكییەكان دەردەكەون.
ئەو بۆ "وشە" گوتی، "دۆخی ناوخۆیی گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا، زیاتر لە یەكێتی دوای جەلال تاڵەبانی خراپتر دەبێت، چونكە ناكۆكی ناوخۆیی ناو بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرا دیارن، لە مەودایەكی كورتدا بۆچوون و باڵە جیاوازەكانی ئەو حزبە لەبارەی مامەڵەیان لەگەڵ یەكێتی، حكوومەت و پارتی دەردەكەوێت".
بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی 2009 لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا و چەند هاوڕێیەكی دروست بوو كە لە یەكێتی جیا بووبوونەوە و لە پەرلەمانی كوردستاندا خاوەنی 24 كورسین.
سەرچاوەیەكی ناو بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "دوو ڕۆژە كاك نەوشیروان كۆچی دوایی كردووە، بەڵام ناكۆكییەكانی ناو گۆڕان لە سەردانیكردنی سەرۆكی حكوومەتەوە دەركەوت كە هات بۆ سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا".
"سیاسییە گەنجەكانی گۆڕان دژی پێشوازی بوون لە نێچیرڤان بارزانی، ڕەتیان كردەوە ئەو بێتە زەرگەتە و سەر گۆڕی نەوشیروان، بەڵام گرووپە كۆنەكەی تری ناو گۆڕان گوتیان دەبێت بە گەورەیی پێشوازی لێ بكرێت، بۆیە قسەی ئەوان سەری گرت و هەر كۆنەكانی گۆڕانیش پێشوازییان لێ كرد" سەرچاوەكەی "وشە" وای گوت.
زیاتر گوتی، "ئەوە لەو پرسەدا نەتەقییەوە، چونكە كاك نەوشیروان تازە مردووە، لە ئایندەدا و لە زۆر پرسی تردا ئەو ئاراستانە بەریەك دەكەون و كێشەكان دەتەقنەوە، بەتایبەتیش بەشێك لە سیاسییە كۆنەكانی گۆڕان لەگەڵ پێڕەوكردنی سیاسەتی نەرمن لەگەڵ یەكێتی و پارتی و بارودۆخی سیاسیی كوردستان، بەڵام گەنجەكان بە پێچەوانەوەن و ئەو ناكۆكییانە دەردەخات كە تا ئێستە نەوشیروان مستەفا كۆنتڕۆڵی كردبوو."
بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتی حكوومەتی هەرێمدا جگە لە سەرۆكی پەرلەمان، خاوەنی چوار وەزیر بوو، بەڵام بەهۆی ناكۆكییان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، وەزیرەكانی لە حكوومەت دوور خرانەوە و ڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمانیش كرا بچێتەوە دەوام لە هەولێر.
محەمەد عەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ئەو زانیارییانەی "وشە"ی ڕەت كردەوە و ڕای گەیاند، "لەناو گۆڕاندا بەرژەوەندیی پارە و پۆست نییە تا باڵ و ناكۆكیی دەربكەون".
ئەو گوتی، "هەڵسووڕاوانی گۆڕان دوای مەرگی نەوشیروان، كێبەركێ لەسەر پێشكەشكردنی زۆرترین خزمەت بە ڕیزەكەی و خەڵك دەكەن نەك ناكۆكی و دووبەرەكی."
سلێمانی- شاد كەیوان