وەزارەتی دارایی عێراق لەبەردەم هەرەسهێناندایە

:: AM:09:47:01/06/2017 ‌
ئێستە پۆستی وەزیری دارایی عێراق و جێگرەكەی و 17 پۆستی تری ئەو وەزارەتە بەتاڵن و هەندێكیان بە وەكالەت بەڕێوە دەچن. پەرلەمانتاران وریایی دەدەن لەوەی ئەگەر كار وا بڕوات،"ئەوە وەزارەتەكە لە رووی كارگێڕی و پیشەیییەوە هەرەس دێنێت".

جەواد بۆڵانی پەرلەمانتاری عێراق لە لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان بە"وشە"ی راگەیاند كە 17 پۆست لە وەزارەتی دارایی بەهۆی پشكپشكێنەی سیاسییەوە بەتاڵن. ئاشكرای كرد "وەزارەتەكە بێ وەزیر و بریكاری وەزیر و راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتییە و زۆرینەی ئەوانە بە وەكالەت كار بەڕێ دەكەن، ئەوەش وای كردووە ئەو وەزارەتە پەكی بكەوێت و پێشبینی هەرەسهێنانی لێ بكرێت".
ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق وەزیری نییە و وەزیری وەكالەتیش لە هەفتەیەكدا رۆژێك یان دوو رۆژ دەوام دەكات، بۆیە كارەكان وەك پێویست ناڕۆن، لەڕووی زانیارییەكانیشەوە لە لیژنەی دارایی روونكردنەوەیەكم داوە لەسەر زانیاری و داتاكانی وەزارەتی دارایی عێراق كە بەهیچ شێوەیەك جێی باوەڕ نین، جگە لەوەش ژمارەی فەرمانبەرانی ورد نییە، بڕی قەرزەكانی عێراق كە وەری گرتوون ورد نییە، داهاتەكانی لە بودجە باس دەكرێت ورد نییە، بۆیە پێم گوتوون كە بەهیچ شێوەیەك بە تەواوەتی پشت بەو داتایانە نەبەستن.
حاجی رەشید روونی كردەوە "وەزارەتی دارایی عێراق وەزارەتێكی شكستخواردووە و ئێستە كارەكانی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە رێی ئەو بریكارەوە بەڕێوە دەبرێت، بۆیە كەمتەرخەمی زۆری تیادایە، بەڵام كە دەگوترێت هەرەسهێنان ورد نییە، چونكە وەزارەت هەرەس ناهێنێت، بەڵكو حكوومەت هەرەس دێنێت".
ئەو پەرلەمانتارە كوردە دووپاتی كردەوە كە پۆستی وەزیری دارایی هی پارتییە و كەسی بۆ دیاری نەكردووە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران پێی خۆشە كەس بۆ پۆستەكە دیاری نەكرێت بۆئەوەی خۆی سەرپەرشتی تەواوی چالاكییەكانی وەزارەتەكە بكات.
"كێشەكە ئەوەیە ئەگەر وەزیر نەبوو، وەكیل وەزیر كارەكانی دەكات، ئەویش نایەوێت بەرپرسیارەتی تەواوی ئەو پۆستە بگرێتە ئەستۆ، ئەگەرنا بە دانانی وەزیرێك زۆر كێشە چارەسەر دەبن، بۆیە پێویستە وەزیرێك بۆ ئەو وەزارەتە دیاری بكرێت، واتە ئەگەر پارتی ئامادە نەبوو كەسێك دیاری بكات، عەبادی كەسێكی تر بۆ پەرلەمان بخاتە روو تا دەنگی بۆ بدرێت" حاجی رەشید وای گوت.
هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دارایی عێراق لەسەر پشكی پارتی بە پیلانێكی مالیكی لە پەرلەمان رووبەڕووی پرسیار و وەڵام كرایەوە و دواترلە ئەیلوولی 2016 بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق متمانەی لێ وەرگیرایەوە.
عەرەفات كەرەم فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق لە دۆخێكی خراپدایە لەبەر چەند هۆكارێك، یەكەم عێراق بە بەردەوام یەدەگی دراوی بانكی ناوەندی رادەكێشێت بۆ مووچە و پڕكردنەوەی خەرجییەكان، ئەوەش مەترسییە لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات، هەروەها كاتێك هۆشیار زێباری وەزیر بوو، پێوەندی دەرەكی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا باش بوو، ئێستە كە نەماوە رۆژئاوا وەك پێشتر مامەڵە لەگەڵ وەزارەتەكەدا ناكات، بۆیە ئێستە دۆخی ئابووریی عێراق خراپە و ئەگەر كار وا بڕوات مەترسی داڕووخان لەسەر ئابووری عێراق دەكرێت.
زیاتر گوتی، هۆی سەرەكی بوونی مەترسی لەسەر ئابووریی عێراق گەندەڵییە، پرسیارەكە ئەوەیە كە بۆچی عێراق كە دەوڵەتە و پارەی یەدەگی بانكی ناوەندی رادەكێشی و قەرزی دەرەكی وەردەگرێت مەترسی داڕووخانی لەسەرە، هۆكەی ئەوەیە عێراق هیچ پڕۆژەیەكی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نییە..
كەرەم لەبارەی هۆی پڕنەكردنەوەی پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق لەلایەن حزبەكەیەوە، گوتی، بەغدا رێگر نییە لە دیاریكردنی كەسێكی تر وەك وەزیری دارایی عێراق و حەزیش دەكات، بەڵام وەك پارتی رامانگەیاندووە كە پێویستە بنەڕەتی كێشەكە چارەسەر بكەین كە بریتییە لە هاوبەشی نیشتمانی، چونكە بنەڕەتەكە تێك چووە، بۆیە دەبێت ئێمە بەشێك بین لە عێراق و بڕیاردان تیایدا لە داهات و سامان و لە دەسەڵات و هیتریش.
لای خۆیەوە عەبدولقادر محەمەد پەرلەمانتاری كورد و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق،بۆ "وشە" وێڕای ئاماژەدان بە "لە رووی بوونی كێشە لەناو وەزارەتی دارایی عێراق، راستە كێشە هەیەو ئێستە وڵات بە دۆخێكی داتەپینی داراییدا تێپەڕ دەبێت"، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە "بەو جۆرە نییە كە مەترسی هەرەسهێنانی وەزارەتەكەی لێ بكرێت".
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات كە پۆستەكانی دارایی و زۆر پۆستی تر لە حكوومەتی عێراق بە وەكالەت بەڕێوە دەچن و ئەوەش نایاسایییە، وەك پەرلەمان داوامان لە حكوومەت كردووە ئەو جۆرە بەڕێوەبردنە چارەسەر بكات و زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانیش ئەو خواستەیان هەیە. بەڵام بۆچی ناكرێ؟ بەگوتەی محەمەد "حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران گوێی بەوە نەداوە، ئەوەش جۆرێكە لە پێڕەوكردنی مەركەزیەتی كارگێڕی، ئەو دەیەوێت بەو شێوەیە كەسانی سەربەخۆی لەو پۆستانە دابنێت".
عێراق بەهۆی جەنگی داعش و دابەزینی نرخی نەوتەوە، تووشی تەنگژەیەكی سەختی دارایی هاتووەتەوە



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل