ئادار تونگ: بوون بە شێوەكار هەست و ڕۆحێكی هونەری دەوێت

:: AM:11:56:01/06/2017 ‌

هونەرمەندی شێوەكار ئادار موسڵیح ئەحمەد ناسراو بە "ئادار تونگ" لە ساڵی 1998 لە شارۆكەی شێخانی پارێزگای دهۆك لە دایك بووە، چوار ساڵ بەر لە دایكبوونی ماڵباتەكەی بەهۆی شەڕی پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا، ئاوارەی باشووری كوردستان دەبن. ئێستە لەگەڵ پەنابەرانی باكور لە كەمپی مەخموور نیشتەجێن. ئەم كچە گەنجە خاوەنی چەندان تابلۆی جوان و پێشانگەی تایبەت و هاوبەشە، لەم دیمانەیەی "وشە"دا وەڵامی چەندان پرسیار دەداتەوە.

وەك سەرەتایەك پێناسەیەكی خۆت بۆ خوێنەران بكەیت؟
ئادار تونگ، ساڵی 1998 لە شێخان لە دایك بووم، بەڵام چوار ساڵ بەر لە دایكبوونم، واتا لە ساڵی 1994 ماڵباتەكەم بەهۆی شەڕی پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا ئاوارەی باشووری كوردستان بوون، چونكە ئەوكات سیاسەتی دەوڵەت داوای كرد خەڵكەكە بەهۆی شەڕەوە گوندەكان چۆڵ بكەن، بۆیە ماڵباتەكەم ئاوارەی باشوور بوون، هەروەها قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییم لە مەخموور تەواو كردووە، ئێستەیش قوتابیی قۆناغی یەكەمم لە كۆلێژی پزیشكی ددانسازی لە شاری هەولێر.

لە كەیەوە دەستت بە تابلۆ نەخشاندن كردووە؟
هەر لە سەرەتای خوێندنەوە بەهۆی حەز و خولیام بۆ هونەری وێنەكێشان، دەستم بەو هونەرە كردووە، بەڵام لە ساڵی 2007 – 2008 كە ئەوكات پۆلی دووەمی بنەڕەتی بووم، مامۆستایەكم ناسی بە ناوی "جەنگیز" خاوەنی سەنتەرێكە لە مەخموور، ئەوكات ئەو مامۆستایە قوتابیی كۆلێژی هونەرە جوانەكان بوو لە هەولێر، هەروەها ئەو سەنتەرەی من خۆم تێیدا پێ گەیاند تا ئێستە 60 قوتابیی هەیە، منیش لە ساڵی 2007وە تا ئێستە لەو سەنتەرە كار دەكەم و خۆم فێری هونەری وێنەكێشان كردووە.

تا ئێستە پێشانگەی تایبەتیت كردووەتەوە؟
خاوەنی دوو پێشانگەی تایبەتم، ساڵی 2015 پێشانگەیەكی تایبەتم لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان كردەوە لەسەر ئەركی خۆم، ساڵی 2016 بە سپۆنسەری هاوكار گرووپ پێشانگەیەكی ترم لە گەلەریی شانەدەر لە هەولێر كردەوە، هەروەها ساڵی 2009 – 2010 بەشداری چەندان پێشانگەی هاوبەشم كردووە لە فڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا، چەند تابلۆیەكیشم فرۆشراون لە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەو پارەیەی لە ڕێی تابلۆكانمەوە دەستم كەوتوون، كردوومن بە دیاری بە مەبەستی هاوكاری ئەو سەنتەرەی منی وەك شێوەكار پێ گەیاند. ساڵی 2010 لە فڕەنسا بەشداری پێشبڕكێی "جوانێن كورد"م كرد و تیایدا پلەی یەكەمم بەدەست هێنا، بەنیازم لە داهاتوویەكی نزیكدا پێشانگەیەكی تایبەت لە سویسرا بكەمەوە.

چ جیاوازییەك لە نێوان تابلۆكانی خۆت و كەسانی ئەكادیمی دەبینی لە كاتێكدا خۆت ئەكادیمی نیت؟
ڕاستە من لە هونەری شێوەكاریدا ئەكادیمی نیم، تەنیا لە سەنتەری ڕۆشنبیری خۆم فێری هونەری شێوەكاری كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ جیاوازییەك لە نێوان تابلۆكانی خۆم و ئەكادیمییەكان نابینم، تەنیا جیاوازییەكە ئەوەیە ئەوانەی ئەكادیمی نین، بەگوێرەی هەستەكانیان ڕەنگ دەدەنە تابلۆ، واتا هەر فڵچەیەك كە لە تابلۆكانیان دەدەن، هەستێكی تایبەتیان تێدا هەیە.

ئەوانەی دەبن بە شێوەكار مەرجە لە پەیمانگە و كۆلێژی هونەر بخوێنن؟
هەموو كەس دەتوانێ‌ بچێتە زانكۆ و پەیمانگە هونەرییەكان بۆ ئەوەی فێری هونەری شێوەكاری ببێت، بەڵام ئەگەر هەست و ڕۆحێكی هونەریی نەبێت، ناتوانێ ببێتە شێوەكارێكی سەركەوتوو، بەپێچەوانەوە ئەوانەی ئەو هەست و ڕۆحەیان تێدایە بەبێ‌ ئەوەی بچنە زانكۆ یان شوێنێكی ئەكادیمیش، دەتوانن ببنە هونەرمەندێكی سەركەوتوو لە بواری شێوەكاریدا.

قەڵەمی جیاواز بەكار دێنی بۆ كێشان، بۆ؟
زیاتر بە پێنووسی دار، هەروەها رەنگی ئاوی (پاستێل) و ڕەنگی نەفتی تابلۆكانم دەكێشم، لە هەمانكاتدا زیاتر بە شەفرە كارم كردووە، هاوكات زۆر گرنگی بەشێوەی سوریالیزم دەدەم، ئەو شێوازە وەك ئەوەیە كاتێك سەیری ئەو جۆرە تابلۆیە دەكەی، وێنەكە دیار نییە و چەندان مانای جیاوازی تیادا بەدی دەكرێت.

لە ڕێی هونەرەكەتەوە هەست بەوە دەكرێ كار لەسەر ژن دەكەی؟
تابلۆكانم ڕەنگدانەوەی ژنانی كۆمەڵگەكەمە، واتا ژن و هونەر یان ژن و موزیك، ژن پێویستی بە پێناسە هەیە، منیش ویستم لە ڕێی هونەر و تابلۆكانمەوە پێناسەی ژن بكەم، دەمەوێت ژنان لە كۆمەڵگەكەم ئازاد بن، چونكە ئەگەر ژن ئازاد نەبێت، كۆمەڵگەی ئازاد نابێت.


وشە/ محەمەد جەمال






وشە - تایبه‌ت