بەوێنە.. یەكەم فێستیڤاڵی باڵندە لە كوردستان ساز دەكرێت

:: PM:01:46:27/10/2016 ‌

دوای سازكردنی چەندان فێستیڤاڵی هونەری و كولتووریی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستاندا، لە ئێستەدا یەكەم فێستیڤاڵ بۆ باڵندە ساز دەكرێت.

لەوبارەیەوە سۆران جەمال یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاریی فێستیڤاڵی ناوبراو بە"وشە"ی راگەیاند: ئامادەكاریمان كردووە بۆ سازكردنی یەكەم فێستیڤاڵی باڵندە لە كوردستاندا، ئەو فێستیڤاڵە یەكەم هەنگاوە بەشێوازێكی پێشكەوتوو كە تەنیا پشت بەئەزموون و تاقیكردنەوەی بەخێوكەرانی باڵندەی كوردستان دەبەستێت .

هەروەها گوتی، دەمانەوێت ئێمەش وەك هەموو وڵاتانی دنیا بێبەش نەبین لەو جۆرە فێستیڤاڵانە كە هۆكاری سەرەكییە لەبەرەوپێشچوونی ئەو ئارەزووە جوانە، هەروەها دەمانەوێ بیسەلمێنین كە بەخێوكەری باڵندە لە كوردستان یەكسانە بەئاستی بەخێوكەرانی باڵندە لە دنیادا. بۆیە بانگهێشتی هەموو كەسایەتییە ناسراوەكانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و كونسوڵی وڵاتان و میدیاكان بۆ ئەو فێستیڤاڵە دەكەین. 

ئاماژەی دا، ئامانجمان لەو فیستیڤاڵە ئاشناكردنی تاكی كورد بەهەموو ئەو جۆرە باڵندانەی كە لە سروشتی كوردستاندا هەن وەك سەرمایەیەكی سروشتی كوردستان، هەروەها بانگهێشتكردنی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ دەكەین تا بتوانین نزیكبوونەوە لە نێوان بەخێوكەرانی باڵندە و لایەنە پێوەندیدارەكان دروست بكەین و گفتوگۆ بكرێت تا بتوانرێ ئەو ئارەزووە جوانە لە كوردستان بەرەوپێش ببەین.
 
هەروەها روونی كردەوە، ئەو فێستیڤاڵە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، باڵندەكان بۆ بەشداریكردن تێیدا ڕۆژێك پێش دەسپێكی فێستیڤاڵەكە وەردەگیرێن و لەلایەن لیژنەی شارەزاوە نمرەیان بۆ دادەنرێت و یەكەم و دووەم و سێیەم دەستنیشان دەكرێت، دواتریش خەڵاتی تایبەت دابەش دەكرێت .

چالاكییەكانی ئەو فێستیڤاڵە بریتین لە نمایشكردنی باڵندەی جۆراوجۆر. هەروەها هەرسێ ڕۆژ سیمیناری تایبەت ساز دەكرێت لەبارەی بەخێوكەرانی باڵندە لە كوردستان و دنیا. هەروەها تاوتوێكردن و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ پاراستنی باڵندە كێوییەكانی كوردستان كە مەترسی زۆریان هەیە لە لەناوچوون. هەروەها بەشێكی تایبەت بەكڕین و فرۆشتنی باڵندەی بەخێوكەران دەكرێتەوە و هاوكات ئامادەكردنی چالاكیی گونجاو بۆ منداڵان بۆ ئاشناكردن و دروستكردنی پێوەندی بەهێز لەگەڵ سروشتی كوردستان و باڵندە . 

دوێنێ چوارشەم 26/10 یەكەم ڕۆژی دەسپێكی ئەو فێستڤاڵە بوو و تا 28/10 لە چوارباخ لە یاریگەی سلێمانی و هۆڵی فایەقی قەساب لە شاری سلێمانی، ڕۆژانە سەعات 10ی بەیانی دەست پێ دەكات و تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت .

وشە/ شاخەوان شێخانی
















وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د