لەیلا مەجیدی خاتوونە ئەكتەر، لە بوارەكانی سینەما و هونەری نواندن رۆِڵ دەبینێت و هەندێك جاریش وەك مۆدێلیست دەردەكەوێ. لە دیمانەیەكی "وشە"دا رای دەگەیەنێت كە ئەو بڕٍیاری داوە كاری هونەری بكات، بۆیە ئامادەیە هەموو رۆڵێك ببینێت و هەر بەریەككەوتن و جووڵەیەكیشی تیادا بێت. دووپاتی دەكاتەوە لە نێوان هاوسەر و هونەردا دووەم هەڵدەبژێرێت. مەجیدی دەڵێ "خەڵك هەیە بە خەیاڵی منەوە بژی، چونكە من كەسێكم بە بەردەوام كاری تازەم هەیە و تێكەڵی كۆمەڵگەم، چیرۆكی لەم شێوەیەم زۆرە، چەندان كەس هەن بە خەیاڵی منەوە شیعر دەنووسن و وێنە دەكێشن".
ئەگەر وەك سەرەتایەك زیاتر خۆت بناسێنی؟
لەیلا مەجیدیی كچە كوردێكی خۆماڵیم، بۆم گرنگ نییە لە كوێ لە دایك بووم و چۆن گەورە بووم، بەشی شێوەكاریم لە زانكۆی سنە تەواو كردووە، پاشان شانۆ، لە منداڵییەوە لە بواری شانۆ كارم كردووە زیاتر لە چالاكی قوتابخانەكان، تا ئێستە بەردەوامم لە كاری شانۆ و سینەما. ژیانی منداڵیم زیاتر لە سنە بەسەر بردووە، ناتوانم بڵێم بە كام تەمەنە زۆر زیاتر دڵخۆش بوومە، هەر ساتە و پڕە لە بیرەوەری و كاری جوان، ئەو كاتانە بۆ من زۆر زێڕین و جوانن كە كارێك دەكەم زۆر نزیكە لە كەسایەتی و دۆخی كۆمەڵایەتی ئەو ناوچەیەی تێیدا دەژیم.
ئەی سەرەتای هونەریت؟
سەرەتای كاری هونەریم بۆ تەمەنێكی زۆر منداڵیم دەگەڕێـتەوە كە لە چالاكی قوتابخانەكان بەشداری كاری شانۆیم دەكرد.
زۆر جار ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری تێكەڵ بە یەكتر دەكرێن و كێشە بۆ ژنان دروست دەكات، ئەوە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
ئەو پرسە پێوەندارە بە ناهۆشیاری و نابەرپرسیارێتی تاكەكانی كۆمەڵگە، وای نابینم لە وڵاتانی پێشكەوتوو خستنەڕوو و ئاشكراكردنی ژیانی نهێنی ببێتە گرفتێكی گەورە، بەڵام لە كوردستان زیاتر ئەو بابەتە جێی قسەكردنە و زۆر كەس بۆ بازاڕگەرمی ژیانی تایبەتی هونەرمەندان دەكەنە مانشێت و هەواڵی سەرنجڕاكێش، بەم هۆیەوە بەشێكی زۆر لە هونەرمەندان رووبەڕووی گرفت و كێشە دەبنەوە.
بەپێی ئەزموونی خۆت تا چەند لە كۆمەڵگەی كوردی ڕێز لە ژنانی هونەرمەند دەگیرێت بە بەراورد لەگەل كۆمەڵگەكانی تر؟
لە دنیای دەرەوە ڕێزگرتنێكی زۆر بۆ هونەرمەند هەیە، شانازییان پێوە دەكەن، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان بەهۆی كولتووری دواكەوتوو هیچ ڕێزێك بۆ هونەر دانەنراوە، بە بەردەوام كێشەیان بۆ دروست دەكەن.
لە فیلمی "نینۆكی سوور" بەشداریت كردووە وەك ئەكتەری سەرەكی و تێیدا رۆڵی ژنێكی عاشقت هەیە كە ناچارە خۆشەویستەكەی خۆی بكوژێَت، لە ژیانی ڕاستەقینە و تایبەتیت دەتوانی توندوتیژ بیت یان قوربانی بدەی؟
لە كورتە فیلمی "نینۆكی سوور"، رۆڵێكی زۆر تایبەتم هەیە و بكوژی خۆشەویستەكەمم، ئەگەرچی دژی توندوتیژیم، بەڵام ئەو فیلمە پەیامێكی تایبەتی تێدایە كە ژنانیش دەتوانن توڵەسێن بن لە بەرامبەر ئەو گرفتانە، وەك ئەوەی ڕۆژانە دەبینین ژنان دەبنە قوربانی، خۆشەویستی تێگەشتن و یەكتر قبووڵكردنە نەك قوربانی، بەڵام ئاشقێكی سەرسەخت بووم ئامادەم قوربانی بۆ بدەم.
لە فیلمی "سێبەری مانگ" رۆڵی كچێك دەبینی كە پیاوێك بە خەیاڵییەوە دەژیی، تا ئێستە بووە كەسێك لە راستیدا بە خەیاڵی تۆوە بژی؟
بە دڵنیایییەوە كەس هەیە بە خەیاڵی منەوە بژی، چونكە من كەسێكم بە بەردەوام كاری تازەم هەیە و تێكەڵی كۆمەڵگەم، چیرۆكی لەم شێوەیەم زۆرە، چەندان كەس هەن بە خەیاڵی منەوە شیعر دەنووسن و وێنە دەكێشن، بەڵام من نایانناسم، لە بیری مندا نین.
جگە لە بواری نواندن و ئەكتەری، وەك كچە كوردێك كێبەركێی جوانی نواندنی مۆدێل دەكەی لەگەڵ كچانی تورك و عەرەب و فارس و بیانی، لە كردنەوەی بازاڕی هاوچەرخی ئافرەتانی هەولێر حەزت نەكرد بەشدار بی، بەڵام دواتر بەشدار بووی، بۆچی؟
زیاتر بۆ ئەوە دەركەوتم و بەشداریم كرد كە دەیانگوت كورد نمایشكاری كچی نییە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ كولتووری دواكەوتووی كۆمەڵگە، دەیان كێشە بۆ ئەو كچانە دروست دەكرێ كە دەردەكەون، بەڵام من وەك وەڵامدانەوە بەشدار بووم تێیدا بۆ ئەوەی ئەو دەنگۆیانە ڕەت بكەمەوە گوایە كچی كورد لەو بوارەدا نییە و دەترسن و دوورەپەرێزن.
كەواتە لەو پێشبڕكێیەدا كە وەك كچە كوردێك دەركەوتی، چییان گوت كاتێ كێبەركێی ئەوان ترت كرد؟
ئەو وەڵامە لەلای بینەر و لیژنەی دادوەرییە، بەڵام دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو، چونكە دەركەوتنەكانی من وەك كچە كوردێك بوو، بەتایبەتی لە ساتی نمایشی جلی كوردی.
ئەگەر دەرهێنەرێكی كورد یا جیهانی داوات لێ بكات بەشداری فیلمێك بكەیت رۆڵی رۆمانسی بێت یا ماچ و باوەشی تێدا بێت، ئامادەی قبووڵی بكەیت؟
من ئەكتەرم و بڕیارم داوە كاری هونەری بكەم، ئامادەم هەموو جۆرە رۆڵێك ببینم، هەر جۆرە جووڵە و بەریەككەوتنێكی تێدا بێت، بە تایبەت كە دەرهێنەرێكی بیانی بێت، ئەوان زیاتر لە پەیامی هونەری تێدەگەن.
تا ئێستە لە چەند فیلم و بەرهەم بەشداریت كردووە و كام رۆڵت بەلاوە لە هەموویان خۆشەویسترە؟
باوەڕم بەهەموو ئەو كارە هونەرییانە هەیە كە بەشداریم تێدا كردوون، كارەكانم زۆر زۆرە ناتوانم ژمارەیەك بخەمە ڕوو.
كاری هونەریت بۆ ناوبانگ یا بۆ دەركەوتن و خزمەتكردنی هونەری كوردی بووە؟
بۆ هەردووكیان، كە هونەرم هەڵبژاردووە بۆ ئەوەیە خزمەت بكەم.
زۆر لە هونەرمەندان تووشی كێشە هاتوون بەهۆی دەركەوتن و كارە هونەرییەكانیان و لەلایەن بنەماڵە و جەماوەر بەشێوەیەكی تر سەیر كراون، تۆ چۆنی لەو رووەوە؟
بە بەردەوام ڕووبەڕووی كێشە بوومەتەوە، بە تایبەت لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، ئەكاونت بە ناوم دەكرێتەوە، بەڵام نەبووەتە هۆی وەستانم لە هونەر، كەسێك كە دەركەوت و بوو بە كەسایەتیی گشتیی، ئیتر كێشەی بۆ دروست دەبێت و دەبێ چاوەڕوانكراو بێت باسی بكەن .
زیاتر حەز دەكەیت لەگەڵ چ ئەكتەرێكی جیهانی رۆڵ ببینیت؟
ئارەزوو و خەیاڵی منداڵیم ئەوەیە لەگەڵ "ئەلپاچینۆ" رۆڵ ببینم، زۆر سەرسامم بە كەسایەتی و رۆڵەكانی.
ئەگەر هاوسەرگیری بكەیت و هاوسەرەكەت بڵێت واز لە كاری هونەری بهێنە، چی وەڵام دەدەیتەوە؟
كاری هونەری هەڵدەبژێم، بەلای كەسێكدا ناچم كە كاری هونەریم لێ قەدەغە بكرێت.
لە بەرهەمێكی شانۆیی نوێدا بەشداریت كردووە و گۆرانی دەڵێی، ئایا دەنگی خۆت پێ خۆشە؟ یان ئەزموونێكە و دەتەوێ گۆرانیبێژیش بیت؟
زۆر كات گۆرانی بۆ خۆم دەڵێم، بەڵام بیرم لەوە نەكردووەتەوە لە داهاتوو گۆرانی بڵێم.
ژنانی هونەرمەندانی كورد تا چەند توانیویانە ئەكادیمی و زانستییانە كاری هونەری بكەن و گرنگی بە كارەكانیان بدەن؟
سەرەڕای ئەو هەموو گرفت و كێشەیەی دووچارمان دەبێ، بەڵام توانیومانە كاری باش بكەین، ئەزموونی باشمان هەیە، ئەگەرچی زۆر كات ئەوانەی ئەكادیمیا تەواو دەكەن، دواتر كاری هونەری ناكەن.
بۆچی زیاتر لە رۆڵەكانتدا ئازارەكانی ژنان هەڵدەبژێری؟ .
من گوزارشت لە واقیع و دۆخی كۆمەڵایەتی دەكەم، دەمەوێت ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببمەوە.
هەندێك لە ڕۆڵەكانت بەجلی نیمچەڕووت و لەسەر تەختەی خەوتن دەردەكەویت كە لای ژنان ئەستەمە، خۆت چۆنی دەبینیت؟
لەم كۆمەڵگەیە ئەستەمە، بەڵام كاری هونەری بریتییە لە بەرجەستەكردنی رۆڵەكان، پێویستە بەربەستەكان تێپەڕێنین.
ئەی بۆچی ژنانی هونەرمەندانی كورد نابن بە ئەستێرەی دیار؟
هۆكار زۆرن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ئێمە هێشتا كولتوورێكی تایبەت بە هونەرمان نییە، بە باشی لە پەیامی هونەری تێنەگەشتووین، گرنگییەكی باش بە هونەر نەدراوە، كەسانی هونەرمەند ڕێزیان لێ نەگیراوە، زۆر كاتیش هونەرمەندان دەڕۆن هونەرمەندی بیانی دێنن و دەیانكەن بە ئەستێرە.